کونسوڵی تورکیا: پشت بەخوا پەیوەندییە مرۆییەکانی خەڵکی دهۆک لەگەڵ تورکیا ناپچڕێن

کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر ڕایگەیاند، جێگری وەزیری دادی وڵاتەکەیان پیشوازیی لە خانەوادەی حەکیم لوقمان کردووە و ڕێگە نادەن پەیوەندییە مرۆییەکانیان لەگەڵ دهۆک بپچڕێت.

ئێرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر دوای سەردانەکەی بۆ ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، دۆسیەی کوشتنی هاووڵاتییەکەی دهۆک لە ئیستانبوڵ بەردەوامە و جێگری وەزیری دادی تورکیا پیشوازیی لە خانەوادەی  کۆچکردوو کردووە. گوتیشی، ڕێگە نادەن پەیوەندییە مرۆییەکانیان لەگەڵ دهۆک بپچڕێت.

کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر، ئاماژەی بەوە دا، لێکۆڵینەوە بەردەوامە و چی پێویست بێت کراوە، هیوادارم جارێکی دیکە ڕووبەڕووی ڕووداوێکی لەو شێوەیە نەبینەوە.

بەرەبەیانیی یەکشەممە 1ـی ئەیلوولی 2024، سێ هاووڵاتیی دانیشتووی ناحیەی کەلەکچی لە سنووری پارێزگای دهۆک؛ لەگەڵ چەند کەسێک لە بەردەم هۆتێلی زووریچی ئیستانبوڵ بەشەڕ هاتن و بەهۆیەوە یەکێکیان بە چەقۆ کوژرا.

ئەو هاووڵاتییەی کەلەکچی کە لە شەڕەکەدا کوژراوە، ناوی “حەکیم لوقمان”ـە، کاری بازرگانیی ئۆتۆمبێل دەکرد، تەمەنی نزیکەی 45 ساڵ بوو و باوکی سێ منداڵە.

ھەواڵی زیاتر