بەشی دووەم و کۆتایی
العربیە: لەم دواییانە هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی بۆردومان بووەوە بە پاساوی بوونی بارەگای مۆسادی ئیسرائیلی، چەند ڕۆژێكیش سەردانێكی سەرۆكی ئێران هەبوو، ئایا هەموو ئەم خاڵە جێی مشتومڕانە كۆتاییان پێهێنراوە؟ مەترسیی ئێران لە لایەك و هەرێمی كوردستانیش دەڵێت كە رێگە نادات زەوییەكانی وەك خاڵی هێرشكردنە سەر ئێران بەكار بهێندرێت، ئایا بۆ لایەنی ئێرانتان ڕوون كردەوە كە ئەوەی ئەوان دەیڵێن ناڕاستە؟
سەرۆکی حکوومەت: ئێمە هەڵوێستمان زۆر ڕوون و ڕاشكاو بووە، لە ڕۆژی یەكەمەوە گوتوومانە و ئێستاش دەیڵێینەوە كە هەرێمی كوردستان هیچ بنكەیەكی ئیسرائیلی لەخۆوە نەگرتووە و هیچ بنكەیەكیان لە هەرێم نییە. زۆر لێكۆڵینەوە لەمباریەوە لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵی كران، شاندەكانی بەغداد سەردانی ئەو ناوچانەیان كردووە كە بە مووشەك بۆردومان كراون، شاندی هەرێمی كوردستانیش یاوەرییان كردوون. لە ئەنجامدا، هیچ بەڵگەیەكیان دەست نەكەوتووە و ئەنجامەكانیان ڕاگەیاندووە كە دەیسەلمێنێت ئەم بابەتە هیچ ڕاستییەكی تێدا نییە.
پاساوەكە هەرچی بێ و هۆكارەكە هەرچی بێ، ئەگەر پاساوەكە بەهۆی زانیاریی هەڵەوە بووبێت یان بەهۆی ئامانجێكی دیكە بێت، پاساوەكە هەرچی بێت، هێرشەكە زاڵمانە و توند بوو لەسەر هەرێمی كوردستان. ئەو تۆمەتەی كە ئاراستەی هەرێمی كوردستان كرا، ڕاست نەبوو. لەم ماوەیەشدا داوامان لە كۆماری ئیسلامیی ئێران كرد ئەو بانگەشانەیان بە بەڵگەوە بسەلمێنن، تاوەكو ئێستا هیچ بەڵگەیەكیان نەخستۆتە ڕوو كە بیسەلمێنێت ئەوەی بانگەشەی بۆ دەكەن بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان ڕاست بێت. حكوومەتی فیدراڵیش شایەدە لەسەر ئەم بابەتە و لیژنەكانی لێكۆڵینەوەیان سەلماندوویەتی كە ئەم بانگەشە و تۆمەتانە ڕاست نین. بۆیە هیوادارم باوەڕیان بەم بابەتە بێت.
هەرچی سەردانەكەی سەرۆكی ئێرانە، من پێموایە ڕووداوێكی نوێ و گرنگ و باشە، ئێمە بەوپەڕی گەرمییەوە پێشوازیمان لێكرد، هیوادارم ئەم سەردانە سەرەتایەكی باش بێت بۆ باشكردنی پەیوەندییەكان و سەرلەنوێ جێگیركردنی پەیوەندیی دراوسێیەتیی باش لەسەر بنەمای هاریكاری و ڕێزلەیەكترگرتن، دوو دراوسێی باش بین.
