لایەنە پەیوەندیدارەکان زیادبوونی ژمارەی بەرازەکان بۆ ڕاو نەکردنیان دەگەڕێننەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە گوند و ئاواییەکانی ناوچە سنوورییەکان بەتایبەتی لە ئیدارەی سۆران بەراز زیانی زۆری بە باخ و کێڵگە کشتوکاڵییەکان گەیاندووە. بەگوتەی جووتیاران، ھیچ کاتێک ھێندەی ئێستا بەراز زۆر نەبووە و زیانی پێنەگەیاندووین، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش زیادبوونی ژمارەی بەرازەکان بۆ ڕاونەکردنیان گەڕاندەوە.

خاوەن باخ و جووتیارانی ئیدارەی سۆران نیگەرانن لە زۆربوونی بەراز لە ناوچەکە کە بووتە ھۆی زیان گەیاندن بە بەروبوومە کشتوکاڵییەکان، ماوەی چەندین ساڵە بەراز بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، وەکو دانیشتووانی گوند و ئاواییەکان دەڵێن، بەراز ترسی لە ھاووڵاتییان نەماوە و بە شەوان دێتە ناو باخ و بێستانەکانمان و ھەر چی بەروبووم ھەیە لەناو دەبات.
لەو ڕەزانەی ترێ کە لە دامێنی ناوچە شاخاوییەکان ھەڵکەوتوون، ساڵانی ڕابردوو سەدان تۆن ترێی ڕەش و سپی بەرھەم دەھێندراو دەخرایە بازاڕەوە، ئێستا بەراز لە شەواندا کارێکی بە بەروبوومی ترێی ڕەزی جووتیاران کردووە، داھاتەکەی بە جۆرێک کەمی کردووە کە ھەندێک لە جووتیاران دەستیان لە ڕەزەکانیان بەرداوە.
جووتیارێک بڵندگۆیەکی لەنێو ڕەزەکەی داناوە، گۆرانیەکی شاد و خێرای بە دەنگی بەرز خستووەتە سەر و دەڵێت، تا بەیانی گۆرانی شاد و ھەڵپەڕکێ بە دەنگی بەرز دەڕوات، بەڵام ئێستا لەوەش ناترسن، بەیانی وا ھەبووە لە نزیک ئەو بڵندگۆیەی گۆرانیم خستووەتە سەری، بەراز لەوەڕاوە، زیانی بە ملیۆنان دینار گەیاندووەتە ئێمەی جووتیاران.
جووتیاران، دەڵێن، ژیانمان نەماوە بەدەست بەرازەوە، ھەرچی دەکەین ئەوان دەیخۆن و لەناو دەبەن، شەوانە ئێشکگری و پاسەوانی لە باخ و ڕەزەکانمان دەکەین، بۆ ئەوەی ڕەنجی ئەمساڵمان بەخەسار نەچێت، بەڵام ئەگەر وا بڕوات ناچارین دەست لە کاری کشتوکاڵی بەردەین و گوند و ئاواییەکان چۆڵ بکەین.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، لەگەڵ لایەنی بەرپرس قسەمان کردووە بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ دوورخستنەوەی بەرازەکان بکرێت، تا لەوە زیاتر زیان نەکەین، چونکە ھیچ ساڵێک بە قەد ئەمساڵ بەراز ئەوەندە زۆر نەبووە لە ناوچەکە.
ئەگەر لە ڕابردوودا جووتیاران و خاوەن ڕەزەکان پەنایان بۆ کوشتنی بەراز بردبێت کە ھاتبێتە نێو ڕەزەکانیان، ئێستا سزای کوشتنی ھەر بەرازێک لە ملیۆنێک دینار کەمتر نییە و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نییە، بۆیە تاکە ئومێدی جووتیاران و خاوەن ڕەزەکان ئەوەیە بەراز لە ڕەزەکانیان دوور بخەنەوە. عەقید ئەمیر خۆشەوی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئیدارەی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: بەپێی ماددەی ٤٢ی یاسای چاکسازی دارستان ئەوەی خاوەن ڕەز و باخ و مەڕ و ماڵات بێت، ئەگەر بەراز یان گورک، یان ھەر ئاژەڵێکی دیکەی دڕندە زیانی پێ گەیاند دەبێت داواکاری پێشکەش بکات، دواتر لیژنەیەک پێک دێت و سەردانی ئەو شوێنە دەکات، ئەگەر گەیشتە ئەو بڕوایە کە زیان بە خاوەنی ڕەز و باخەکە یان خاوەن مەڕ و ماڵاتەکە کەوتووە، مۆڵەت بەو کەسە دەدرێت ئەو ئاژەڵانە لەناو ببات، بەڵام بە مەرجێک لەژێر چاودێری پۆلیسی دارستان و ژینگەدا بێت.

ھەواڵی زیاتر