مەسرور بارزانی: ئاوەدانکردنەوەی کوردستان، بەرنامەی ئێستە و داهاتوومانە

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی بەنداوی دووین لە سنووری پارێزگای هەولێر؛ ڕایگەیاند، شوێنی بەنداوی دووین “زۆر گونجاوە بۆ گلدانەوەی ئاو و دیزاینی پرۆژەکە پێداچوونەوەی بۆ کراوە؛ بە جۆرێک هەم کاریگەریی لەسەر شوێنەوارە مێژووییەکانی ئەم دەڤەرە نەبێت و هەمیش بە ڕێژەیەکی زیاتر ئاو گلبداتەوە”.

وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی: داوام کردووە، وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی دیکە، ڕێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ ئەوەی هەموو ئەو ئاوەڕۆانەی لە دەوروبەری شەقڵاوە دێنە سەر ئەم ڕووبارە بپاڵێوڕێن و هیچ ئاوەڕۆیەک نەخرێتە سەر ئاوی بەنداوی دووین.

سەرۆکی حکوومەت باسی لەوەش کرد، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە، بەپێی ڕێنماییە شوێنەوارییەکان، قەڵای مێژوویی دووین و چەندین شوێنەواری دیکەی دەڤەرەکە نۆژەن بکرێنەوە و ڕێگە لە داڕووخانی زیاتریان بگیرێت.

بە گوتەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، هەموو ئەو جووتیارانە قەرەبوو دەکرێنەوە کە بەهۆی دروستکردنی بەنداوی دووین، بەشێکی زەوییەکانیان دەکەونە ژێر ئاو.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێی وایە، بە تەواوبوونی کارەکانی دروستکردنی بەنداوی دووین و نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە مێژووییەکان، دەڤەرەکە دەبێتە یەکێک لە گرنگرتین ناوەندە گەشتیارییەکان لە ڕووی سرووشتی و شوێنەواری.

سەرۆکی حکوومەت ڕوونی کردەوە، جێبەجێکردنی پرۆژەکە بە کۆمپانیایەکی خۆماڵی ڕاسپێردراوە کە بە گوتەی خۆی، “ئەزموونی باشی لە بواری دروستکردنی بەنداو بە دەست هێناوە”.

مەسرور بارزانی داوای لە هاووڵاتییان کرد، پاکوخاوێنیی ژینگە بپارێزن و هاوکاربن لەگەڵ حکوومەت، بۆ ئەوەی “سروشتی جوانی هەرێمی کوردستان بکەنە شوێنێک، گەشتیاران لە هەموو جیهان بەرەو کوردستان ڕابکێشن”.

سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە، “ئاو، ئاوەدانییە و ئاوەدانکردن و گەشەسەندنی زیاتری کوردستانیش، بەرنامەی ئێستا و داهاتووی ئێمەیە”.

دەقی گوتاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کـوردستان:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز

ئەمڕۆ لەم پێگە مێژووییە لە تەنیشت قەڵای دوین، شوێنەواری مێژوویيی سەركردەی كورد سەڵاحەدینی ئەیوبی كۆبووینەتەوە، بۆ ئەوەی هەنگاوێكی گرنگ و مێژوویی بۆ ئەم دەڤەرە بنێین و بەردی بناغەی بەنداوی دوین دابنێین.

ئەم شوێنە زۆر گونجاوە بۆ گلدانەوەی ئاو و دیزاینی پرۆژەكە پێداچوونەوەی بۆ كراوە، بە جۆرێك كە هەم كاریگەری لەسەر شوێنەوارە مێژووییەكانی ئەم دەڤەرە نەبێت، هەمیش بە ڕێژەیەكی زیاتر ئاو گل بداتەوە.