العربیە: خاڵێكی دیكەی ئەمنی هەیە كە هێشتا لەسەر هەرێمی كوردستان بە داخراوی ماوەتەوە، پارتی كرێكارانی كوردستان، شاندێكی ئەمنی، دیپلۆماسی و سیاسی چەند ڕۆژێك لەمەوبەر چوونە توركیا و ئێستا عێراق دەیەوێ لەگەڵ لایەنی توركی ڕێككەوتنێك واژۆ بكات. تا چەند ڕێككەوتننامەی شنگال جێبەجێ نەكراوە؟ تا چەند پارتی كرێكارانی كوردستان ئاستەنگی ئەمنی بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەكات؟ لە هەمان كاتدا لایەنی كوردیش هەن كە سوود لە بوونی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان دەبینن؟
سەرۆکی حکوومەت: زۆر بەداخەوە، بەڵام بوونی پەكەكە لە بەرژەوەندیی خۆیان و لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و ئاسایشی ناوچەكە نیە، بە تایبەتیش كە ئەوان ئێستا لە هەندێك ناوچەدان كە هیچ پەیوەندییەكی بەو ئەجێندا سیاسییەوە نییە كە بانگەشەی بۆ دەكەن. بۆ نموونە ئەوان لە شنگالن، چی دەكەن لەو ناوچەیە؟ چی دەكەن لە خانەقین و ئەو ناوچانەی لە سنوورەكانی توركیا دوورن؟
بە ڕاشكاوی، بوونیان زۆر حەساسیەتی بۆ توركیای دراوسێمان دروست كردووە، زۆر لە كردەوە سەربازییەكانیشی توركیاش لە ناوچە سنوورییەكانە و هەندێكجار لە قووڵایی هەرێمی كوردستانە، پاساوەكەش بوونی هێزەكانی پەكەكەیە. ئێمە ڕێككەوتنمان لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی واژۆ كرد كە ڕێككەوتننامەی شنگالە، بەڵام بەداخەوە جێبەجێ نەكرا. لە ڕێككەوتنەكەدا خاڵێك هەیە كە دەڵێت (لەسەر هەموو گرووپە چەكدارە نایاساییەكانە لەو ناوچەیە دەربچن، تەنیا هێزە فەرمییەكانی حكوومەتی فیدڕاڵی و پێشمەرگە بمێننەوە). بەڵام ئێمە دەبینین مانەوەی ئەو گرووپانە بەردەوامە، ئەوەش ئاستەنگ بۆ گەڕانەوەی خەڵكی شنگال و سەرلەنوێ ئاوەدانكردنەوەی دروست دەكات.
بابەتەكە تەنیا ئەمنی نییە، بابەتەكە بە سیاسی كراوە، بۆیە جەخت لە زەروورەتی جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال دەكەینەوە كە دەبێتە سەرەتایەكی راستەقینەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەو ناوچانەی كە پێیان دەگوترێ ناوچەی كێشەلەسەر.
العربیە: چی دەڵێن لەبارەی پەیوەندیی هەندێك حزبی كوردی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان و پشتیوانییان بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان و ئەو قسەیەی كە ئێستا دەكرێت بەوەی بارەگایان لە سلێمانی هەیە؟
سەرۆکی حکوومەت: من هیوادارم پرسیار لەوان بكەیت كە بۆچی ئەم هەڵوێستەیان هەیە و بۆچی ئەم پەیوەندییەیان دروست كردووە؟ وای نابینم كە ئەم پەیوەندییە لە بەرژەوەندیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و تەنانەت عێراقیش بێت، هیوادارم بەم سیاسەتەدا بچنەوە. ئێمە بەردەوام گوتوومانە كە مافی گەلی كوردستان ڕەوایە، بەڵام ئێمە لەگەڵ هیچ هەنگاوێكی تێكدەر نین نە لێرە و نە لە هیچ شوێنێكی تر.
العربیە: خاڵێكی دیكەی گرنگ هەیە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە، نیازێك هەیە لە لایەن حكوومەتی عێراق بۆ كۆتاییهێنان بە بوونی ئەو هێزانە لە 2025-2026، چۆن سەیری كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و دەرچوونی لە عێراق دەكەن؟ ئایا عێراق ئامادەیە بۆ كشانەوەی ئەو هێزانە؟ لە كاتێكدا چەند ڕۆژ لەمەوبەر چەندان ئۆپەراسیۆن دژی ڕێكخستنەكانی داعش هەبوون و زۆر لە سەركردەكانی ئەو ڕێكخراوە لە بیابانی ئەنبار كوژران، ئایا پێتانوایە كە هێشتا داعش مەترسییە و عێراق پێویستیی بەو هێزانەیە؟
سەرۆکی حکوومەت: پێموایە هێشتا مەترسیی تیرۆریزم لەسەر عێراق كۆتایی نەهاتووە، لەوانە داعش کە مەترسییەكی ڕاستەقینەیە لەسەر ئاسایشی عێراق و ناوچەكە، هەروەك دەزانن كە قاعیدە لەو ناوچانە بووە پێش داعش، پێش ئەوانیش ئەنساڕولسوننە هەبوون، هەر یەك لەو ڕێكخراوانە كە لە دوای یەك هاتن، دڕندەترن. هەندێك لە عێراقییەكان چوونە پاڵ داعش لەپێناو تۆڵەكردنەوە. تۆڵەكردنەوە لە ڕژێمێك كە نەیدەتوانی تەقەبوڵی بكات و هەزمی بكات. ئەم هۆكارە هانی هەندێكی دا كە بچنە پاڵ لایەنێك یان حزبێكی توندڕەو یان گرووپێكی تیرۆریستی. ئەو هۆكارانەن كە پێویستە سەرنجیان بخەینە سەر. ئەمە وێڕای ئەو گۆڕانكارییە دیمۆگرافییەی هەبووە. بەڵام ئایا بەسەر گەندەڵیدا زاڵ بوون؟ یانیش چارەسەری هەژاری و نادادپەروەری كراوە؟ لەبەر بوونی ئەو هۆكارانە، خەڵك بیر لە تۆڵەكردنەوە دەكەنەوە، لایەنە تیرۆریستییەكانی وەك داعش و غەیری ئەوانیش ئەم بابەتە دەقۆزنەوە.
