جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق مزگێنییەك بۆ زیندانییانی سیاسی رادەگەیەنێت

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، بەمزووانە هەمواری یاسای زیندانییانی سیاسی عێراق دەكرێت و ئەو هەمواركردنەوەیەش سوودی زۆری بۆ زیندانییانی سیاسی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییانی پارێزگای هەڵەبجە بەگشتی دەبێت.

شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: لەپێناو مسۆگەرکردنی مافی زیندانییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و قەرەبووکردنەوەیان هاوشێوەی هاوتاکانیان لە سەرجەم پارێزگاکانی دیكەی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە كۆبوونەوەیەكمان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی‌ ده‌زگای‌ زیندانییه‌ سیاسییه‌كانی عێراق ئەنجام دا.

راشیگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا هەریەك لە راوێژكاری‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ ده‌وڵه‌ت و سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان لە پەرلەمانی عێراق و لیژنه‌ی‌ شه‌هیدان و قوربانیان ئامادەبوون.

هەروەها رایگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆمان لەبارەی ته‌واوكردنی‌ پرۆژه‌یاسای‌ هه‌مواركردنی‌ یاسای زیندانییانی سیاسی عێراق کرد.

شاخەوان عەبدوڵا گوتیشی: بریاردرا رۆژی یەکشەممەی داهاتوو دەزگای زیندانە سیاسییەکان تەواوی پرۆژەیاساكە دوای تێبینییەکانیان، رەوانەی ئەنجوومەنی دەوڵەت بکەن بۆ ئەوەی بە زوویی لە پەرلەمانی عیراق كاری هەمواركردنەوەی بۆ تەواو بکرێت.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق جەختیشی كردەوە كە لە هەمواری نوێی یاساكەدا مافی زیندانە سیاسییەکانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی زۆر باش زامن دەكرێت.

ئاماژەی بەوەش دا كە هەر لە هەموارە نوێیەكەدا، دانیشتووانی شاری هەڵەبجەش سەرجەم ئەو ئیمتییازات و مووچانەیان پێ دەدرێت کە بۆ هاوتاکانیان له رەفحا دانراوە .