داوام كردووە هەرچی زووتریش وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی تر، ڕێكاری پێویست بگرنە بەر، بۆ ئەوەی هەموو ئەو ئاوەڕۆیانەی لە دەوروبەری شەقڵاوە دێنە سەر ئەم ڕووبارە، بپاڵێورێن و هیچ ئاوەڕۆیەك نەخرێتە سەر ئاوی ئەم بەنداوە. هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەكانمان ڕاسپارد كە بەپێی ڕێنمایی و ڕێكارە شوێنەوارییەكان، قەڵای مێژوویيی دوین و چەندین شوێنەواری دیكەی ئەم دەڤەرە نۆژەن بكرێنەوە و ڕێگە لە داڕووخانی زیاتریان بگیرێت.

هەروەك دەزانن ئەم سنوورە زۆر زۆر دەوڵەمەندە بە چەندین شوێنەواری مێژوویی لە چەندین سەردەمی جیاواز. بڕیارمان داوە كە قەرەبووی گونجاوی ئەو برا جووتیارانەمان بكرێته‌وه‌ كە بەشێك لە زەوییەكانیان دەكەونە ژێر ئاو، یانیش دەبنە محەرەماتی بەنداوەكە.

بەڕێزان:

بە تەواوبوونی ئەم بەنداوە و بە نۆژەنكردنەوە و گرنگیپێدانی ئاسەوارە مێژووییەكان، ئەم دەڤەرە دەبێت بە یەكێك لە گرنگترین ناوەندەكانی گەشتیاری لە ڕووی سروشتی و شوێنەواری. هەروەها ئەم بەنداوە لە ڕووی كشتوكاڵی و سامانی ماسی و بەرزكردنەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی كاریگەریی زۆری دەبێت.

جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە بە كۆمپانیایەكی خۆماڵی ڕاسپێردراوە، كە ئەزموونی باشی لە بواری دروستكردنی بەنداو بەدەست هێناوە، ئەو توانا ناوخۆییانەش جێبەجێكردنی پلان و بەرنامەكانمان ئاسانتر دەكات و هەموو جۆرە ئاسانكاری و هاوكارییەكیش بۆ ئەم جۆرە كۆمپانیا ناوخۆییانە دەخەینە بەردەست تاوەكوو ئەزموونی خۆیان دەوڵەمەندتر بكەن و كوالێتیی كارەكانیان بەرزتر بكەن.
لێرە جێی خۆیەتی كە دەستخۆشی لە كۆمپانیای (سەنك) و كاك عەبدوڵا بكەم، بۆ هەموو ئەو هەوڵانەی كە داویانە لە تەواوكردنی بەنداوی گۆمەسپان، هیوادارم لە ماوەیەكی زوودا بتوانن بەنداوی (دوین)یش دروست بكەن و بكەوێتە خزمەتی هەموو هاووڵاتیيانی كوردستان.

ئەو پلانە ستراتیژییەی ئێمە كە لە بواری ئاو گرتوومانەتە بەر، بۆ ئێستا و داهاتووی وڵاتمان كاریگەریی زۆری هەیە. گلدانەوەی ئاوی باران و كانیاوەكانمان، لە سەرەكیترین ڕێكارەكانمانە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا و لێكەوتەكانی وشكەساڵی. ئێمە لە پلانەكانمان بەردەوام دەبین و داواشمان لە هاووڵاتیيانی خۆشەویست ئەوەیە كە پاك و خاوێنیی ژینگەكەمان بپارێزن و هاوكارمان بن، بۆ ئەوەی ئەم سروشتە جوانەی هەرێمی كوردستان بپارێزن و بیكەن بە شوێنێك كە گەشتیاران لە هەموو جیهان بەرەو كوردستان ڕابكێشن.
ئاو ئاوەدانییە، ئاوەدانكردن و گەشەسەندنی زیاتری كوردستانیش، بەرنامەی ئێستا و داهاتووی ئێمەیە. جارێكی دیكە سوپاس بۆ ئەم پرۆژانە، لە هەموو هاووڵاتیيانی كوردستان پیرۆز بێت، ئێوە هەر ساخ و سەلامەت و تەندروست بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت. زۆر سوپاس.

ھەواڵی زیاتر