هەڵمەتی زیادکردنی ڕێژەیی سەوزایی بۆ هەولێر بەردەوامە`

چواس خالید – هەولێر

له‌ هه‌ولێر به‌ تێچووی زیادتر له‌ شه‌ست و حه‌وت ملیۆن دینار، له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگای هه‌ولێر، چه‌ند كۆڵانێك له‌ گه‌ڕه‌كی دووسه‌ره‌ فه‌تاح كۆنكرێت ده‌كرێت و هه‌ڵمه‌تی سه‌وزكردن له‌ شه‌قامی به‌حركه‌ له‌ نێوان شه‌قامه‌كانی ١٢٠ مه‌تری و ١٥٠ مه‌تری ده‌ستی پێكردووه‌، ئێستا ڕێژه‌ی سه‌وزایی شاری هه‌ولێر ٢٠%ه‌.

له‌ به‌رده‌وامی گه‌یاندنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری بۆ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌مه‌ڕ جێبه‌جێكردنی فه‌رمانه‌كانی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری زیادتر به‌ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، له‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگای هه‌ولێر، گوژمه‌ی شه‌ست و حه‌وت ملیۆن و هه‌شت سه‌د و بیست و پێنج هه‌زار دیناری عێراقی، بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی كۆنكرێت كردنی چه‌ند شه‌قامێك له‌ گه‌ڕه‌كی دووسه‌ره‌ فه‌تاح ته‌رخانكرد.
پڕۆژه‌ی كۆنكرێتكردنی چه‌ند كۆڵانێكی دووسه‌ره‌ فه‌تاح، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنووری شاره‌وانی شه‌مامك، ده‌ست به‌ ڕۆنانیكرا و له‌ چه‌ند ڕۆژی دادێ ده‌خرێته‌ خزمه‌ت دانیشتوانی ناوچه‌كه‌وه‌.
ئه‌و شه‌قامانه‌ی كه‌ پێشتر به‌هۆی درێژبوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی ته‌نگژه‌ی دارایی، هه‌ر به‌ خۆڵ مابوونه‌وه‌ و له‌ وه‌رزی زستانان ڕێگه‌كردن پێیاندا ئه‌سته‌م و ده‌رده‌سه‌ری بوو بۆ دانیشتوانی، حكوومه‌تی هه‌رێی كوردستان له‌و ده‌رده‌سه‌رییه‌ی ئه‌رخه‌یان كردن.
جیا له‌وه‌ و له‌چوارچێوه‌ی گرینگیدانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌وزایی و پاكڕاگرتنی شار، هه‌ڵمه‌تی سه‌وزكردنی شاری هه‌ولێر به‌رده‌وامه‌.
له‌و به‌رنامه‌یه‌دا ئێستا هه‌ڵمه‌تێك بۆ سه‌وزكردنی شه‌قامی به‌حركه‌، له‌ نێوان هه‌ردوو شه‌قامی سه‌ره‌كی ١٢٠ مه‌تری و ١٥٠ مه‌تری هه‌ولێر، ده‌ستی پێكردووه‌ و له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا زیادتر له‌هه‌زار و پێنج سه‌د داری جۆری ئه‌لبیزیا و سیسه‌م ده‌چێندرێت، كه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووشدا له‌ نێوان شه‌قامی ١٠٠ مه‌تری و ١٢٠ مه‌تری هه‌ولێر، نزیكه‌ی هه‌زار دار چێندراوه‌.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ گرنگیدانی به‌ كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ و گه‌شتیاری و پیشه‌سازی و ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ و هتد…، گرنگییه‌كی به‌رچاوی به‌ سه‌وزكردنی شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان داوه‌ و ئێستا به‌پێی پێوه‌ر، ڕێژه‌ی سه‌وزایی له‌ هه‌ولێری پایته‌خت، ٢٠%ه‌ و به‌ ته‌واو بوونی ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه‌ش، كه‌ تا كۆتایی ساڵ به‌رده‌وام ده‌بێت، ڕێژه‌ی سه‌وزایی ئه‌و شاره‌ زیادتر ده‌بێت.
به‌ پێی پلان و به‌رنامه‌ی بۆداڕێژراو، ئامانج به‌رزكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌یی سه‌وزایی شاری هه‌ولێر بۆ ٥٠%ه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ژینگه‌ی شاره‌كه‌ پاك ده‌بێته‌وه‌ و شاره‌كه‌ش دره‌وشاوه‌تر و جوانتر ده‌كرێت بۆ دانیشتوانی و دیمه‌نێكی دڵگیرتر له‌ هزری سه‌ردانیكه‌رانی ده‌گرێت.
هاوكات له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا و له‌ ١٨ی ئایاری ٢٠٢٤، به‌ ئاماده‌بوونی ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر، هه‌ڵمه‌تی سه‌وزكردنی به‌شێكی دیكه‌ی شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری هه‌ولێر له‌سه‌ر ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی موسڵ ده‌ستیپێكرد و ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان گوتی، ئێمه‌ لێره‌ین بۆ هه‌ڵمه‌تی سه‌وزكردنی پارك و سه‌وزایی شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری ڕێگه‌ی موسڵ، كه‌ هه‌موو ئه‌و پڕۆژانه‌ له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ و ڕێنوێنی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ ده‌كرێت، ئه‌و گوتی، ” تێچووی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌لایه‌ن نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانه‌وه‌ دابینكراوه‌”.
به‌ مه‌به‌ستی زیادكردنی ڕێژه‌ی سه‌وزایی و بایه‌خدان به‌ ژینگه‌ و جوانتركردنی سیمای شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ١٤ی ئایاری ٢٠٢٤یش، له‌ ڕێوڕسمێكدا، پڕۆژه‌ی سه‌وزكردنی ئاڵوگۆڕكه‌ری شه‌قامی سه‌د و په‌نجا مه‌تری ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ولێر- شه‌قڵاوه‌ كرایه‌وه‌.
پڕۆژه‌كه‌ له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بوو، كه‌ به‌گوژمه‌ی زیادتر له‌ سێ ملیار و شه‌ش سه‌د و نه‌وه‌ت ملیۆن دینار جێبه‌جێكرا و یه‌كێكه‌ له‌ پڕۆژه‌ گه‌وره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر.
له‌ پڕۆژه‌كه‌دا زیادتر له‌ چل و پێنج هه‌زار داری گه‌وره‌ و بچووك چێندراوه‌ و له‌گه‌ڵ چاندنی بیست هه‌زار گوڵی جۆراوجۆر، هاوكات له‌ ڕووبه‌ری بیست و سێ هه‌زار مه‌تر چیمه‌نی هه‌میشه‌ سه‌وز چێندراوه‌، له‌ پڕۆژه‌كه‌دا دوو بیری ئاو و دوو عه‌مباری ئاو و سیسته‌می ئاودان هه‌نه‌.