ئامانجی هەژماری من مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابوورییە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پڕۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران لەڕێگەی پڕۆژەی ھەژماری من بەردەوامە، تا ئێستا پێنج سەد ھەزار فەرمانبەر خۆیان تۆمار کردووە، تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم مووچەخۆران لە ھەژماری من تۆمار دەکرێن، فەرمانبەران سوودمەندی یەکەمن لە پڕۆژەکە و پڕۆژەیەکی پێشکەوتووی بانکییە و مووچەخۆران لە ١٩ خزمەتگوزاری بانکی و چەندین جۆری قەرز و پێشینە سوودمەند دەبن. وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: ھەژماری من ھەم تەوتینە و ھەم سیستەمێکی پێشکەوتووی بانکییە، عێراق سیستەمێکی بانکی ھاوشێوەی ھەرێمی کوردستان دروست دەکات.

گرنگی پڕۆژەکە
پڕۆژەکە ئاسانکاری دەکات بۆ دەست ڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریە بانکییە مۆدێرنەکان وەک قەرز، پاشکەوت کردن و پارەدانی دیجیتاڵی بۆ نزیکەی یەک ملیۆن فەرمانبەر فەراھەم دەکات، ھەروەھا پشت بەستن بە مامەڵەی کاش کەمدەکاتەوە و کارایی حکوومەت و شەفافیەتیش زیاتر دەکات، ئاسانکاریەکی زۆر بۆ مامەڵە بانکییەکان دەکات، لەڕێگەی پڕۆژەی ھەژماری منەوە مووچەخۆران ھەر مووچە نا، بەڵکو لە ١٩ خزمەتگوزاریی بانکی و چەندین جۆری قەرز و پێشینە سوودمەند دەبن، لە ھەمان کاتدا پڕۆژەکە ڕێگری لە سپیکردنەوەی پار دەکات و گەندەڵی کەم دەکاتەوە.

٥٠٠ ھەزار فەرمانبەر تۆمار کراون
ئەم مانگە مووچەخۆرانی ھەردوو پارێزگای سلێمانی و دھۆک ھاوشانی پارێزگای ھەولێر، مووچەکانیان بەشێوازی دیجیتاڵی و لەڕێگەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە ئەی تی ئێم تایبەت بە ھەژماری من مووچەکانیان وەرگرت، ھەر بەشدرابوویەکی پڕۆژەکە دەتوانێت لە سەرجەم بانکە بەشدرابووەکانی پڕۆژەی ھەژماری من مووچەکەی وەربگرێت. ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی ھەرێم، ڕاگەیاند، ئێستا نزیکەی پێنج سەد ھەزار فەرمانبەر خۆیان لە سیستەمەکەدا تۆمار کردووە و ئەم مانگە ١٢٠ ھەزار فەرمانبەر لە ڕێی ھەژماری منەوە مووچەیان وەرگرت.

ئامانجی هەژماری من
ئامانج لە پڕۆژەکە ھەوڵی مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابوورییە لە ھەرێمی کوردستان و خێراترکردنی پڕۆسەی بە دیجیتاڵکردنی حکوومەتە، کە بەشێکی سەرەکییە لە دیدگای مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەرەوپێشبردنی چاکسازی و گۆڕانکاری ڕیشەیی و پاڵپشتی پارەدانی دیجیتاڵی لە ھەرێمی کوردستان.

سوودەکانی پڕۆژەکە
پڕۆژەکە چەندین سوودی جۆراوجۆری بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان ھەیە لە بواری ئاسانکاری و سەلامەتی ھەژمارەکان دەبێتە ھۆی پێدانی مووچەی فەرمانبەران بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و لە کاتی خۆیدا، بەبێ بوونی نۆرە و کاتی زۆر، ھەروەھا توانای دەستڕاگەیشتن بە پارە لە ھەر شوێنێک بە بەکارھێنانی بانکی مۆبایل – ئەنتەرنێت بەبێ سەردانی لقەکان، ھەروەھا کاریگەری دەبێت لەسەر داھاتی زیادە لە دانانی پارەی نەختینەیی ناکاو لە پاشەکەوتدا و کڕینی کاڵا یان خزمەتگوزاری یان پارەدان بە خەرجییە کەسییەکان لەڕێی قەرزی ئاسانەوە، ھەروەھا لەو ڕێگەیەوە دەتوانرێت پارە بدرێت بۆ کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییە ئۆنلاینەکان و حەواڵە لە نێوان ھەژمارە جیاوازەکان و وەرگرتنی حەواڵەی نێودەوڵەتی بێ ئەوەی پێویست بە سەردانی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو بکات، لە ھەمانکاتدا ئەم ھەنگاوە دەبێتە ھۆی بەشداریکردنی ھاووڵاتییان لە کەرتی بانکیدا و ھەنگاو بە ھەنگاو زیادبوونی بەرھەمی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە، خەرجی بەکاربەرانیش بەھۆی زیادبوونی قەرزی تاکەکەسی زیاد دەبێت و دەرفەتی کاری زیاتریش لە کەرتی بانکیدا دەڕەخسێنێت.

