ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاریی هەرێمی کوردستان: گەشتوگوزاری کوردستان لەسەر نەخشەی گەشتیاریی جیهانییە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەیی گەشتوگوزاریی ھەرێمی کوردستان، لەم دیدارەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی”ھەولێر” باس لەوە دەکات ھەرێمی کوردستان لە بواری گەشتیاری پێشکەوتنی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە و توانیومانە گەشتوگوزاری کوردستان بخەینە سەر نەخشەی گەشتیاریی جیهانی و لە سێ ساڵی ڕابردوودا ساڵانە ملیۆنێک و نیو گەشتیار لەوەی کە ھەیە زیاد بکەین، چاوەڕێ دەکەین ئەمساڵ ھەشت ملیۆن و نیو گەشتیار ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن. دەشڵێ: ئێستا سێ ھەزار ناوچەی گەشتیاری جۆراوجۆر لە ھەرێمی کوردستان ھەنە و چەندین پڕۆژەی گەشتیاری دیکەش لە شار و شارۆچکەکان لە قۆناغی جێبەجێ کردندان.

ھەرێمی کوردستان پێشکەوتنی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە
ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەیی گەشتوگوزاریی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند، سێکتەری گەشتوگوزار لە چوار ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکاری زۆر گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، لەڕووی یاسایی، ڕێنمای، ھەمەجۆرکردنی چالاکییە گەشتیارییەکان، مارکێتینگ و ناساندنی کوردستان وەکو وێستگەیەکی گەشتیاری جیهانی، لەڕووی ڕاکێشانی گەشتیاری بیانی، زیادکردنی گەشتیاران بە وەرزیکردنی چالاکییە گەشتیارییەکان، بەشداریکردنی دەستەیی گەشتوگوزاریی کوردستان لە پێشانگە نێودەوڵەتییەکان ھەموو ئەمانە دەستکەوتی ئەم چوار ساڵە بوونە.

کوردستان دەخەینە سەر نەخشەی گەشتیاریی جیهانی
سەرۆکی دەستەیی گەشتوگوزاریی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد: لە ساڵی ٢٠٢٢ پلانێکی ھەشت ساڵیمان بۆ کەرتی گەشتوگوزار دانا، تەواوی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ ئێمە بەشدار بوون و جەختمان لەوە کردەوە دەبێت ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ ئێمە ھاوکار بن بۆ ئەوەی گەشتوگوزار بکەینە نەوتی بەردەوام، لە کوردستان ڕەگەزەکان و ڕەھەندەکانی گەشتیاری ئەوەندە زۆرن کە تەنیا پێویستمان بە ھەستی بەرپرسیارەتییە بەرامبەر بە ژێرخانی گەشتیاری و بەرجستەکردنی خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکان، بەوەش دەتوانین نەک ئەوەندەی کە ھەمانە، بەڵکو دە ھەندە زیاد بکەین، ئەوەش لەبەر ئەوەیە زەمینەیەکی لە بارمان ھەیە و کوردستان دەروازیەکی گرنگە، بەڵێنمان دا ئەگەر تا ساڵی ٢٠٣٠ لایەنە پەیوەندیدارەکان ھاوکار بن ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێک و نیو گەشتیار لەوەی کە ھەیە زیاد بکەین و گەشتوگوزاری کوردستان بخەینە سەر نەخشەی گەشتیاریی جیهانی و ژمارەی گەشتیاران بگەینیە بیست ملیۆن گەشتیار، ئەوەندەی کە لەسەرمان بووە جێبەجێمان کردووە لە دەرکردنی یاسا و ڕێنمایی پێویست کە پەیوەستە بە چالاکییە جۆراوجۆرەکان و بەشداریکردنمان لە پێشەنگەکان و ڕێکخستنی چەندین فیستیڤاڵی بەرھەمە جۆراوجۆرەکان و کردنەوەی خولی دەستی کار و ڕێبەری گەشتیاری، لە سێ ساڵی ڕابردوودا ساڵانە ملیۆنێک و نیو گەشتیارمان زیاد کردووە، واتە لە چوار ملیۆن گەشتیار ئەمساڵ چاوەڕێی ئەوە دەکەین ھەشت ملیۆن و نیو گەشتیار ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن.

