ئەندازیار تاجەدین تەحسین، سەرۆکی شارەوانی کەلەکچی:هیچ گوندێکی سنوورەکە نەماوە ڕێگەوبانی قیڕتاو نەکرا بێت

ئەمساڵ لە سنووری ناحیەی کەلەکچی بەگوژمەی شەش ملیار دینار بە دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ کراون لەوانە گەیاندنی ڕێگە بۆ گوند و ئاوایەکان و چاککردن و قیڕتاوکردنی دەیان کۆڵان، لەگەڵ گەیاندنی کارەبای نیشتمانی و دروستکردنی قوتابخانە و بنکەی تەندروستی. سەرۆکی شارەوانی ناحیەکە، دەڵێت: پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەردەوام دەبن و لە ماوەیەکی نزیکدا کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکە جێبەجێ دەکرێن.

ئەندازیار تاجەدین تەحسین، سەرۆکی شارەوانی کەلەکچی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لە سەنتەری شارەدێی کەلەکچی بە درێژایی سێ کیلۆمەتر بەگوژمەی ھەشت سەد ملیۆن دینار ١٥ کۆڵان قیڕتاو کران، ساڵانی ڕابردووش چەندین کۆڵان قیڕتاو کراون، بەوەش ٩٠%ی کۆڵانەکانی ناحیەکە قیڕتاو کراون و کێشەیان نەماوە.
سەرۆکی شارەوانی کەلەکچی، دەشڵێ: دوو پڕۆژەی دیکە ھەن ئەوانیش قیڕتاوکردنی ڕێگەوبانەکانن بەدرێژای دوو کیلۆمەتر لەگەڵ حەوت سەد مەتر مەزرا و کربستۆن، گوژمەی ئەو دوو پڕۆژەیەش شەش سەد و پەنجا ملیۆن دینارە، لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو دەبن، دوو سایدی سی مەتری کە لە سنووری شارەدێیەکە تەواو بووە، لەگەڵ ڕێگەوبانی دەیان گوند، کە ئێستا ھیچ گوندێکی سنوورەکە نەماوە ڕێگەوبانی قیڕتاو نەکرا بێت.
ئەندازیار تاجەدین تەحسین، سەرۆکی شارەوانی کەلەکچی، ئاشکراشی کرد: کارکردن لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەردەوامە، ھەروەھا لە بواری کەرتی پەروەردە، تەندروستی و کارەبا زۆر پڕۆژەی باش کراون، ئەوانەش بەگوژمەی دەیان ملیار دینار بووە، ھەموو ئەو پڕۆژانە کارئاسانی بۆ ھاووڵاتییان دەکەن و بوونەتە جێگەی دڵخۆشی خەڵکی ناوچەکە و لەڕووی خزمەتگوزارییەوە ھیچ گلە و گازندەیەکیان نییە و دڵخۆشن بە جێبەجێ کردنی پڕۆژەکان و سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەن کە بەردەوام پڕۆژە لە سنوورەکە جێبەجێ دەکات.

ھەواڵی زیاتر