ئەمڕۆ دۆخی ئەمنی لە عێراق باشترە و ئەدای هێزە ئەمنییەكانیش باشترە، بەڵام ئایا گەیشتۆتە ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییە تیرۆریستییەكان؟ تا ئێستا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە، چونكە مەترسییەكانی تیرۆر تەنیا لە داعش كورت ناكرێتەوە. زۆر هۆكار هەن كە وادەكەن ئەو هێزانە بە تەواوی ئامادە نەبن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیی تیرۆر، تاوەكوو ئێستاش ئەو هێزانە پێویستییان بە هاوكاری و ڕاوێژی نێودەوڵەتی هەیە. بەڵام چۆنیەتیی ڕێكخستنی ئەو پەیوەندییە كە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەبێت یان لە میانی ڕێككەوتنێكی دوولایەنەی نێوان عێراق و وڵاتە دۆستەكان دەبێت، ئەمە دەوەستێتە سەر دانوستان و گفتوگۆكان. هیوادارم بەرژەوەندیی باڵای خەڵكی عێراق لە پێش بەرژەوەندیی هەموو لایەنێكی تر بێت.
العربیە: ئایا ئەو هەڕەشانە كۆتاییان هاتووە كە خۆی لە هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و مووشەك دەبینییەوە لە لایەن هەندێك میلیشیای چەكدار و گرووپ بە ئاراستەی هەرێمی كوردستان؟ یانیش ئەگەر هەڵوێستێكی سیاسیی بێزاركەر بۆ هەندێك هەبوو، جارێكی دیكە ئەم هێرشانە دەگەڕێنەوە؟
سەرۆکی حکوومەت: هیوادارم ئەم گرووپانە كۆنتڕۆڵ بكرێن. ئێمە حكوومەتی فیدڕاڵ بە بەرپرسی یەكەم لە دابینكردنی ئاسایش لە تەواوی عێراق بەسەر ئەو گرووپانە دەبینین، هیواداریشین كە ڕێوشوێنی دروست بەرامبەر هەر چالاكییەكی هەر گرووپێك بگیرێتە بەر كە لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسایی حكوومەت دەیكەن. هیوا دەخوازین كە ئەم هەڵسوكەوتانە دووبارە نەبنەوە، چونكە زیادبوونی ئەم چالاكییانە كاریگەریی نەرێنییان لەسەر ئاسایشی هەموو عێراق دەبێت، جا ئەمە بەرپرسیارێتیی حكوومەتی فیدڕاڵییە كە كۆنتڕۆڵی ئەم گرووپانە بكات.
العربیە: بۆیە پەناتان بۆ كڕین و وەرگرتنی تۆپهاوێژی قورس بردووە، حزبی تەقەدوم ڕەخنەی لە وەرگرتنی ئەو تۆپانە گرت و وای دەبینێت كە دەكرێ چەكی دیكە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی میلیشیاكان وەربگرن، بەڵام تۆپهاوێژێك نا كە ڕێی تێ بچێت بەهۆیەوە بەرەو گۆڕینی دیمۆگرافیای كەركووك و نەینەوا بچن؟
سەرۆکی حکوومەت: پێم سەیرە خەڵكێك وا هەست بكات كە خۆی خاوەنی عێراقە و دەبێت خێرمان پێ بكات ئێمە خاوەنی چی بین و چیمان هەبێت و چیمان نەبێت. یان لە كوێ دەسەڵاتمان دەست پێدەكات و لە كوێ پێویستە كۆتایی پێ بێت. ئێمە هەموو دەسەڵاتێكمان هەیە وەك هەر لایەنێكی دیكە. ئەگەر هەندێك کەس ولایەن بۆچوونی دیكەیان لەبارەی ئەوەی کە ئێمەش مافی یەكسانمان هەیە، ئەوا ئەوانەن کە كێشەی قووڵیان هەیە و دەبێ چارەسەر بكرێت.
