قائیمقامێک و دوو بەڕێوەبەری ناحیە سوێندی یاساییان خوێند

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12/9/2024، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرد و ڕێورەسمی دەستبەکاربوون و خوێندنی سوێندی یاسایی مغدید عریف ئەحمەد، قائیمقامی قەزای خەلیفان، جێگر حسێن کەریم بەڕێوەبەری ناحیەی سرێشمە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دێدەوان خلیل خاڵانی محەمەد بەڕێوەبەری ناحیەی بێستانە لە پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو.

دوای خوێندنی سوێندی یاسایی کە خزمەتکاری خەڵک بن و بە بێلایەنی و دەستپاکی و پیشەیی بەرنامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خزمەتکردنی خەڵک و کوردستان جێبەجێ بکەن، وەزیری ناوخۆ لە گوتەیەکدا سەرەڕای پیرۆزبایی کردن لێیان، هانیدان کە وەرگرتنی پۆست و بەرپرسیارێتی لە حکوومەتی کوردستان وەکوو دەرفەتی گەورە بۆ خزمەتکردنی خەڵک بە بێلایەنی و پیشەیی و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان ببینن.

شیاوی باسە بەرزکردنەوەی ئاستی ئیداری خەلیفان لە ناحیەوە بۆ قائیمقامیەت و هێنانەکایەوەی ناحیەی سرێشمە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ناحیەی بێستانە لە پارێزگای هەولێر لە بڕیارە نوێیەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانن بە مەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ هاووڵاتیانی ئەو سنوورانە و جێبەجێکردنی بەرنامەکانی کابینەی نۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

ھەواڵی زیاتر