سلێمان تاشان – ههولێر
لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا سامانی ئاوی ژێر زەویی هەولێر، بەردەوام ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە و لە قەد و باڵای ئاوەکە دابەزیوە. بە تەواوکردنی دوو پڕۆژەی ستراتیجیی ئاو، چاوەڕوان دەکرێ ئەو سامانە بە نرخەی نەوەکانی داهاتوو بحەسێتەوە و پاڵەپەستۆ لەسەر ئاوی ژێر زەوی کەم ببێتەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە گەڕەکی ژیانی هەولێر بیرێکی ئیرتیوازیی ئاو بە مەبەستی دابینکردنی ئاو بۆ پارکێکی نوێ کە لەو گەڕەکە لە جێبەجێکردندایە، لێدرا و بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنامەی هەولێر لە کرێکارانی ئەو بیرە نوێیە دەستی کەوت ئاوی ژێر زەوی لە هەولێر بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە و ئەگەر ئاوی جێگرەوە نەدۆزرێتەوە ئەوا ئاوێکی ئەوتۆی ژێر زەوی نامێنێت تا نەوەکانی داهاتوو سوودی لێ وەربگرن.
سێ ڕۆژ بوو کرێکاران و ئەندازیاران بەو ئامێرە تایبەتییە گەورەیەی لەبەردەستیاندابوو زەوییان هەڵدەکۆڵی و لە پێنجسەد و پەنجا مەتریی قووڵایی زەوی توانیان بە ئاو بگەن. کرێکارەکان دەیانگوت لە دەیەکانی ڕابردوودا لەو گەڕەکە بیریان لێ داوە و بە کەمتر لە سەد و پەنجا مەتر بە ئاو گەیشتوون بەڵام ئێستە زیاتر لە سێ هێندە دابەزیوە.
ئەوان دەڵێن دۆخەکە لە گەڕەکەکانی تر خراپترە و ئەو ژمارە زۆرە بیرەی بە لێشاو ئاو دەردەهێنن ئەوا جار بە جار زیاتر لە ئاوەکە کەم دەکات و نێوەنێوە ژمارەیەکیان وشک دەبن.
دەشتی هەولێر کە بە یەکێک لە سەرچاوە گرینگەکانی ئاوی ژێر زەوی هەژمار دەکرا، ئاستی ئاوەکەی بەگشتی لەماوەی پازدە ساڵدا ساڵدا بەرێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە. لە پیرداود لە ساڵی ٢٠٠٠ ئەگەر حەڤدە مەتر زەوی هەڵکەندرابا ئەوا دەگەیشتیە ئاوی خواردنەوە، بەڵام بەپێی پشکنینێک کە لە ساڵی ٢٠١٥ ئەنجام درابوو دەبوایە شەست و نۆ مەتر هەڵکەندرێت بۆ ئەوەی بە ئاوی خواردنەوە بگەی و ئێستاکەیش دەبێ سەدان مەتر هەڵکەنی بۆ ئەوەی بە ئاو بگەی.
گرنگترین ئەلترناتیڤ بۆ ئاوی ژێر زەوی بەکاربردنی ئاوی سەرزەوییە بۆ مەبەستی خواردنەوە و کشتوکاڵ و بوارەکانی تری وەک پیشەسازی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوی هەستی بەو مەترسییە کردووە کە بۆ سەر ئاوی ژێر زەەوی دروست بووە و بۆیەش لە ماوەی ڕابردوودا لە هەولێر و دەوروبەری بەردی بناغەی دوو پڕۆژەی ستراتیجی دانران.
نوێترینیان ڕۆژی سێشەممە حەڤدەی ئەیلوول لە لایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دانرا کە پڕۆژەی ئاوی قوشتەپەیە و وەک مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارەکەیدا ئاماژەی پێ دا کێشەی ئاو لە سنووری دەشتی هەولێر بۆ بیست ساڵی داهاتوو چارەسەر دەکات و تەواوکەری ئەو پڕۆژەیەی ئاوە کە ماوەی ڕابردوو لە هەولێر بەردی بناغەکەیان دانا.
سەرۆکی حکوومەت خۆی باسی لەوە کرد کە زۆربەی بیرەکانی ئەو سنوورە وشک بوون کە ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ دابەزینی ئاوی ژێر زەوی و بۆیەش بە پێویستیان زانیوە بەم شێوەیە کێشەی ئاوی ئەم سنوورە چارەسەر بکەن. جگە لەمە دەڤەری قوشتەپە زهمینهیهكی لهباری ههیه بۆ پێشكهوتن له ڕووی كشتوكاڵی و پیشهسازی و سامانی ئاو، بۆیهشه یهكێك لهو شوێنانهیه كه پلان و بهرنامهكانی داهاتووی حکوومەت دهیگرێتهوه و بڕیارە ببێتە یهكێك له دهڤهره پێشكهوتووهكانی كوردستان.
پێویستە بگوترێ سەرچاوەی ئاوی پڕۆژەکە لە ئاوی زێی بچووک دابین دەکرێ و پڕۆژهكه كێشهی كهمئاوی له قوشتهپه و بێستانه و زیاتر له 60 گوندی سنوورهكه چارهسهر دهكات و دهبێته هۆی بووژانهوه و ئاوهدانیی ئهو گوندانه.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی شارەوانی گوژمهی پڕۆژهكه 189 ملیار و 670 ملیۆن دیناره و جگە لە دامەزراندنی چەندان کۆگەی گەورەی ئاو تۆڕی ئاوی گواستنەوەی سنوورەکەش بە تەواوی گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
بەپێی دیزاینی پڕۆژەکە، پێداویستیی ئاوی یەک ملیۆن و پێنجسەد هەزار کەس دابین دەکرێ کە سێ قۆناغ پێکدێت. قۆناغی یەکەم وەرگرتنی ئاو بە توانای بیست هەزار مەتر سێجا لە هەر سەعاتێکدا لە ڕووباری زێی گەورە کە ئەو ئاوە بۆ پڕۆژە سەرەکییەکە دەگوازرێتەوە کە بریتییە لە پاککردنەوە و پاڵاوتنی ئاو بە چەند قۆناغێکی جیاواز بە پشتبەستن بە نوێترین و پێشکەوتووترین ستانداردەکانی جیهان و لە بیست کۆگاوە ئەو ئاوە پاڵاوتنی بۆ دەکرێت.
لە قۆناغی سێیەمدا ئاوەکە دەگوازرێتەوە بۆ کۆگای سەرەکی کە توانای گلدانەەی سەد هەزار مەترسێجا ئاوی هەیە و دواتر بۆ کۆمەڵێک کۆگای تر دەگوازرێتەوە و بە درێژیی پێنجسەد کیلۆمەتر هێڵی ئاو ڕادەکێشرێت و ڕووماڵی پێداویستی ئاوی هەولێر دەکات.
پێشبینی دەکرێ لەگەڵ تەواوبوونی ئەو پڕۆژانە سەدان بیر دابخرێن و سامانی ئاوی ژێر زەوی لە جیاتی دابەزین ڕوو لە بەرزبوونەوە بکات کە سامانێکی زۆر ستراتیجییە بۆ نەوەکانی داهاتوو و بە لەبەرچاوگرتنی ئیدارەدانێکی تۆکمەی ئاو و ڕێگریکردن لە بەفیڕۆدانی ئاو، بە دەیان ساڵی تر خەڵک لە کێشەی ئاوی خواردنەوە ڕزگاریان دەبێت.