لە قەزای چۆمان گرنگی بە شوێنە گەشتیارییەکان دەدرێت

گەرمیان گلی – هه‌ولێر

لە سنووری قەزای چۆمان، گرنگییەکی زۆر بەشوێنە گەشتیارییەکان دەدرێت و ئەو پڕۆژانەیشی دروست دەکرێن، دەبێت دیزاینەکەی لەگەڵ سروشتی ناوچەکە بگونجێت و کوالێتیان بەرز بێت.

هەڵگورد محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان ڕایگەیاند: بڕیارمانداوە شوێنە گەشتیارییەکانی چۆمان بەکوالێتی دروست بکرێن و دەبێ مۆڵەتی کارکردنیشیان هەبێت، لە سنووری قەزای چۆمان، پێشتر کەم شوێنی گەشتیاریی هەبووە مۆڵەتی کارکردنی هەبێت، بەڵام ئێستا ژمارەیەکی زۆر شوێنی گەشتیاریی بەپێی ڕێنماییەکان مۆڵەتیان دەرهێناوە. هەروەها دەبێت هەموو شوێنێکی گەشتیاریی مۆڵەتی هەبێت و بەردەوام کار لەسەر ئەوە دەکەین.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان، گوتیشی: لە سنووری قەزای چۆمان، پێشتر کەم شوێن هەبوو مۆڵەتی کارکردنی گەشتیاریی هەبێت، ئەمەیش وەکو ئاسانکاری بۆیان کرابوو، بەڵام ئێستا ژمارەیەکی زۆر بەپێی ڕێنماییەکانی گەشتوگوزار، مۆڵەتی کارکردنی گەشتیارییان دەرهێناوە، ژمارەیەکی دیکە داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ دەرهێنانی مۆڵەت و هەندێکیشیان ڕێکارەکانیان تەواو کردووە و چاوەڕێی وەرگرتنەوەی مۆڵەت دەکەن. هەروەها ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەین، ئەو خانووە گەشتیاریانەی لەناو باخچەکانیش دروستکراون، دەبێت مۆڵەتی کارکردنی گەشتیاریان دەربێنن. هەروەها شوێنە گەشتیارییەکان پۆلین دەکرێن، بەپێ ئەو پۆلینکردنە گەشتیارییە، باج و رسوماتیان لێ وەردەگیرێت، ئەگەر پڕۆژەیەکی گەشتیاریی چەند ئەستێرەی پێ بدرێت، بەپێی ژمارەی ئەستێرەکان رسوماتی لێ وەردەگیرێت، کەپرە گەشتیارییەکانیش بەپێی ژمارەی کەپرەکان دەبێت. هەر پڕۆژەیەکی گەشتیاریی دروست بکرێت، دەبێ بەپێی مەرج و ڕێنماییەکانی نوێی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم جێبەجێ بکرێن و کوالێتی پڕۆژەکە بەرز بێت و دیزاینی لەگەڵ سروشتی ناوچەکە بگونجێت، هەروەها ئەو پڕۆژانەی پێشتریش دروستکراون، دەبێ دیزان و کوالێتی پڕۆژەکەیان بگۆڕن.

ھەواڵی زیاتر