لە سنووری كۆیه‌ 3 حاڵەتی نەخۆشی کۆلێرا تۆمارکرا

لە شارۆچکه‌ی كۆیه‌ سێ حاڵەتی تووشبوون به‌ نەخۆشیی کۆلێرا تۆمار كرا و تەندروستی گشتیی شاره‌كه‌ش داوا لە هاووڵاتیان ده‌كات بەباشی رێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێ بکەن. 
    

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی کۆیە بڵاویکردەوە، هۆشداریی دەدەینە هاووڵاتیان کە سێ حاڵەتی نەخۆشی کۆلێرا لە سنووری شارۆچکەکە تۆمارکراون كه‌‌ یەکێکیان لە سه‌نته‌ری قەزای کۆیەیە و دووانەکەی دیکەشیان لە ناحیەی تەق تەقن.

 ئاماژەی بەوەشکردوە، داوا لە هاووڵاتیان دەکەین رێکارەکانی خۆپارێزی بە باشی جێبەجێ بکەن، لەوانەش، راگرتنی پاکوخاوێنی کەسی، دڵنیابوونەوە لە پاکیی سەرچاوەی ئاو، ئاگاداربوون لە خواردنی سەوزە و میوە و باش شۆردنەوەیان پێش خواردنیان و خۆبەدوورگرتن لە خواردنی دەرەوە و سەردانەپۆشراو.

 ئەوەشی خستووه‌ته‌ڕوو، پێویسته‌ هاوولاتیان لە کاتی بوونی حاڵەتی سکچوونی تووند سەردانی نەخۆشخانە بکەن. جه‌ختیشی كردووه‌ته‌وه‌ تیمەکانی تەندروستی بەمەبەستی دڵنیابوونەوە لە بڵاونەبوونەوەی نەخۆشییەکە بە بەردەوامیی لە ئەرکدا دەبن و پشکنین بۆ سه‌رجه‌م سەرچاوەكانی ئاو و شوێنکار و خواردنگە و جێگە گومانلێکراوەکان دەکەن.

ھەواڵی زیاتر