پێشمەرگە بەشێكی گرنگ و دانپێدانراوە لە دەستووردا، كەس ناتوانێت ئاستەنگ بۆ بەردەوامبوونی هێزی پێشمەرگە بۆ دابینكردنی ئاسایش بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی دروست بكات. بۆیە هەر چەكێك كە هێزی پێشمەرگە خاوەندارێتی بكات، بە مانای بەهێزبوونی سیستەمی بەرگریی عێراق دێت، ئەوەی بە پێچەوانەی ئەمە بیر بكاتەوە، بە عەقڵیەتی شۆڤێنیی ڕەگەزپەرستانە بیر دەكاتەوە و پێموانییە بە هیچ جۆرێك لە خزمەتی گەل و خاكی عێراقدا بێت.
العربیە: كەسانێك هەن كە مەترسیی ئەوەیان هەیە کە هەرێم بە یەکپارچەیی نەمێنێتەوە، هەندێك دەڵێن كە هەرێمی كوردستان بە یەكگرتوویی نامێنێتەوە، لەوانەیە ببێتە دوو ئیدارە نەك یەك؟
سەرۆکی حکوومەت: لەسەر چ بنەمایەك ئەم قسەیە دەکەن؟
العربیە: ئەگەر ناكۆكییەكان بەردەوام بێت، یەكێتی چەندین جار لێدوانی داوە كە بێزارن لە پرۆسەی ئیدارەدانی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان؟
سەرۆکی حکوومەت: ناكرێ ئێمە میزاجی كەسیی وەك پێوەرێك بۆ دیاریكردنی چارەنووسی هەرێمی كوردستان وەربگرین، هەرێمی كوردستان هەرێمێكی دەستوورییە و دابەش نابێت و یەك هەرێمە. هیچ لایەنێكی سیاسیش ناتوانێت بە تەنها بڕیارێكی ئاوا دەربكات. ئێمە بەرەو پرۆسەی هەڵبژاردنێکی نوێ دەچین و گەلی كوردستان بڕیاری خۆی دەدات، ئەوە هەڵدەبژێرێت كە کێی دەوێت، ئایا ئەم گەلە پشتیوانی لە دابەشكردن و خۆبەدەستەوەدان و وێرانكردن دەکات یان بونیادنان و پێشكەوتن؟
العربیە: لێدوانێكی بەناوبانگی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی هەیە كە چیاكان دۆستی كوردانن، ئەمڕۆ جگە لە چیاكان، كێن دۆستەكانی كورد؟
سەرۆکی حکوومەت: هیوادارم ئێمە ڕۆژ بە ڕۆژ دۆستمان زیاتر بێت، بازنەی دۆستەكانمان فراوانتر بێت، هیوادارم هەموو ئەوانەی كە باوەڕیان بە دیموكراسیەت و دادەپەروەری و حوكمەكانی دین هەیە، ئەگەر موسوڵمانن، دۆستمان بن، چی ڕێگرە؟ هەیە دۆستایەتی ڕەتكردووینەتەوە بەهۆی بەرژەوەندیی شەخسی و حزبی یان بەهۆی تێنەگەیشتن یان رەتكردنەوەی ئەوەی تر.
هیوادارم ئەم عەقڵیەتە كۆتایی بێت و بازنەی دۆستەكانمان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ فراوانتر ببێت. سوپاس بۆ خوا زۆر دۆستمان لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ڕۆژئاوا و وڵاتانی كەنداو و كۆی وڵاتانی ناوچەكە هەیە، پێموایە ئێستا دۆستمان زۆرە.
العربیە: پێتوایە كە عێراق پێویستی بە گەڕانەوە بۆ سازانی سیاسی هەیە كە پرۆسەی سیاسی لە ساڵی 2003وە لەسەری بنیات نراوە و چەند ساڵێكە بەرەو پشتگوێخستن دەچێت؟
سەرۆکی حکوومەت: بێگومان، عێراق وڵاتێکە لە چەندین پێكهاتەی جیاواز دروست بووە، پێویستە بە شەراكەتی ڕاستەقینەی نێوان هەموو پێكهاتەكان ئیدارە بدرێت و هاوسەنگی لە دەسەڵات هەبێت و بڕیارەكانیش بە سازان لە نێوان هەموو لایەنە سیاسییەكان بدرێن، ئەمە بنەمایە بۆ حوكمێكی دروست لە عێراق، (هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان) بنەمان بۆ سەركەوتنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق.
العربیە: زۆر سوپاس جەنابی سەرۆک وەزیران.