له‌ گه‌ڕه‌كی ژین شه‌قامێكی نوێ ڕۆده‌نرێت

چواس خالید – هەولێر

له‌ چوارچێوه‌ی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری و باشتركردنی شه‌قامه‌كان له‌پێناو سه‌لامه‌تی هاتوچۆی هاووڵاتیان، ڕێگای سه‌ره‌كی ‘مامه‌جه‌لكه‌ – فریز’ قیرتاو ده‌كرێت، هاوكات له‌ ناحیه‌ی داره‌توو شه‌قامێكی ٢٠ مه‌تری ڕۆده‌نرێت و ئاوه‌ڕۆی لوله‌یی داده‌ندرێت.

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌ دانیشتوانی شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، بۆ باشتركردنی ڕێگه‌ و شه‌قامه‌كان له‌ پێناو سه‌لامه‌تی هاتوچۆی هاووڵاتیان، ده‌ستكرا به‌ قیرتاوكردنی ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی ‘مامه‌جه‌لكه‌ – فریز’، كه‌ ڕێگه‌یه‌كی گرنگ و ستراتیژیی بازرگانی و گه‌شتیارییه‌.
ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی ‘مامه‌جه‌لكه‌ – فریز’، ده‌كه‌وێته‌ سنووری قه‌زای شه‌قڵاوه‌ و شاره‌كانی هه‌ولێر و دهۆك و سۆران بۆ سلێمانی به‌ یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ و ڕێگه‌یه‌كی قه‌ره‌باڵغی پڕ هاتوچۆیه‌.
پڕۆژه‌ی ڕۆنانی شه‌قامی ‘مامه‌جه‌لكه‌ – فریز’، له‌لایه‌ن تیمه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاككردنه‌وه‌ و پاراستنی ڕێگاوبانی هه‌ولێر جێبه‌جێ ده‌كرێت، كه‌ پێكهاتووه‌ له‌، هه‌ڵكه‌ندنه‌وه‌ی قیری كۆن، چاككردنه‌وه‌ی چینی سه‌بگرێد، فه‌ڕشكردنی تێكه‌ڵه‌ و تێكه‌ڵه‌ی به‌ردی شكاو، دواتر قیركردنی به‌ چینی ستابلایزه‌ر.
به‌ ته‌واوبوونی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌، ڕێگه‌یه‌كی سه‌لامه‌ت ده‌خرێته‌ خزمه‌ت هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رباری زوو گه‌یشتن، ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ كه‌متر ده‌كاته‌وه‌.
جیا له‌وه‌ و هه‌ر له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر، له‌ به‌رده‌وامی گه‌یاندنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان و له‌ پێناو باشتركردنی ڕێگه‌وبانه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاسته‌نگی هاتوچۆی هاووڵاتیان و چاره‌سه‌ركردنی گرفتی په‌نگخواردنه‌وه‌ی ئاو، ده‌ستكرا به‌ شه‌قامێكی ٢٠ مه‌تری و دانانی ئاوه‌ڕۆی لوله‌یی قه‌باره‌ ٩٠ سانتیمه‌تر، بۆ هه‌ردوو لای شه‌قامه‌كه‌، كه‌ درێژییه‌كه‌ی سه‌د مه‌تره‌، له‌ كه‌رتی دووهه‌زاری گه‌ڕه‌كی ژین.
پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری بنیاتنان و دانانی بۆڕی ئاوه‌ڕۆی لوله‌یی له‌ گه‌ڕه‌كی ژین، له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی داره‌توو، له‌سه‌ر بودجه‌ی ئاسایی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی جێبه‌جێ ده‌كرێت، كه‌ تێچووه‌كه‌ی نه‌وه‌ت و دوو ملیۆن دیناری عێراقییه‌.
به‌ ته‌واو بوونی پڕۆژه‌ی قیرتاوكردنی شه‌قامی بیستی گه‌ڕه‌كی ژین، گرفتی هاتوچۆ له‌و ناوچه‌یه‌ نامێنێت و كارئاسانی بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت، كه‌ پێشتر و به‌تایبه‌ت له‌ وه‌رزی زستاندا هاتوچۆ ئه‌سته‌م بوو، هاوكات چاره‌سه‌ری كۆبوونه‌وه‌ی ئاو له‌و گه‌ڕه‌كه‌ ده‌كات.
هه‌ر له‌ درێژه‌ی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری به‌ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، قیرتاوكردن و چاكردنه‌وه‌ی شه‌قام و كۆڵانه‌كانی پیشه‌سازی باكوور له‌ هه‌ولێر ده‌ستی پێكرد
له‌ پێناو خزمه‌تكردنی زیادتری شۆفێران و پێشه‌وه‌رانی ناوچه‌كه‌، له‌لایه‌ن تیمه‌كانی قیرتاوكردن و چاككردنه‌وه‌ی شه‌قامی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر، ده‌ستكرا به‌ قیرتاوكردن و چاككردنه‌وه‌ی چاڵ و شكسته‌كانی به‌شێك له‌ كۆڵانه‌كانی پێشه‌سازی باكووری هه‌ولێر.
سه‌رباری درێژبوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی ته‌نگژه‌ی دارایی له‌ هه‌رێمی كوردستان، ڕۆنان و بنیاتنانی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان به‌رده‌وامه‌، كه‌ له‌ شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتیانی ده‌كات، به‌پێی ئاماری به‌رده‌ستی ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر، كاره‌كانی چوار ساڵی ٢٠١٩ تا ٢٠٢٢،ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌و ماوه‌یه‌دا سێ هه‌زار و سێ سه‌د و په‌نجا و نۆ پڕۆژه‌ی جیا جیا، به‌ گوژمه‌ی دوازده‌ ترلیۆن و هه‌شت سه‌د و سی و هه‌شت ملیار و شه‌ش سه‌د و حه‌وت ملیۆن دینار له‌ هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ كردووه‌، ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ له‌ كوردستان نموونه‌ییه‌، كه‌ به‌پێی ئاماره‌كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا، به‌ به‌رده‌وامی و هه‌موو ڕۆژێك دوو پڕۆژه‌ و نیوی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شكراوه‌ و ئه‌وه‌ش له‌ دنیادا كه‌م وێنه‌یه‌.
پێشكه‌شكردن و جێبه‌جێكردنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری به‌ شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌كاتێكدایه‌، له‌ ساڵی ٢٠١٤ه‌وه‌ حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ، به‌ بیانووی جۆراوجۆر، ماوه‌ی ١٠ ساڵه‌ به‌شه‌ بودجه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانی نه‌ناردووه‌.