كێشەی زەویی سندووقی لە سنووری گەرمیان چارەسەر كرا

به‌ فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كێشەی زەویی سندووقی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان چارەسەر دەكرێت. ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش دەڵێت: بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی سەرۆكوەزیران، نووسراومان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی گەرمیان كردووە، بۆ ئەوەی بە زووترین كات كاری پێویست ئەنجام بدەن.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی ئه‌يلوولى ٢٠٢٤، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند: مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، فەرمانی كرد بە چارەسەركردنی كێشەیەكی لەمێژینەی زەویی سندووقی لە سنووری شارەوانییەكانی گەرمیان، ئەو زەوییانەی دەكەونە نێوان دوو خانوو و یان سێ خانوو كە بە زەویی (سندووقی) ناسراون.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەشڵێت: دوای فەرمانەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەكوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، نووسراومان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی گەرمیان كردووە، بۆ ئەوەی بە زووترین كات بڕیارەكەی سەرۆكی حكومەت بكەوێتە بواری جێبەجێكردن و دەست بە ڕێكارەكانی چارەسەركردنی ئەو گرفتە لەمێژینەیە بكرێت و بەپێی ژماردن و سەرژمێریكردنی ئەو حاڵەتانەی لە سنووری شارەوانییەكانی گەرمیاندا هەن بەگوێرەی بەڵگەنامەی فەرمی، كاری پێویست ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لەو بڕیارەی حكومەت سوودمەند ببن.
ساسان عەونی سەبارەت بە چارەسەركردنی ئەو گرفتەش كە خەڵكێكی زۆر لێی سوودمەند دەبن، گوتی: ئەوە كێشەیەكی كۆن بوو، لە سنووری شارەوانییەكانی گەرمیان، هاووڵاتییان داوای چارەسەركردنی ئەو گرفتەیان دەكرد و دوای ئەوەی لەلایەن ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانەوە، سەرۆكوەزیران لەو كێشەیە ئاگه‌دار كرایەوە، سەرۆكی حكومەت ده‌ستبه‌جێ فەرمانی كرد بە چارەسەركردنی كێشەكە و ئێستاش دەست بە ڕێكارەكانی چارەسەركردنی ئەو كێشە لەمێژینەیەی هاووڵاتییانی گەرمیان كراوە.