بە بەشداری هەرێمی كوردستان.. سبەی كۆنفرانسی لێپرسینەوە لە تاوانەكانی داعش بەڕێوەدەچێت

سبەی هەینی لە بارەگای دادگه‌ی دادی نێودەوڵەتی لە (لاهای) کۆنفرانسی “ڕێگه‌ی دادپەروەری: مامەڵەکردن لەگەڵ ئاسته‌نگه‌كان و لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش و ڕۆڵی هۆڵەندا” بە بەشداری شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.

سەبارەت بەم کۆنفرانسە د. دیندار زێباری ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان ڕایگەیاند: دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی یونیتاد، وڵاتان ڕێکخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ بە جینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانەی کە بەسەر ئێزیدییەکان و پێکهاتەکانی ديكه‌ هاتوون و فشار دەخەنە سەر حکوومەتەکان بۆ بەردەوامبوون لە پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش و دادگاییکردنیان بە تاوانە نێودەوڵەتییەکان و قەرەبووکردنەوەی قوربانیيان، کۆنفرانسی (لاهای)یش لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانە دێت.

ڕاشگەیاند: کۆنفرانسەکە لەلایەن تۆڕی یاسایيی ئێزیدی، بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەی فلۆچتلینگ و ڕێکخراوی یەزدا ئەنجام دەدرێت و ئێمە بە فەرمی بانگهێشت کراوین بۆ کۆنفرانسەکە، تێیدا گوتاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەش دەکەین، هەروەها چەندین کەسایەتی و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بەشدار دەبن، لەوانە کاسپەر ڤێلدکامپ وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، ژمارەیەک سیاسەتمەداری هۆڵەندا، نوێنەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئەندامانی داواکاری گشتيی ئەوروپا، پسپۆڕانی بواری هاوکاريی مافی مرۆڤ و هاوکاريی مرۆیی و یاسای تاوانکاريی نێودەوڵەتی، نوێنەرانی حکوومەتی فيدڕاڵ و ژمارەیەک لە ڕزگاربووە ئێزدییەکان.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە حکوومەتی هەرێم فاکتەرێکی سەرەکییە دوای کۆتاییهاتنى ئەرکی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) و دەبێتە بەشێک لە هەوڵەکان بۆ هێنانەدیی دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەی ئیزیدییەکان و گشت قوربانییانی دەستی داعش.

ھەواڵی زیاتر