دەزگای خێرخوازیی بارزانی ١٨ قوتابخانەی سنووری پارێزگای دهۆک نۆژەن دەکاتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

‎دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سنووری پارێزگای دھۆک ١٨ قوتابخانە نۆژەن دەکاتەوە و ڕادەستی پەروەردەی گشتیی دھۆک دەکات بۆ درێژەدان بە خوێندن. بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی دھۆک، دەڵێت: حکوومەتی ھەرێم لە چوار ساڵی ڕابردوودا ٥١١ قوتابخانەی نۆژەنکردوونەتەوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت حکوومەتی ھەرێم گرنگییەکی زۆری بە کەرتی پەروەردە و فێرکردن داوە.

‎لە چەند ساڵی ڕابردوودا دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سنووری پارێزگای دھۆک ٧٠ قوتابخانەی نۆژەنکردوونەتەوە و ڕادەستی پەروەردەی گشتی کردوونە، بەگوتەی بەرپرسانی ئەو دەزگایە، ئەو پلانە بەردەوام دەبێت نەک تەنیا لە پارێزگای دھۆک، بەڵکو لە ھەموو شار و شارۆچکەکان بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی کەرتی پەروەردە بکەن. فەلاح حەسەن، جێگری بەرپرسی ئۆفیسی دھۆک دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لە پڕۆژەیەکی نوێدا ھەژدە قوتابخانەمان لە سنووری دھۆک و ئیدارەی زاخۆ بەگوژمەی ٣٣٣ ملیۆن دینار نۆژەن کردوونەتەوە، لەوانە ١٤ قوتابخانە دەکەونە سنووری پەروەردەی گشتی دھۆک و چوار قوتابخانەش دەکەونە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، نۆژەنکردنەوەی ئەو قوتابخانانە دەرفەتی کاری بۆ ھەزار کەس ڕەخساند.
‎جێگری بەرپرسی ئۆفیسی دھۆک دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەشڵێ: وەکو دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە خزمەتکردنی کەرتی پەروەردە بەردەوام دەبین، نەک تەنیا نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی بینای نوێ، بەڵکو لە پێگەیاندن و پێشخستنی کەرتی پەروەردە.
‎عومەر عەلی، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی دھۆک، بە “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەین بۆ ئەو خزمەتگوزاریانەی کە لە بواری پەروەردە و فێرکردن پێشکەش دەکات، ١٨ قوتابخانە پاش نۆژەنکردنەوەیان ڕادەستی ئێمە کران، ئەوەش جاری یەکەم نییە دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەو کارە دەکات، بەڵکو بەردەوام قوتابخانە نۆژەن دەکاتەوە، ئەو قوتابخانانەی کە نۆژەنکراونەتەوە لە سنووری ھەموو پەروەردەکانن، لە کاتی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان، قوتابییان لە کەشێکی ئارام و ھێمانە لەو قوتابخانانە درێژە بە خوێندن دەدەن.
‎بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی دھۆک، گوتیشی: حکوومەتی ھەرێم لە چوار ساڵی ڕابردوودا لە سنووری پارێزگای دھۆک ٥١١ قوتابخانەی نۆژەن کردوونەتەوە، یان پۆلی نوێی زیاد کردووە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت حکوومەتی ھەرێم گرنگییەکی زۆری بە کەرتی پەروەردە و فێرکردن داوە.

ھەواڵی زیاتر