ئەمڕۆ یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) له‌ هه‌ولێر كرایه‌وه‌ 

بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان لە بەردەم قەڵای هەولێر و نێو بازاڕی گەورە یادی مەولودی پێغەمبەری ئیسلام حەزرەتی محەمەد (د.خ) كرایه‌وه‌.

ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 15ی9ی2024، یادی لەدایک بوونی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ) لە شاری هەولێر كرایه‌وه‌، کە هەموو ساڵێک لە رۆژی 12ـی رەبیعولئەوەلی کۆچیدا ئەو یادە دەکرێتەوە، خەڵکی لە مزگەوتەکان و بازاڕی شاری هەولێر ئاهەنگ دەگێڕن و شیرینی دەبەخشنەوە.

لە مەراسیمەکەدا خەڵکی بە گوتنەوەی سرودی ئایینی و موناجاتی ئیسلامی بەشدار دەبن، هەروەها هاووڵاتییان و کاسبکاران و دوکاندارانیش بە بەخشینەوەی شیرینی یادی رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەر محەمەد (د.خ) دەکەنەوە.

بەشێک لە خەڵکی شاری هەولێر ساڵانە بەهۆی خۆشی ئەمڕۆژەوە، خزمەتگوزاری سەرتاشین و گواستنەوە بە تاکسی و پاس و دابەشکردنی ژەم و شیرینی و شەربەت و سازدانی ئاهەنگ بەخۆڕایی پێشکەش دەکەن، هەروەها دابەشکردنی ئاڵای دیاریکراو بۆ ئاهەنگی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر (د.خ)، لە هەموو ناوچە و گەڕەکەکانی شار بە درێژایی ئەو رۆژە.


مەولود رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام محەممەد کوڕی عەبدوڵایە، کە لە رۆژمێری کۆچیدا دەکەوێتە 12ـی رەبیعولئەوەلەوە، بەبۆنەی ئەو رۆژەش لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی پشووی فەرمییە و موسڵمانان ئاهەنگ دەگێڕن و شیرینی دەبەخشنەوە، هەروەها لە مزگەوتەکان باسی ژیاننامەی پێغەمبەر (د.خ) دەکرێت و سروود و شیعریش دەخوێندرێتەوە.

لە سەردەمی سوڵتان موزەفەرەدین لە ساڵی 1190ـی زایینی کە فەرمانڕەوای شاری هەولێر بووە، ساڵانە یادی لەدایک بوونی پێغەمبەری کردووەتەوە، کە  زۆرینەی خەڵکی شارەکە دەچنە دەرەوە و لە نزیک قەڵا کۆدەبنەوە بۆ ئاهەنگگێڕان بەم بۆنەیەوە.

ھەواڵی زیاتر