گەورەترین بەنداو لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک، لە ئاکرێ دروست دەکرێت

گەورەترین بەنداو لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک، لە گوندی باکوورمانی سەر بە قەزای ئاکرێ دروست دەکرێت.

دووشەممە، 16-09-2024، ئەندازیار ڕەمەزان شەریف، بەڕێوەبەری گشتیی ئاودێریی ئاکرێ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، یەکێک لەو بەنداوە ستراتیجییانەی بڕیارە دروست بکرێت؛ دەکەوێتە سنووری گوندی باکوورمانی سەر بە قەزاکەیان و “دەبێتە گەورەترین بەنداو لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک”.

 بەرزی بەنداوەكە 112 مەترە و پانییەكەشی 300 مەترە و بڕی 330 ملیۆن دینار تێچووی پرۆژەكەیە. بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاودێریی ئاکرێ “دروستکردنی بەنداوەکە گرنگە، چونکە دەکەوێتە ناوچەیەکی ستراتیجی لە نێوان سێ قەزای شێخان، ئاکرێ و ئامێدی و توانای گلدانەوەی 490 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە”.

ئەندازیار ڕەمەزان شەریف، باسی لەوەش کرد، ڕێکارەکانی دەستپێکردنی پرۆژەکە تەواوکراون و پێشبینیش دەکەن لە پایزی ئەمساڵ پرۆژەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردن. گوتیشی: بەهۆی بەنداوەکەوە، هەشت گوند ژێر ئاو دەکەون و بڕیارە دانیشتووانیان قەرەبوو بکرێنەوە.

لە سنووری قەزای ئاکرێ، نزیکەی 30 پوندی بچووک دروست کراون. ئەندازیار ڕەمەزان شەریف ئاماژەی بەوە کرد “ئێستا لە گوندەکانی شەرمن و بجیل، کار لەسەر دروستکردنی دوو پۆندی مامناوەند دەکرێت و سەدا 50ـێ کارەکانیان تەواو بووە”. 

ئامانج لە دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان، وەکوو ئەوەی بەڕێوەبەری ئاودێریی ئاکرێ باسی کرد، “بە مەبەستی پاڵپشتییە لە جوتیاران و بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی ئاو و پاراستنی ئاوی ژێر زەوی”.

ھەواڵی زیاتر