زریان سەباح، سەرۆکی شارەوانی بنەسڵاوە:لە چوار ساڵدا ٢١ پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ کراون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە قەزای بنەسڵاوە لەو چوار ساڵەدا بەگوژمەی نۆ ملیار دینار ٢١ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنوورەکە جێبەجێ کراون، ئێستاش شەش پڕۆژەی گرنگ لە جێبەجێ کردندانە و دەرخستەش بۆ چەند پڕۆژەیەکی دیکە کراون.

زریان سەباح، سەرۆکی شارەوانی بنەسڵاوە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: گرنگی زۆر بە سەوزایی، شەقام و شۆستەکان دراوە، لە ھەموو سێکتەرەکان خزمەتگوزاری پێشکەش بە بنەسڵاوە کراوە، ھەموو شەقامەکان نۆژەنکراونەتەوە، دوو سایدی بنەسڵاوە تەواوکراوە، ئەوەش بۆ ھاتووچۆی ھاووڵاتییان کار ئاسانییەکی باشە، شەقامی نوێ بۆ گەڕەکە تازەکان کراون، ئەوانە پڕۆژەی زۆر باشن و ھاووڵاتییان ڕاستەوخۆ سوودی لێ دەبینن، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت حکوومەتی ھەرێم گرنگی بە ھەموو سێکتەرەکان داوە و ناوچەکە ئاوەدانی باشی بەخۆیەوە بینیوە.
سەرۆکی شارەوانی بنەسڵاوە، دەشڵێ: لە چوار ساڵی ڕابردوودا ٢١ پڕۆژە لە سنووری قەزای بنەسڵاوە جێبەجێ کراون، لەوانە قیڕتاوکردنی دووسایدی گەڕەکی گوڵان، قیڕتاوکردنی چەند کۆڵانێک، قیڕتاوکردنی شەقامەکانی ناوچەی پیشەسازی، پڕۆژەی دروستکردنی شەقام و ئاوەڕۆی لوولەیی لە بنەسڵاوە، پڕۆژەی دروستکردنی شەقام و ئاوەڕۆی لوولەیی گڕەسۆر و چەند پڕۆژەیەکی دیکەی خزمەتگوزاری، گوژمەی ھەموو ئەو پڕۆژانەش بریتی بووە لە چوار ملیار و حەوت سەد و ھەشتا و نۆ ملیۆن دینار.
لەبارەی ئەو پڕۆژانەی ئێستا لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، سەرۆکی شارەوانی بنەسڵاوە، ڕاگەیاند: لە ئێستادا پێنج پڕۆژەی گرنگ لە بواری جێبەجێ کردندان، گوژمەی ئەو پڕۆژانەش ٤ ملیار دینار دەبێت.
زریان سەباح، سەرۆکی شارەوانی بنەسڵاوە، ئاشکراشی کرد: بۆ داھاتوو پڕۆژەی زۆر باشمان پێشنیاز کردووە ھەم بۆ شارەکە، ھەمیش بۆ شوێنەکانی دیکە، شەش پڕۆژە دەرخستەیان بۆ کراوە و لەو چەند ڕۆژەدا دەکەونە قۆناغی جێبەجێ کردن، لەوانە دروستکردنی شەقام لە نێوان گەڕەکی ئاڵتوون و گەڕەکی چوارچرا گوژمەکەشی سێ ملیار دینارە، پڕۆژەی دروستکردنی شەقام و ئاوەڕۆی لوولەیی و کربستۆن لە چەند گەڕەکێکی دیکە جێبەجێ دەکرێن گوژمەی پڕۆژەکەش دوو ملیار دینارە، لەگەڵ قیڕتاوکردنی شەقامی چەند کوڵان و گەڕەکێک بەگوژمەی ملیارێک و دوو سەد ملیۆن دینار، لەگەڵ دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەلیی و قیڕتاوکردنی ڕێگەی گوندەکان، گوژمەی ھەموو ئەو پڕۆژانەش شەش ملیار و پێنج سەد ملیۆن دینارە، پێشنیازمان کردووە لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا لە ساڵی ٢٠٢٤ ئەو پڕۆژانە جێبەجێ بکرێن.

ھەواڵی زیاتر