لە ھەر چوار وەرزی ساڵ گەشتیار دێن
ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەیی گەشتوگوزاریی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: لە وەرزی بەھار کۆمەڵێک بۆنەی نیشتمانی و بۆنەی جیاوازمان ھەیە، لە وەرزی زستان چیا سەرکەشەکانی کوردستان و بوونی بەفرێکی زۆر، واتە چالاکییە بەرفریینەکان لە ناوچەکانی چۆمان، کۆڕەک، پێنجوین، دھۆک و پیرەمەگروون، واتە چالاکی زستانەمان زۆرن، لە وەرزی ھاوین زۆرترین چالاکی جۆراوجۆرمان ھەیە، جگە لەوەی کە ئێستا ئێمە خاوەنی چەندین ڕێبەر و نووسینگەی گەشتیارین کە گرووپاتی گەشتیاری لە پارێزگاکانی عێراق و وڵاتانی جیھان دێنن بۆ ھەرێمی کوردستان، بە پێچەوانەشەوە لە کوردستان دەچن بۆ ناوچەکانی دیکە، لە ڕابردوودا چالاکی سەرکێشی نەبوو، بەڵام ئێستا زۆرترین چالاکی سەرکێشی و شاخەوانی ھەیە.

ناوچە شوێنەوارییەکان و ئاینییەکان بە گەشتیاری کراون
سەرۆکی دەستەیی گەشتوگوزاریی ھەرێمی کوردستان، ڕوونیکردەوە: ناوچە شوێنەوارییەکان بە گەشتیاری کراون، بە سوپاسەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری ھەرێم، پلانی شوێنەوارەکانمان دەست نیشان کردووە کە چەند ناوچەیەکی شوێنەواری ببنە ناوچەی گەشتیاری و گەشتیار بۆی بچێت، ھەروەھا گەشتوگوزاری ئایینی یەکێکە لەوانەی کە لەم چوار ساڵەدا گرنگییەکی زۆرمان پێداوە، بەڵام ھێشتا ماوە و پلانێکی گەورەمان ھەیە، جگە لەوەی وەزارەتی کشتوکاڵ زیاتر لە ٢٠ بەنداوی ھەیە کە بەشێکیان تەواوبوونە و بەشەکەی دیکەیان لە تەواوبووندان، ئەوانەش بوونەتە ناوچەی گەشتیاری گرنگ.

٨٠٠ کۆمپانیای گەشتیاری ھەن
ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەیی گەشتوگوزاریی ھەرێمی کوردستان، زیاتر دەڵێ: سێ ھەزار ناوچەی گەشتیاری جۆراوجۆر لە ھەرێمی کوردستان ھەن، ئەوانەش تەنیا بریتی نین لە ڕیستۆرانت، چێشتخانە و میوانخانەکان، بەڵکو کۆمەڵگەی گەشتیاری و ناوچەی گەشتیاری زۆرمان ھەیە، لە ھەمان کاتدا ژمارەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان لە ھەرێمی کوردستان ٨٠٠ کۆمپانیا دەبن، کە بریتییە لە نووسینگە و بریکار و کۆمپانیای گەشتیاری، ئەو گەشتیارانەی کە دێن لە ھەموو وڵاتانی جیھانەوە ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ئەو ژمارە زۆرە بوونەتە ڕێبەری گەشتیاری کە لە ڕێگەی ھاتنیان بۆ ناوچە گەشتیارییەکان چەندین وێنەی ناوازەی کوردستان دەگرن و لە شوێنەکانی خۆیان بڵاودەکەنەوە، ئەمەش بۆ ئێمە بەشێکە لە پرۆسەی مارکێتینگ بۆ کوردستان.

