نێچیرڤان بارزانی: نابێت بانگەشەی هەڵبژاردن ئاسایشی کۆمەڵایەتی تێک بدات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، نابێت بانگەشەی هەڵبژاردن بەشێویەک بێت یەکتر بشکێنن و بسڕنەوە و نابێت بانگەشەکان بە شێوەیەک بێت ئاسایشی کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان تێک بدات.

یەکشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەماوەی ئەم سێ ساڵەدا کارو پرۆژەی زۆر جوان باش کراوە بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.

سەرۆکی هەرێم دەڵێت: ئەوەی ئەمەوێت بیلێم ئەوەیە کە خەڵکی ئێمە شایەنی خزمەتگوزاری زۆرترە، پێویستییان بە خزمەتگوزارییە. دەستخۆشی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە کاری باشیان بۆ ئەم ئیدارەیە کردووە.

دەشڵیت: دەبێت بانگەشە بکرێت، بەڵام بە شێوازێک بێت کەس کەس نەشکێنێت، لە ئەنجامدا هەموومان لەناو یەک کەشتیداین، هەڵبژاردن شتێکی ئاساییە و دەکرێت، بەڵام نابێت بگاتە ئاستی یەکتر شکاندن و یەکتر سڕینەوە. نابێت بانگەشەی هەڵبژاردن بەشێوەیەک بێت ئاسایشی کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان تێک بدات.

سەبارەت بە کێشەکانی بەغدا لەگەڵ هەرێم نێچیرڤان بارزانی گوتی، حکوومەتی هەرێم هەوڵ دەدات کێشەکان چارە بکات، ئێمە کارەکانمان دیارە دەمانەوێت هەموو کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق چارە بکرێت.

ڕاشیگەیاند “هاتنی ئێمە بۆ ئەم دەڤەرە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخی ئێرە بین، ئەوەی لەم دەڤەرەش بینیم کارێکی باش و جوان کراوە دەستخۆشی لە هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە ماندوو بوون بە زاخۆوە”.

 سەرۆکی هەرێم گوتیشی: حکوومەتی هەرێم ئامادەیە نەوت هەناردە بکات، کێشەکە لە حکوومەتی هەرێم نییە، کێشەکە بەغدایە وەک حکوومەتی هەرێم ئێمە ئامادەین بۆ هەناردە کردن. سەبارەت بە کێشەی مووچەش نێچیرڤان بارزانی گوتی: تا ئەم ساتە مووچە دەدرێت، داوای لێبووردن لە فەرمانبەران دەکەین هەندێکجار مووچە دوا دەکەوێت، بەڵام باوەڕ ناکەم کێشە لەسەر مووچە هەبێت.

ھەواڵی زیاتر