ئاسایشی هەولێر: خاوەن و بەكارهێنەری گرووپی (مەلەفە زەخەمەكان) دەستگیر كرا

ئەمڕۆ شەممە 21ی 9ی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند: “دوای ئەوەی لە لایەن چەند هاووڵاتییەک سکالای یاسای تۆمار کرا لەسەر هەژماری (دادە تیک تۆک)، کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیی و وێنەی لەچەند کەسێک کردبوو، بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر و بەڕێگەی تیمی تەکنیکی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون توانیمان شوێن و ناسنامەی بەکارهێنەری (دادە تیک تۆک) ئاشکرا بکەین بە ناوی (م. هـ. م) دەستگیرمان کرد.”

ئاماژەی بەوەش كردووە، كە “لە لێکۆڵینەوە لەگەل تۆمەتباری ناوهاتوو بۆمان دەرکەوت، كە خاوەنی گرووپی (مەلەفە زەخمەکان)ە لە تۆڕی (تلیگرام) و خاوەنی هەژماری ( شوخان)یشە لە سناپ چات.”

باسی لەوەش كردووە، “لەبەر ئەوەی کەسێکی شارەزایە لەبواری تەکنیکی و لە شێوازی گفتوگۆکردندا توانیوێتی دەنگی خۆی بۆ ئافرەت بگۆڕێت و وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوی چەند پیاو و ئافرەتی تۆمار کردووە و لەبەرامبەر بلاو نەکردنەوەی وێنەکانیاندا بڕێکی زۆر پارەی وەرگرتووە.”

ئاسایشی هەولێر سوپاسی هاووڵاتیان دەکات، کە هەمیشە هاوکاری ئاسایشن لە پێدانی زانیاری و داواش دەکەن، کە “ئاگاداری پەیوەندیەکانیان بن لە تۆڕەکانی پەیوەندی و متمانە بەکەسانی نەناسراو نەکەن، تاکوو نەبنە قوربانی.”

ھەواڵی زیاتر