خەمیس خەنجەر: هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانی و گەلی كورد هەرگیز لەبیر ناكەین

سەرۆكی هاوپەیمانی سیادەی سوننە لە پەیامێكدا كە بە زمانی كوردی بڵاوی كردۆتەوە ئاماژە بەوە دەكات، عەرەبە سوننەكانی عێراق هەرگیز هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانی و گەلی كورد لەبیر ناكەن كە لە ساڵی 2014 پێشوازییان لە ملیۆنان ئاوارەدا كرد.

خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانی سیادەی سوننە لە پەیامەكەدا رایگەیاند “ئەو پێشوازییەمان لەبیرە كە براكانمان لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014 لەو ملیۆنان عەرەبە سوننەیە كردیان كە بەهۆی تیرۆر و كردەوە سەربازییەكانەوە ئاوارە بوون، ئەو پێشوازییە بە بڕیارێكی مرۆیی و مێژوویی لە برامان مەسعود بارزانییەوە بوو”.

هەروەها رایگەیاند “هەڵوێستەكانی گەلی كورد لە مامەڵەی برایانە و مرۆڤانەیان لەگەڵ كەسوكارە ئاوارەكانی خۆیان؛ دەپارێزین و ڕێزی دەگرین و هەمیشە باسی دەكەین”.

راشیگەیاند “لێرەدا دەبێت بڵێین كە نابێت حساباتی تەسكی حزبایەتی و دەستكەوتی حزبی لە سەرووی ئەو بەها ئەخلاقی و هەڵوێستە شەرەفمەندانەوە بێت كە ئەركێكە و دەبێت خاڵی دەستپێكێكی سەرەكی بێت لە مامەڵەكردنمان لەگەڵ هەموو پرسەكان لەچوارچێوەی یەك نیشتیماندا”.