پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە لە ڕۆژێكدا توانای بەرهەمهێنانی 72 هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی قوشتەپە و گوندەكانی دەوروبەری لە سنووری پارێزگەی هەولێر. وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆش سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەكەن كە لە ڕۆژێكدا توانای بەرهەمهێنانی 72 هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە.
پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت و لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆەوە سەرپەرشتیی تەواوكردنی دەكرێت كە كێشەی كەمئاوی سنوورێكی فراوانی دەوروبەری هەولێر چارەسەر دەكات و ئاوەدانی بۆ ئەو ناوچە گەورەیە دەگەڕێنێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، گوژمەی پڕۆژەكە (189،670،000،000) دینارە و بەمزووانە دەست بە كارەكانی دەكرێت و هەوڵ دەدرێت لە ماوەیەكی كەمدا تەواو بكرێت.
پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری یەكێكە لە پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بودجەكەی بۆ تەرخان دەكرێت و سەرچاوەی ئاوەكەی لە زێی بچووك لە سنووری گوندی قەشقە دابین دەكرێت.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە گرنگی و توانای بەرهەمهێنانی ئاو لەلایەن پڕۆژەكەوە دەڵێت: پرۆژەكە پێكهاتووە لە سێ خەزانی گەورەی ئاو، یەكێك لەو خەزانانە لە سنووری بیستانەیە و یەكێكیشیان لە قوشتەپەیە. بە گشتی پڕۆژەكە كێشەی كەمئاوی لە قوشتەپە و بیستانە و زیاتر لە 60 گوندی سنوورەكە بە تەواوەتی چارەسەر دەكات و دەبێتە هۆی بووژانەوە و ئاوەدانیی ئەو گوندانە و بەردەوامی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ئەو سنوورە فراوانەی دەوروبەری هەولێر، جگە لەوەی كێشەی كەمئاوی لە قەزای قوشتەپە و بێستانە و گوندەكانی ئەو سنوورە بە تەواوەتی چارەسەر دەكات، هاوكات چەندین ناوچەی پیشەسازی و كارگە و بازاڕ و پڕۆژەی جۆراوجۆر كە گرفتی كەمئاویان هەیە دەكەونە سنووری ئەو پڕۆژەیەوە.