سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ پارێزگار و به‌رپرسانى يه‌كه‌ كارگێڕييه‌كانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر كۆبووه‌وه‌

ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2024.9.22، ڕێزدار نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ دیوانى پارێزگا، له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر و به‌رپرسانى دیکەى يه‌كه‌ كارگێڕييه‌كانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، دۆخ و ئاستى خزمه‌تگوزارييه‌كان، پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بنياتنان، به‌رنامه‌ى گه‌شه‌پێدان و چۆنيه‌تيى به‌ڕێوه‌چوونى كار و پرۆژه‌كانى قه‌زا و ناحيه‌كانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر تاوتوێ كران، هه‌روه‌ها تيشك خرايه‌ سه‌ر گرنگيى دابينكردنى پێداويستييه‌كان و چاره‌سه‌ركردنى گرفت و كه‌موكووڕييه‌كان.

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، وێڕاى ده‌ستخۆشى له‌ به‌ڕێز پارێزگارى هەولێر و به‌رپرسانى دیکەى يه‌كه‌ كارگێڕييه‌كان بۆ ڕاپه‌ڕاندنى كار و ئه‌ركه‌كانيان، ستايشى پێشكه‌وتن و ئاوه‌دانيى پارێزگاى هەولێرى كرد و جه‌ختى له به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى خزمه‌تگوزارييه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌موو پشتگيرييه‌كی بۆ سه‌رخستنى كارگێڕيى هه‌ولێر له‌پێناو باشتر خزمه‌تكردنى هاووڵاتيياندا دووپاتکردەوە.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ ئاماده‌كارييه‌كانى پارێزگاى هه‌ولێر بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن كرا، له‌وبارەیەشەوە، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، داكۆكى له‌ گرنگيى سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردن و به‌ڕێوه‌چوونى شارستانييانه‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ى به‌ ڕۆڵى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان كرد‌.

له‌ كۆتاييى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێزان پارێزگارى هەولێر و به‌رپرسانى دیکەى يه‌كه‌ كارگێڕييه‌كانى هه‌ولێر، چه‌ندين سه‌ره‌نج و تێبينى و داواكارى و پێشنياريان بۆ باشتركردنى خزمەتکردنى هاوڵاتییان و گەیاندنى خزمه‌تگوزارييه‌كان و چاره‌سه‌ركردنى كه‌موكوڕييه‌كان خسته‌ ڕوو.