کوردستان دەبێتە خاوەنی یەکێک لە گەورەترین کارگەکانی بەرهەمهێنانی خۆراک لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ماوەی چەند ساڵێکە بیر لەوە دەکرێتەوە لەگەڵ پەرەپێدانی بەرهەمی خاو بیر لە فرەجۆریی بەرهەم و بە پیشەسازیکردن و بە بازاڕکردنیشی بکرێتەوە و ئەو بەرهەمە خاوەی لە کوردستان هەیە بۆ جۆری دیکە بگۆڕدرێت و پێداویستییەکانی پێ دابین بکرێت. کۆمپانیای خۆشناو یەکێک لە گەورەترین ئەو جۆرە کارگەیانەی لە کوردستان بنیات ناوە کە لقی یەکەمیان لە هەولێرە و دوێنێ لە پارێزگای دهۆک لقێکی تری کرایەوە و نوێنەری کۆمپانیاکە دەڵێ کارگەکانیان لە کوردستان مانگانە سەد و بیست هەزار تۆن بەرهەمیان هەیە و یەکێک دەبن لە گەورەترین کارگەکانی بواری خۆراک لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

هەرێمی کوردستان لە هەندێک جۆری بەرهەم بە خۆبژێوی گەیشتووە، هەندێک جۆری تر لە ئاستی سەرووی خۆبژێوییە و دەبێت هەناردە بکرێت و هەندێک بەرهەمیش هەن کە لە داهاتوودا هەرێمی کوردستان بە خۆبژێوی دەگەیەنن.
یەکێک لە گرنگترین بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان کە بە بناغەی ئاسایشی خۆراک دادەنرێت گەنمە و ئەو بەرهەمەش دە ساڵ دەبێت لە هەرێمی کوردستان لە سەرووی پێداویستییەکانی بەرهەم دەهێنێت. بەهۆی ئەوەی کە گەنم کاڵایەکی ستراتیجییە حکوومەتی عێراق بە پارەیەکی گونجاو لە جووتیارانی دەکڕێتەوە و لەو سایلۆیانەی لە تەواوی پارێزگاکان بنیات نراون هەڵدەگیرێن بەڵام حکوومەتی عێراق دادپەروەری ڕەچاو نەکردووە و ڕێژەیەکی کەم لە گەنمی جووتیارانی کوردستان کڕاوەتەوە و تەنیا بیست لەسەدای پارەکەیشی بۆ دابین کردوون.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند ساڵێکە قۆڵی هیممەتی لێ هەڵماڵیوە بیر لە بەرهەمە زیادەکەی کردووەتەوە و جگە لەوەی کە خۆی کۆمەڵێک سایلۆی گرنگی وەک قوشتەپە و هەڵەبجە و بەردەڕەش و کەلار و چەنین سایلۆی تری بنیات ناوە، هانی کەرتی تایبەتیشی داوە ژمارەی سایلۆکانی زیاد بکات و لەپاڵ سایلۆکان کۆمەڵێک کارگەی پیشەسازی بکرێنەوە کە ئەو گەنمەی لە جووتیاران دەیکڕن بۆ بەرهەمی تری وەک ئارد و ساوەر و ئالیک بگۆڕن و بیخەنە بازاڕەوە.

ساڵانە سەرووی سێ ملیۆن دۆنم زەوی بە دانەوێڵە دەچێنرێت
بەپێی ڕووپێویی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم ساڵانە زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان بە دانەوێڵە دەچێندرێت کە زۆرترینی گەنمە. لە ماکارۆنی و ئاردی سفرەوە بگرە تا دەگاتە بسکیت و ساوەر و بڕووش و دەیان بەرهەمی تر کە ڕەفەی مارکێتەکانیان پڕکردوون، هێشتا لەدەرەوە هاوردە دەکرێن و هەبوونی کارگەی نوێ لە کوردستان دەتوانن ببنە هۆی کەمکردنەوەی هاوردە لە دەرەوەی وڵات و پاراستنی سەرمایەکی زۆری ناوخۆ.
دوێنێ شەممە لە زاخۆ کارگەیەکی نوێ کرایەوە کە لە گەشەپێدانی بەرهەمی کشتوکاڵی و دابینکردنی پێداویستییەکانی کشتوکاڵی دەتوانێت ڕۆڵێکی زۆر باش بگێڕێت، پێشتر کە ئالیک و ساوەر و ئارد و چەند جۆر بەرهەمێکی تر لە دەرەوە هاوردە دەکرا ئەم جارە هەر لە ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێن.
پڕۆژەکە لە لایەن مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت کرایەوە و ئیبراهیم فەرید نوێنەری کۆمپانیای خۆشناو کە جێبەجێکاری کارگەکەیە لە کردنەوەی پڕۆژەکە ڕای گەیاند، پڕۆژەی سیلڤانا بەشێکە لە بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران وهەوڵیان داوە ئەرکی نیشتمانیی خۆیان جێبەجێ بکەن و بەتایبەتی لەم کابینەیە کە گرنگییەکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ دراوە و ئەمەش بووەتە پاڵپشتییەک بۆیان لەم بارەیەوە ڕۆڵی زیاتر بگێڕن.

پاڵپشتیی حکوومەت
جێی باسە سێ ساڵ پێش بە پاڵپشتیی حکوومەت لە لایەن کەرتی تایبەتەوە کۆمەڵێک کارگە و سایلۆ دامەزران کە بوون بە سەرچاوەیەکی نوێی کڕینی گەنمی جووتیاران.
بەپێی ئامارێک کە ئەو نوێنەرەی کۆمپانیای خۆشناو خستیە ڕوو لەو پڕۆژەیە ڕۆژانە هەزار تۆن ئارد و سەدان تۆن ئالیک بەرهەم دەهێنن. ئەوان لە هەولێریش پڕۆژەی هاوشێوەیان هەیە کە بە داس ناسراوە و ڕۆژانە زیاتر لە دوو هەزار تۆن ئارد و سەدان تۆن ساوەر و پێداویستی تر کە سەرچاوەکەیان گەنمە بەرهەم دەهێنن.
ئەو کۆمپانیایە مانگانە لە هەولێر و دهۆک سەد و بیست هەزار تۆن بەرهەمهێنانی هەیە و بەگوتەی ئیبراهیم فەرید دەبێتە یەکێک لە گەورەترین کارگەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. لە هەر دوو کارگەکە نوێترین و سەردەمیانەترین ئامێری تەکنەلۆجی جێگیر کراون و بەستانداردی جیهانی بەرهەمەکان بەرهەم دەهێنن و دەیخەنە بازاڕەوە.

سەدان هەلی کاریان ڕەخساندووە
بەرهەمەکان لە بازاڕەکانی ناوخۆی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەکار دێن و تەنانەت بۆ دەرەوەش هەناردە دەکرێت. هەر ئەمساڵ کۆمپانیا هەزاران تۆن لە گەنمی جوتیارانیان کڕی و و بە کاش پارەکانیان بۆ دابین کردن.
پڕۆژەکەی دوێنێ لەسەر ڕووبەری پێنجسەد و چل و هەشت دۆنم دامەزراوە و بەسەدان هەلی کاریان بۆ کچان و کوڕان ڕەخساندووە و مزگێنیش درا کە لەو کارگەیەی زاخۆ دووسەد هەلی کاری دیکە دابین دەکرێن و توانای هەڵگرتنی بیست و پێنج هەزار تۆن گەنمی ناوخۆیان دەبێت و ژێرخانی ئاسایشی خۆراک لە کوردستان هەنگاوێکی تر بەرەو پێش دەبات.

ھەواڵی زیاتر