وەزارەتی كارەبا: پرۆژەی كارەبای 24 كاتژمێری لە هەموو هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت

وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە پڕۆژەی ئەزموونی كارەبای 24 كاتژمێری لە شاری هەولێر رایگەیاند، پڕۆژەكە لە هەموو شار و ناوچەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەبارەی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئەزموونی کارەبای 24 کاتژمێری کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، تیمی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت ئامادەبوون، وردەکاریی قۆناغی جێبەجێکردنی پرۆژەکە خرایەڕوو، تێیدا ئەوە خرایەڕوو كە هەنگاوی باش لەو گەڕەک و شوێنانەی پارێزگای هەولێر نراوە کە پرۆژەکەی تێدا جێبەجێ کراوە.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەوە كرایەوە كە دانیشتووانی ئەو گەڕەكانەی كارەبای ئەزموونی 24 كاتژمێری تێدا ئەنجامدراوە، پێشوازیی باش کراوە، هەروەها چەندین مۆلیدە بەتەواوی کوژاونەتەوە و جگەلەوەش بارزۆری سەر کارەباش کەمبووەتەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بەوەدرا كە پرۆژەی ئەزموونی کارەبای 24 کاتژمێری لە هەموو شار و ناوچەکانی هەرێم جێبەجێ دەکرێت، دوای ئەوەی ئێستا لە قۆناخی سەرەتادا بە شێوەی تێست لە چەند گەڕەکێکی هەولێر دەست بە جێبەجێکردنی کراوە.

ھەواڵی زیاتر