جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق مژدەیەك بە كەسوكاری شەهیدان دەدات

شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: دوای هەوڵەکانمان، بڕیار درا لەمەودوا سەرجەم ئەو ئیمتیازاتانەی بە کەسوکاری شەهیدانی عێراق دەدرێت، بە کەسوکاری شەهیدانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش بدرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە بە ئامادەبوونی ئەندامانی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق، دەنگ بە پڕۆژەیاسای هەمواری دەزگای شەهیدانی عێراق درا.

دوای دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساكە، شوان محەمەد جێگری سەرۆكی لیژنەی شەهیدان لە پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: خۆشبەختانە ئەمڕۆ سێشەممە دەنگ بە پڕۆژەیاسای هەمواری دەزگای شەهیدانی عێراق درا كە پڕۆژەیاساكە بەرژەوەندی بۆ هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان دەبێت.

شوان محەمەد گوتیشی: بەگوێرەی پڕۆژەیاساكە، بۆ لەمەودوا هەر شەهیدێكی پێشمەرگە كە لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان شەهید بووبێت، مووچەكەی لە 500 هەزار دینارەوە بۆ سەرووی ملیۆنێك و 200 هەزار زیاد دەكرێت.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا ئاماژەی بەوەش دا كە وارس و كەسوكاری شەهیدان ئەوانەی لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، هاوشێوەی کەسوکاری شەهیدانی عێراق سەرجەم ئیمتیازاتەكان دەیانگرێتەوە