لەم مانگەوە مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ بە گرێبەست، دابەش دەکرێت

کارۆخ عەبدوڵلا گوڵاوی، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ، ڕایگەیاند “لەم مانگەوە (ئەیلوول) مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ بە مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت”.

کارۆخ عەبدوڵلا گوتیشی: لە 1ی 9ی 2024 یەکەم مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لە مانگی ئەیلوولەوە دەبێت، واتا لە مانگی نۆوە، مامۆستایانی وانەبێژ مووچەکانیان بەشێوەی گرێبەست وەردەگرن کە لەنێوان 400 بۆ 500 هەزارە .

ڕاشیگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 16ی ئەیلوولی 2024، له دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران  ئیمزا  لەسەر ناو و لیستی  38 هەزار مامۆستای وانەبێژ کراوە کە بوونەتە گرێبەست .

هەر بە گوتەی نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست، لە ئەمڕۆوە لیست و ناوەکان دەنێرێنە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ بەستی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست، بۆ ئەوەی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دابەش بکرێت .

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمانی ژمارە (4142) لە 28ـی ئابی 2024، فەرمانی دامەزراندنی وانەبێژانی بە گرێبەست ئیمزا کرد، کە تێیدا هاتووە: بە ڕەچاوکردنی ڕۆڵی گەورەی مامۆستایانی وانەبێژ لە بەردەوامیدان بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و خوێندنی باڵا، ئەو بڕیارەیان داوە.

هەر لە بارەی بە گرێبەست کردنی مامۆستایانی وانەبێژ ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە لە پەڕەی تایبەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، دووشەممە 16ی9 ی 2024، دیوانی ئەنجومەنی وەزیران،

لەسەرفەرمانی مەسرور بارزانی ، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانی بە گرێبەست بوونی مامۆستایانی وانەبێژی وەزارەتی پەروەردە تەواوکرا .

هەروەها نووسیویەتی، ئومێد سەباح ، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بە نوسراوی فەرمی لیستی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردەی بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری ناردووە بۆ تەواوکردنی ڕێککارەکان و بە گوێرەی ڕێنمایی دارایی ژمارە 10ی ساڵی2019، مامۆستانی وانەبێژ لە1ی 9ی 2024ـەوە مووچەی مامۆستای گرێبەستیان بۆ خەرج دەکرێت.

ھەواڵی زیاتر