ڕۆژئاوای قەزای دهۆک بە ڕۆژهەڵاتی قەزای سێمێلەوە دەبەسترێتەوە

لە ڕێگەی پرۆژەیەکی نوێی خزمەتگوزارییەوە، ڕۆژئاوای قەزای دهۆک بە ڕۆژهەڵاتی قەزای سێمێلەوە دەبەسترێتەوە. 

چوارشەممە، 18ـی ئەلوولی 2024، بە چاودێریی د. عەلی تەتەر، پارێزگای دهۆک؛ بەردی بناغەی ڕێگەی پێکەوەبەستنەوەی ڕۆژئاوای قەزای دهۆک بە ڕۆژهەڵاتی قەزای سێمێل دانرا.

پرۆژەکە بە گوژمەی هەشت ملیار و 169 ملیۆن دینار، لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێ بەجێ دەکرێت.

پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، زیاتر لە 10 هەزار خێزانی ناوچەکە ڕاستەوخۆ لە پێکەوەبەستنەوەی هەردوو ڕێگە ستراتیجییەکە سوودمەند دەبن و هیوای خواست لە کاتێکی نزیکدا بە کوالیتیەکە بەرز پرۆژەکە بکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان.  

عەلی تەتەر ئاماژە بەوەش کرد “سەرباری ئەوەی حکوومەتی عێراق یەک دیناری بۆ ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکە تەرخان نەکردووە، بەڵام شۆڕشی ئاوەدانی بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردەوامە”. 

لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی هەزار و 314 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە سێ تریلیۆن و 107 ملیار دینار لە سنووری پارێزگای دهۆک دراوە؛ بەشێکی زۆریان تەواو بوون و کارکردن لە ژمارەیەکیشیان بەردەوامە.

لەو ژمارە پرۆژەیە، هەزار و 249ـیان لەلایەن کەرتی گشتییەوە جێ بەجێ کراون و کابینەی نۆیەم گوژمەی زیاتر لە دوو تریلیۆن و 18 ملیار دیناری بۆیان  خەرج کردووە. 65 پرۆژەی دیکەش، بە گوژمەی زیاتر لە یەک تریلیۆن و 89 ملیار دینار، لە لایەن کەرتی تایبەتەوە جێبەجێ کراون.

* ژمارە و گوژمەی پرۆژە گشتییەکانی پارێزگای دهۆک لە ماوەی کابینەی نۆیەم:  

– ساڵی 2020: 148 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 549 ملیار دینار.

– ساڵی 2021: 138 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 152 ملیار دینار.

– ساڵی 2022: 325 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 238 ملیار دینار.

– ساڵی 2023: 101 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 109 ملیار دینار.

– ساڵی 2024: 149 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 960 ملیار دینار.

– پرۆژەی داهاتوو: 118 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە حەوت ملیار دینار.

* دابەشکاریی جێبەجێکردنی پرۆژەکان بەسەر قەزاکاندا:

– قەزای دهۆک: 221 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 618 ملیار دینار.

– قەزای ئاکرێ: 216 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 208 ملیار دینار.

– قەزای ئامێدی: 331 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 401 ملیار دینار.

– قەزای سێمێل: 159 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 202 ملیار دینار.

– قەزای شێخان: 161 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 296 ملیار دینار.

– قەزای بەردەڕەش: 216 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 302 ملیار دینار.