چەندین پڕۆژەی گەشتیاری لە قۆناغی جێبەجێ کردندان
سەرۆکی دەستەیی گەشتوگوزاریی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند، لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان چەندین پڕۆژەی گەشتیاری لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، لە پایتەخت قەڵای ھەولێر بۆتە ناوەندێکی گرنگی گەشتیاری کە ئێستا لە قۆناغی نۆژەنکردنەوەدایە، لە سلێمانی دروستکردنەوەی بەنداوی ھەنارە و چەقچەق، لە داھاتوویەکی نزیکدا دەکەوێتە خزمەت گەشتیاران، کۆمەڵێک پڕۆژەی وەبەرھێنانی گەورە بەشێکی لە تەواوبووندانە و بەشێکی دیکەش تەواوبوونە، لە شاری دھۆک بە ھەمان شێوە کۆمەڵێک چالاکی زۆر گەورە ھەن، لە پارێزگای ھەڵەبجە کۆمەڵێک چالاکی جۆراوجۆر ھەن، لە ئیدارە سەربەخۆکان لە گەرمیان پڕۆژەی گەشتیاری ھەیە، لە ئیدارەی سۆران چەندین پڕۆژە ڕەزامەندیان لەسەر دراوە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بەکارەکانیان دەکرێت، لە زاخۆ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دیداری گەشتیاری ھەبوو، دیداری زاخۆ کاریگەری دروست دەکات لەسەر ھاتنی گەشتیار بۆ کوردستان، یەکێک لە ڕێگاکانی بە بازاڕکردن یان چالاکییە گەشتیارییە جیاوازییەکان، گرووپە گەشتیارییەکان، گۆڕینەوەی زانیاری و ھاندانی گەشتیاران بۆ سەردانی کردنی ناوچە گەشتیارییەکان، ئەنجامدانی ئەمجۆرە دیدارانەیە، خاڵێکی دیکە کە زۆر گرنگە لە ڕابردوودا کەمترین چالاکیمان ھەبووە کە مۆڵەتی وەرگرت بێت، ئێستا لەسەر ئاستی پارێزگاکان ژمارەیەکی زۆر لە مۆڵەتەکان نوێ کراونەتەوە، ئەمەش وا دەکات کەرتی گەشتیاری ھەم لەڕووی داھاتەوە، ھەم لەڕووی خزمەتگوزارییەکانەوە ئاستێکی باشتر بەخۆیەوە ببینێت.

کەمکردنەوەی باج کاریگەری لەسەر ھاتنی ڕێژەی گەشتیاران ھەبووە
ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەیی گەشتوگوزاریی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد: دوای بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەت بۆ کەمکردنەوەی ١٠%ی باج، بە سەدان شوێن مۆڵەتیان وەرگرتووە، باج کاریگەری زۆر خراپی ھەبوو لەسەر کەرتی گەشتیاری، چونکە ئەمە لە ھاووڵاتی وەردەگیرا، بەڵام ئێستا کە ڕاگیراوە دڵخۆشی زۆری بۆ کەرتی تایبەت دروست کردووە، ھەروەھا شتێکی دیکەش ھەیە داوا دەکەم لە ڕێگەی ڕۆژنامەی “ھەولێر” بگاتە شوێنی مەبەست ئەویش گرانی بابەتی کارەبایە، کارەبا بۆ ھەموو سێکتەرەکان بەتایبەتی خۆی کراوە، کارەبای پیشەسازی، کارەبای کشتوکاڵی و بازرگانی، بەڵام سێکتەری گەشتوگوزار تا ئێستا کرێی کارەبای بازرگانی لێ وەردەگیرێت، ھەژمارکردن بە کارەبای بازرگانی کاریگەری خراپی ھەیە، بۆیە داوا دەکەم ئەو داواکاریەمان بگات و نەمێنێت.

ھەواڵی زیاتر