ئامێرەکان
ڕاکێشانی پارە لە ئامێرەکان بە خۆراییە، ھەر ئامێرێک ١٠٠ بۆ ٣٠٠ ملیۆن دینار پارە تێدا شوێن دەبێتەوە، کاتێک پارە لەناو ھەر ئامێرێک نامێنێت مانای نەبوونی پارە نییە، بەڵکو ھۆکاری سەرەکی بۆ کەمی ژمارەی تیمی بانکە ڕاسپێردراوەکان بۆ پڕکردنەوەی ئامێرەکان دەگەڕێتەوە، لە ئێستادا ھەر بانکێک دوو تیمی بۆ ئەم مەبەستە دیاری کردووە.

تۆمارکردنی مووچەخۆران
لە سنووری پارێزگای ھەولێر، ڕێژەی تۆمارکردن گەیشتووەتە ٩٦% و مووچەی ١١٦ ھەزار مووچەخۆر خراوەتە سەر ھەژماری من، لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ڕێژەی تۆمارکردن گەیشتووەتە ٣٣% و مووچەی نزیکەی دوو ھەزار و ٥٠٠ مووچەخۆر خراوەتە سەر ھەژماری من، لە دھۆک ڕێژەی تۆمارکردن گەیشتووەتە ٩٢% و مووچەی نزیکەی ھەزار و ٥٠٠ مووچەخۆر خراوەتە سەر ھەژماری من، لە سەرجەم پارێزگاکان تاوەکو ئێستا ٦٣ بنکە و ١٩٣ ئامێر بۆ ڕاکێشانی پارە دانراون، بەجۆرێک، مووچەخۆرانی پارێزگای ھەولێر لە ڕێگەی ٥٦ بنکە و ١٦٤ ئامێر، لە پارێزگای سلێمانی لە ڕێگەی پێنج بنکە و ٢٠ ئامێر، لە سنووری دھۆکیش لەڕێگەی دوو بنکە و نۆ ئامێر مووچەی مانگی تەممووزیان وەرگرت.

ڕۆڵی هەیە لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی
ئەو پڕۆژەیە کە دەستپێشخەری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بوو، خۆشی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی پڕۆژەکە دەکات، ھەنگاوێکی گرنگە بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی. ئاراس نەجات، شارەزا لە بواری ئابووری، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، پڕۆژەی ھەژماری من، پڕۆژەیەکی حکوومییە و بۆ خزمەتی فەرمانبەران کراوە، وەزارەتی دارایی بەردەوام دڵنیایی دەداتە فەرمانبەران و مانگانەش مووچە لەڕێگەی پڕۆژەکەوە دابەشدەکرێت، ھەر کەس و لایەنێک دژایەتی پڕۆژەکە بکات لە بەرانبەر سەرکەوتنەکەیەتی، ئەو ھەژمارە بۆ فەرمانبەرانە و بۆ بەمۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و دروستکردنی متمانەیە لە نێوان بانک و ھاووڵاتییان ئەوەش گەشەپێدانی ئابووریی ھەرێمی کوردستانی لێ دەکەوێتەوە، ھەروەھا ھەنگاوێکی گرنگە بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، کە بەپێی ماددەی ١٣ لە یاساکە ھەژمارێکی بانکی بۆ سەرجەم فەرمانبەران دەکرێتەوە، ئەوەش ھەنگاوێکی گرنگە و کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی ڕۆتین و کاری دابەشکردنی مووچە بە دەست و پشێوی بانکەکان و گرفتی کەم و زۆری پارە دەبێت.

تا کۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەی ھەژماری من ١٠٠% تەواو بێت
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا، لەبارەی پڕۆژەی ھەژماری من ئاماژەی بەوە دا، ھەژماری من سیستەمێکی پێشکەوتووی بانکییە لەڕێی کارتی بانکەوە ھەم تەوتین دەکرێت ھەم خزمەتگوزاریەکی زۆری بانکی پێشکەش بە مووچەخۆران دەکرێت، بانکەکانی ناو ھەژماری من کە لە ئێستادا ژمارەیان ھەشت بانکە و زیاتریش دەبن لەژێر کۆنتڕۆڵ و ڕێنمایی بانکی ناوەندیدان، تا کۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەی ھەژماری من ١٠٠% تەواو بێت و تەواوی مووچەخۆران خۆیان لە سیستەمەکە تۆمار دەکەن.

عێراق سیستەمێکی بانکی ھاوشێوەی کوردستان دروست دەکات
وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی ھەرێم، ئاشکرای کرد: ئێستا عێراق کار لەسەر ئەوە دەکات سیستەمێکی بانکی ھاوشێوەی ھەرێمی کوردستان دروست بکات، ئەو تەوتینەی عێراق لە بانکی ڕەشید و ڕافیدەین ھەیە خزمەتگوزاریەکە وەک ھی ھەرێم پێشکەوتوو نییە، لە ھەمان کاتدا لە عێراق جگە لە بانکی حکومی بانکی ئەھلیش بەشداریان لە تەوتینی مووچە کردووە.

ھەواڵی زیاتر