سەرۆکی حکومەت: بەرهەمی جووتیارانمان دەگاتە بازاڕەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپا

ئەمڕۆ شەممە 9/21، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، كارگەی (سلیڤانا)ی بۆ بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە زاخۆ كردەوە، کە لەلایەن کۆمپانیای (خۆشناو) دروست کراوە.
سەرۆکی حکومەت لە ڕێوڕەسمەکەدا، گوتارێکی پێشکەش کرد و دووپاتی کردەوە ئەم سایلۆیە لە چوارچێوەی بەرنامەی حكومەتە بۆ بەبازاڕكردنی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی كوردستان کە لەگەڵ كەرتی تایبەت بەپێی ستانداردی جیهانی دروست كراوە.
سەرۆکی حکومەت هیوای خواست، ئەم کارگەیە بتوانێت خزمەتێكی باشتری جووتیارانی دەڤەرەكە بكات و هەوڵ بدەن هەرچی زووە پرۆژەكە فراوانتر بكەن و كارگەی پەیوەندیدار بۆ بەرهەمەكانی گەنم دابمەزرێنن.
هەروەك باسی لەوەش كرد: ”ئێمە هەوڵمان داوە گرنگییەكی تایبەت بە كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازیی خواردن بدەین، بۆیە ساڵی رابردوو لە هەموو دەڤەرەكانی كوردستان چ وەك حكوومەت و چ بە هاوكاریی كەرتی تایبەت، چەندین سایلۆ و پرۆژەی چاندن و كشتوكاڵمان ئەنجام داوە.“
ئەوەشی خستە ڕوو: ”ئێمە بە كردار دەستمان بە دۆزینەوەی بازاڕی ناوخۆیی و دەرەكی كردووە بۆ بەرهەمی جووتیارانی خۆشەویست و لەم ڕووەشەوە بەردەوام دەبین، ئەمڕۆ بەرهەمی جووتیارانمان دەگاتە بازاڕەكانی وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپی، زۆر گرنگە جووتیارانیشمان ئاستی كوالێتیی بەرهەمەكانیان بە بەرزی ڕابگرن و چاندن و كشتوكاڵی خۆیان بە ڕێگەی زانستی و تەكنەلۆژیای سەردەم پێش بخەن.“
سەرۆكی حكومەت جەختی لەوە كردەوە كە ”كشتوكاڵ یەكێكە لە تەوەرە سەرەكییەكانی بەرنامەی ئێمە بۆ هەمەجۆركردنی ئابووریی كوردستان و ئەمڕۆ پێشكەوتنی كەرتی چاندن و پیشەسازیی خۆراك بە هەزاران دەرفەتی كاری بۆ گەنجان دەستەبەر كردووە. ئامانجی ئێمەش ئەوەیە كە كۆمەڵگەی تەنیا بەكارهێنەر نەبێت و ببێتە كۆمەڵگەیەكی بەرهەمهێنەر، لەبەر ئەوە ئێمە بە هەموو جۆرێك لە پاڵپشتیی بەرهەمەكانی ناوخۆ بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی ئەو كارگە و پرۆژانە بەردەوام بن و بتوانن ركابەری و ململانێ لەگەڵ بەرهەمەكانی دەرەوەش بكەین