لیژنەی ئەمنی پارێزگای ھەولێر لەبارەی بانگەشەی ھەڵبژاردنەوە ڕێنمایی بڵاو دەکاتەوە

لیژنەی ئەمنی پارێزگای ھەولێر، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، لە پێناو بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە شێوازێکی شارستانی و سەردەمیانە و فەراھەمکردن و دەستەبەرکردنی ئازادی بۆ ھەموو لایەنە سیاسییەکان بەبێ جیاوازی و پارێزگاریکردن لە کاندیدان و پاراستنی ئارامی و پاک ڕاگرتنی شار و بەڕێوەچوونی ماوەی دیاریکراوی بانگەشەی ھەڵبژاردن بەسەرکەوتوویی، چەند ڕێنماییەکمان دەرکردووە.

وەک لە ڕاگەیاندراوەکەدا ھاتووە، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، لیژنەی ئەمنیی پارێزگای ھەولێر بە سەرپەرشتیی پارێزگاری ھەولێر کۆبۆوە و کۆبوونەوە گەیشتە ئەو بڕیارانەی لای خوارەوە:

یەکەم/ نابێت بەھیچ شێوەیەک بانگەشەی ھەڵبژاردن بە کاروانی زۆری ئۆتۆمبێل لە شەقامە گشتییەکان بکرێت، کە ببێتە ھۆی دروستکردنی ئاستەنگ لە ڕێگای ھاتووچۆی خەڵک، ھەروەھا نابێت ئامێری بێزارکەر بەکار بھێنرێت کە ببێتە ھۆی ناڕەحەتیی ھاوڵاتییان.

دووەم/ نابێت وێنە و پۆستەر و دروشمی کاندیدان لەو شوێنانەی کە ڕێگە دراوە، بە مادەیی لێکدەر وەک (لەزگە یان غەرە) لێ بدرێت، بەڵکو دەبێت ھەڵبواسرێت، یان لەسەر ستاند لە شوێنیک دابنرێت کە ڕێگا نەگرێت، ھەروەھا بەکارھێنانی قوم، لم ، چیمەنتۆ بۆ ڕاگرتنی دروشم و پۆستەر و وێنەکان بە ھەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

سێیەم/ نابێت بەھیچ شێوەیەک لە چوار ڕێییان و ترافیک لایتەکان وێنە و پۆستەر و دروشمی کاندیدان لێبدرێت.

چوارەم/ بەھیچ شێوەیەک نابێت وێنە و پۆستەری کاندیدان لە فەرمانگە حکومیەکان، نەخۆشخانە، قوتابخانەکان، ھتد .. بدرێت.

پێنجەم/ بەھیچ شێوەیەک نابێت پۆستەر و دروشمەکانی تایبەت بە بانگەشەی ھەڵبژاردن لەسەر دیوار و شوێنە گشتییەکان وەک (مزگەوت، کلێساکان، شوێنە پیرۆزە ئاینیەکان و شوێنە کەلتووری و مێژووییەکان) ھەڵبواسرێت.

شەشەم/ نابێت پارک و باخچە گشتییەکان بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن بەکاربھێنرێت.

حەوتەم/ بەھیچ شێوەیەک نابێت وێنە و تابلۆی بانگەشەی ھەڵبژاردن لە (قەدی دارەکان، دورگەی ناوەندیی شەقامەکان) دابنرێت و وێنە و دروشمی کاندیدان لە داری باخچە و پارکەکان بدرێت.

ھەشتەم/ لەکاتی بانگەشەی ھەڵبژاردن نابێت ئۆتۆمبێلی (میری) حکومی بەکاربھێنرێت.

نۆیەم/ بەھیچ شێوەیەک ڕێگە پێدار و نییە ڕستەی ئاڵای لایەنە سیاسیەکان بەستوونی ڕۆناککەرەوەی شەقامەکان و ھێماکانی ھاتووچۆ لە ناوشار و دەرەوەی شار و بەردەم کامێراکانی چاودێری ھەڵبواسرێت.

دەیەم/ لەھەرە حاڵەتێکی سەرپێچی پاش دیکۆمێنتکردن، بە ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن پێبژاردن بۆ کاندیدان و لایەنەکان دەکرێت.

یازدەیەم/ لە ڕۆژی ھەڵبژاردن ژووری عەمەلیات لە پارێزگای ھەولێر بە بەشداری نوێنەری سەرجەم لایەنە سیاسیەکان دەبێت، لە دەستپێکردنی پڕۆسەی دەنگدان تا کۆتایی ھاتنی پڕۆسەکە، ھەر سەرپێچیەک لە بنکەکانی ھەڵبژاردن ئەنجامبدرێت ئاگاداری ژووری عەمەلیاتی پارێزگای ھەولێر دەکرێتەوە، پاشان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار چارەسەر دەکرێت.

دوازدەیەم/ بۆ ئەنجامدانی ھەر گردبوونەوەیەکی جەماوەری بە مەبەستی بانگەشەی ھەڵبژاردن، لە پێناو پاراستنی ئاسایشی شارەکەمان و گربوونەوە جەماوەریەکە، دەبێت ڕەزامەندی لیژنەی ئەمنی پارێزگای ھەولێر وەربگیرێت.

سێزدەیەم/ ھەر بەربژێرێک پابەند نەبێت بە ڕێنماییەکان، پۆستەر و بانگھێشتەکەی لەلایەن تیمەکانی شارەوانی لادەدرێت و کاردانەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت.

ھەواڵی زیاتر