شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

نەتەوە یەكگرتووەكان: داعش جینۆسایدی بەرامبەر ئیزیدییەكان كردووە

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

لە چوارچێوەی تەواوكردنی چالاكییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ بەرەوپێشبردنی لێپرسینەوە لە تاوانەكانی داعش (یونیتاد) پێش داخستنی، ڕاپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە و، پڕژاوەتە سەر باسی وردەكاریی تاوانە نێودەوڵەتییەكانی ڕێكخراوی دەوڵەتە ئیسلامییەکەی عێراق و شام (داعش) دژی پێكهاتەی ئێزدی، دوای دە ساڵ لە هێرشە دڕندەكەی شنگال. لە كۆتایی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە كە تیمی لێكۆڵینەوەی یونیتاد زەمینەیەكی گونجاوی هەیە بۆ ئەوەی باوەڕی بەوە هەبێت كە تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید ئەنجام دراوە.

هەر لەو پێوەندییەدا، ڕاوێژكاری تایبەت بە وەكالەت و بەرپرسی تیمی لێكۆڵینەوە، ئانا پیێرۆ لۆبیس، وتی: “هەزاران قوربانی و ڕزگاربووی ئێزدی بە دەستی تاوانبارانی داعش، زراویان تۆقیوە.” ئاماژەی بەوەش كرد: “تیمی لێكۆڵینەوە (یونیتاد) پێشتر ڕایگەیاندبوو كە زەمینەی مەعقولیان هەیە بۆ ئەوەی باوەڕیان بەوە هەبێت، بە پشتبەستن بە بەڵگەی ڕوون و قەناعەتپێكەر، كە جینۆساید دژی ئێزدییەكان کراوە. بەو هیوایەی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە دڕندەییانەی بكرێت.”
كۆپییەكی ئەم ڕاپۆرتە لە 10ـی ئەیلولی 2024، بەپێی بەڵگەنامەی مەرجەكانی كاركردن بۆ تیمی لێكۆڵینەوە (یونیتاد) لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق تاوتوێ كرا.