مۆستایەکی زانکۆ بۆ رێژەی لەدایکبوون لە کوردستان ئومێدبەخشە لەچاو وڵاتانی دراوسێ

مەزهەر کەریم – سلێمانی

دکتۆر عالیە فەرەج مستەفا مامۆستا لە بەشی کۆمەڵناسی لە زانکۆی سلێمانی لەم گفتوگۆیەدا بۆ “هەولێر” دەڵێت:” کۆمەڵگای کوردی بەرەو پیری دەچێت و رێژەی زاوزێ کەمی کردووە؛ پێویستە بە هەموو لایەک گرنگی بدەین بە وەچەخستنەوە تا نەوەکانی داهاتوو تووشی قەیرانی بوون نەبنەوە”.

  • نەخستنەوەی وەچە، بۆچی دەگەڕێتەوە؟
  • دەگەڕێتەوە بۆ هۆشیاری تاکی کورد و گەنجی کورد بۆ هاوسەرگیری؛ وەچەخستنەوە گۆڕانکاریی بەسەرا هاتووە جا گاریگەریەکە قەیرانی دارایی بێت یان سۆشیال‌میدیا بێت یان چاولێکەری بێت بۆ کولتووری دیکەی وڵاتان بەڵام لە کۆمەڵناسیدا هەر کوڕ و کچێک هاوسەرگیری بکەن و منداڵیان نەبێت ئەوە خێزانیان دروست نەکردووە تەنیا ژیانی هاوسەرینییان پێک هێناوە”.
  • نەبوونی منداڵ لەنێوان هاوسەرەکاندا چ کاریگەریگەرییەکی دەبێ؟
  • کاریگەریەکانی بریتیە لە کاڵکردنەوەی پەیوەندی خزمایەتی پەیوەندی نێوان هاوسەرەکان خۆیان هەروەها هەموو دامەزراوەکان کە لە کۆمەڵگەدا هەیە وەک دایەنگە و باخچەی ساوایان و نەخۆشخانە و قوتابخانە هیتر کە کاریگەری لەسەر داینامیکی کۆمەڵگا دەبێت”.
  • ترس تا چەند کاری کردووەتە سەر ژیانی هاوسەرگیری؟
  • یەکێک لە دەرهاویشتە زۆر زۆر مەترسیدارەکان ئەو ترسەیە کە گەنج نائومێدە، بەڵام بە خۆشحاڵیەوە کۆمەڵە گەنجێکی زۆر ئامادەنە بۆ هاوسەرگیری و، ئومێدبەخشە لەچاو وڵاتانی دیکەی چواردەور”.
  • سۆشیال‌میدیا تا چەند کاری کردووەتە سەر پرۆسەی هاوسەرگیری؟
  • سۆشیال‌میدیا زیانی زۆری هەیە؛ بووەتە مەترسی بۆ خێزانەکانیش، کە چۆن بتوانن پەروەردەیەکی دروستی منداڵەکەیان دابدەن؛ بەهۆی هەژموونی سۆشیال‌میدیاوە کە ئەمەش خۆی بۆ خۆی پرس و کێشەیەکە، بەرنامەڕیژی و دیراسەی دەوێت”.
  • کەمداگەڕانی رێژەی لەدایکبوون، پرسێکی نەتەوەییە؟
  • بێگومان ئەگەر بە پێشبینیکردنیش بێت، بەڵێ‌؛ کەمداگەڕانی رێژەی لەدایکبوونی منداڵ بۆ داهاتووی میللەتەکەمان و بۆ نەوەکانی داهاتوومان مەترسیە و، تووشی قەیرانی بوون دەبینەوە لەسەر خاکی خۆمان. ئەگەر لەدایکبوون کەم بکات بەراورد بە میللەتانی دراوسێ ئەوان رێژەیان زیاد بکات و ریژەی ئێمە کەم بکات ئەوکات هێندەی دیکە دۆزی نەتەوەکەمان ناگاتە مەنزڵ”.
  • چی بکرێت بۆ ئەو مەترسیانەی باست کرد؟
  • دەبێت حکومەتی هەرێم خەمی پیرداگەڕانی کۆمەڵگەی کوردی و، کەمداگەڕانی رێژەی لەدایکبوون و ژمارەی دانیشتوان بخوات، بە توێژنەوەیەک ئەوەمان پێ بوترێت ئاخۆ ئەو کوڕوکچانەی هاوسەرگیری دەکەن و نایانەوێت منداڵیان ببێت چی جۆرە ستایلێک دەژین و چی بکرێت تا خێزانەکان هاوکاری بکرێن تا گرنگی بدەن بە وەچەخستنەوە و لەدایکبوونی منداڵ”.
  • بۆچی پێشتر کوڕ و کچەکان زۆر گرنگییان دەدا بە هاوسەرگیری؟
  • هۆکارەکەی بۆ ئەو پشتێنە هاوکاریە دەگەڕێنمەوە کە پێشتر ماڵە باوک و ماڵە خەزووران، کوڕ و کچیان هاوکاری دەکرد، وەک پشتێنەیەکی دارایی بەڵام بەهۆی دۆخی خراپی دارایی ئێستا ئەمە کەم بۆتەوە، بۆیە بەبێ هاوکاریی حکومەت و خێزانەکان بۆ کوڕ و کچەکمان، قورسە لەم دۆخەی ئێستادا بتوانن هاوسەرگیری بکەن و بە قورسی دەزانن؛ هەقی خۆشیانە”.
  • چی بکرێت تا کوڕان و کچان لە تەمەنی دیاریکراودا هاوسەرگیری بکەن؟
  • بە هەموومان دەتوانین چارەسەری ئەو گرفتە بکەین، بەڵام بە داخەوە ڕاگەیاندن هێندە گرنگی بەلایەنی جیابوونەوە و توندوتیژیەکان دەدا، نیو هێندە گرنگی بەلایەنی خێزان و پێکەوەژیان نادات؛ واتا ناشرینیەکانی پرۆسەی هاوسەرگیری نیشان دەدات کە خۆی بۆ خۆی ئەمە زۆر خراپە؛ ئەمە رێژەیەکی زۆر کەمی خێزانەکان توشی تونوتیژی و شەڕ دەبنەوە زۆرینەی خێزانەکان بە ژیانێکی خۆش و سەلامەت و بێوەی ژیانێکی خۆش بەڕێ دەکەن و کێشەیان نیە؛ بەداخەوە هاوسەنگیەک نیە بۆ بەرپرسیارێتی ئاسایشی خێزان “.
  • لایەنی بەرپرس دەبێت چی بکات؟
  • دەبێت وەزارەتی کاروکاوباری کۆمەڵایەتی و پەرلەمان و حکومەت بە توێژینەوەیەکی زانستی کار لەسەر خێزان بکەن؛ پشتیوانی بکات لە خێزان؛ بزانێ ئاخۆ هەندێک خێزان لێرەولەوێ بۆچی گرنگی نادەن بە وەچەخستەوە؟ پاڵنەر چیە و چی کارێک بکرێت بۆ چارەسەرکردنیان؟
ھەواڵی زیاتر