ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: پێویستە یەکدەنگییەک لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەبێت بۆ لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان

ڕۆژى دووشەممە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی سەڵاحەددین، ڕێکخراوەکانی چاودێريی دادپەروەريی باکووری کەنەدا (NJW)، ڕێکخراوی ڕەبا و ڕێکخراوی (Green Desert)، کۆنفرانسی نێودەوڵەتيی جینۆساید و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دا.
دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان، گوتارێکی پێشکەش کرد و له‌ ده‌ستپێكدا گوتی: دوای ئەو جینۆساید و کارەساتە نامرۆڤانەیەی کە دژی کوردانی ئێزدی ئەنجام درا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی زۆری دا بۆ بەدیهێنانى دادپەروەری و پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و قەرەبووکردنەوەی قوربانیيانی ئەم تاوانە نێودەوڵەتییانە، لە ئەنجامی ئەم هەوڵانە زیاتر له‌ ده‌ وڵاتی کاریگەر لەسەر ئاستی جیهان و ڕێکخراو و دامودەزگه‌ی جیهانی، دانیان بەوە نا کە ئەوەی دژی ئێزیدییەکان کرا جینۆساید و تاوانی نێودەوڵەتییە.

ڕێكخه‌رى ڕاسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان زیاتر گوتی: بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ قوربانیيان لە گشت پێکهاتە ئایینی، نەتەوەیی و مەزهەبییەکان بەبێ جیاوازی، پێویستە میکانیزمێکی یەکگرتوو بۆ لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان بە هەماهەنگيی لایەنە پەیوەندیدارەکان دابمەزرێت. لەم ڕووەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی کۆکردنەوەی بەڵگە و لێکۆڵینەوەکان و دادگاییکردنی دادپەروەرانەی تاوانبارانی داعش و قەرەبووکردنەوەی قوربانیيانی تیرۆر و کەسوکاریان.

سەبارەت بە هەماهەنگيی حکومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان، لەسەر کەیسی تیرۆریستان، زێبارى گوتی: دوای دامەزراندنی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)، هەماهەنگیمان لەگەڵیان هەبووە لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ شایەدحاڵەکان و تیرۆریستان و ئەنجامدانی پرۆژەی بەدیکیۆمێنتکردن و ئەرشیفکردنی تاوانەکانی داعش، بە سیستەمێکی تەکنۆلۆژی پێشکەوتوو، تاکوو لە پرۆسەی دادگاییکردنی تیرۆریستان سوودیان لێ ببینرێت، لەم ڕووەوە توانراوە (٢٤٫٩٦٥) فایل و (٤٠٨٫٥٤٠) لاپەڕە دیکیۆمێنت بکرێن، یونیتاد ڕۆڵی هەبوو لە پێشکەشکردنی هاوکاريی دەروونی و کۆمەڵایەتی، بنیاتنانی تواناکانى پزیشکانی تەندروستيی دەروونی، ئەمەش یارمەتیدەره‌ لە چارەسەرکردن و دابینکردنى پێداویستییە ئاڵۆزەکان بۆ ڕزگاربووانی ئێزیدی و چاکبوونەوەیان.

ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها گوتی: دوای هێرشەکانی تیرۆریستانى داعش، هەرێمی کوردستان میوانداری زیاتر لە ٢ ملیۆن پەنابەر و ئاوارەی ناوخۆیی کرد. تا ئێستاش (٧٣٠٫٩٣٠) کەسیان لە هەرێم نیشتەجێن و زۆربەیان خوشک و برا ئێزدییەکانن. ڕزگارکردن و دووبارە شیاندنەوەیان لەپێشینەى کارەکانى حکومەتى هەرێمە. تا ئێستا (٣٥٧٩) کەس ڕزگار کراون و مانگانە حکومەتی هەرێم هاوکارییان دەکات، هەروەها پاڵپشتيی دەروونی و کۆمەڵایەتيی ڕزگاربووان کراوە و لە سەنتەری چارەسەری دەروونيی دهۆک سه‌رجه‌ميان تۆمار کراون، هەروەها زیاتر لە (١٢٠٠) ڕزگاربوو لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە نێردراون بۆ وڵاتی ئەڵمانیا، بە مەبەستی چارەسەری دەروونی. لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بکەم کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ شكستپێهێنانى داعش و ڕزگاركردنه‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه‌ى ده‌ستى به‌سه‌ردا گرتبوون، قوربانيى بەرچاوى داوە، کە گەیشتە (١,٨١٤) شەهید و (١٠,٧٢٥) بریندار، (٤٤) پێشمەرگەش تا ئێستا بێسەروشوێنن

ھەواڵی زیاتر