گرنگیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ

گەرمیان گلی – هه‌ولێر

کشتوکاڵ بە کەرتێکی هەرە گرنگ و پێشکەوتوو دادەنرێت و، حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی بە کەرتی کشتوکاڵی داوە، کە بەرهەمی ناوخۆ زۆر زیادی کردووە و چەندین بەروبووم ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت. چالاکیی کشتوکاڵی گرنگییەکی زۆری هەیە لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک کە پشت بەم چالاکیە دەبەستێت، لەبەر ئەوەی بەربومی کشتوکاڵی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ژیانی خەڵکەوە هەیە، لەلایەک مرۆڤی وا لێ کردووە بتوانێت بە دابینکردنی پێداویستیەکانی ژیانی خۆی و سەرچاوەکانی سامانی سروشتی و لەلایەکی تریشەوە یارمەتی داوە بۆ ڕەخساندنی ژیانێکی خۆشتر.

د. ئالان کەریم، لە کۆلێژی زانستە کشتوکاڵییەکان، دەربارەی سێکتەری کشتوکاڵ و گرنگیدانی حکومەتی هەرێم بەو سێکتەرە، بە “ڕۆژنامەی هەولێر”ی گوت: لە زۆربەی وڵاتانی دنیا گرنگییەکی زۆر بە سێکتەری کشتوکاڵ دەدرێت، هەروەها لە بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری وڵات و وەکو سەرچاوەیەکی گرنگی ئابووری دادەنرێت، وە خەڵکی ئەو وڵاتانەی کە کشتوکاڵ پیشەی سەرەکیانە دەبینین کەمترین هێلی هەژار و بوونی ئابوریەکی سەربەخۆ و زۆرترین هەلی کاریان بۆ رەخساوە، بەمەیش لە خۆشگوزەرانیدا دەژین هاووڵاتیانی، حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیەکی زۆری بەم سێکتەرە داوە و، وەکو سەچاوەیەکی ئابووری و گەشەی وڵات، ڕۆڵی خستووەتە ڕوو، کە بە سیستەمێکی زۆر پێشکەوتوو گرنگیی پێ داوە و خزمەتێکی زۆری بە هاووڵاتیانی خۆی کردووە و زۆر بەروبوومی جۆراوجۆر ئێستا ناوخۆییە و زر بەرهەمیش ڕەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێت کە خواستێکی زۆری لەسەرە، هەموو ئەوانە بە دەستکەوتێکی کرینگی حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێت.
د.ئالان کەریم، باسی ڕێگاکانی گرنگی کەرتی کشتوکاڵ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێ: حکومەتی هەرێمی کوردستان جێپەنجەی لە بەرەوپێشچوونی کەرتی کشتوکاڵ دیارە کە پێک هاتووە لە، زیادکردنی بەرهەمی خۆماڵی، بەرهەمهێنان و زیادکردنی خۆراکی بێوەی (تەندروست)، هێنانەناوەوەی کۆمپانیا بیانیەکان بۆ ناوخۆی هەرێم، بەرەوپێشچوونی بازاڕ و رەخساندنی هەلی کار لە کەرتی حکومی و تایبەت بۆ دەرچوانی کۆلێژی کشتوکاڵ، زیادکردنی ژێرخانی ئابوری وڵات، پاراستنی ژینگە، بوونی پەیوەندی و هەماهەنگی لەنێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت و ڕێکخراوەکان، بوونی ئابوری سەربەخۆ کە هاووڵاتی بیر لە پرۆژەی خۆی بکاتەوە نەک پشت بە حکومەت ببەستێت.
دەڵێتیش: هەرێمی کوردستان بناغەی کشتوکاڵ بووە، کە مێژووێکی دوورودرێژی هەیە، یەکەمین گوند کشتوکاڵی تێدا دۆزرایەوە ئەویش گوندی بێستان‌سوور بوو، هەروەها یەکەمین ئامێر و ئالاتی کشتوکاڵیە لە خاکی کوردستان دۆزرایەوە کە مێژووی ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ حەفتهەزار ساڵ لەمەوبەر، هەروەها کەرتی کشتوکاڵی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم گرنگییەکی زۆری هەیە، بە گرنگیەوە لەم پرۆژیە دەڕوانن، چونکە کەرتی کشتوکاڵی هەموو ئەو چالاکییە کشتوکاڵییەکان لەخۆ دەگرێت، کە لەسەر زەوی و ناوچە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە. هەروەها بەپێی ئامار و داتاکان هەرێمی کوردستان خاوەنی ١٧ملیۆن هێکتار زەوەییە، ساڵانە بە نزیکەی ٧ملیۆن هێکتار زەوی دەچێندرێت بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وەک سەوزای و میوە، زەوییە داچێندراوەکانی بەگەنم و جۆ، دەرە و کونجی هتد، ئێمە لێرەدا تەنیا مەبەستمان کشتوکاڵی نیە، بەڵکو تەواوی سامانی ئاژەڵ و بەرهەمی (سپیاتی)ـیش دەگرێتەوە، هەروەها هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە کەشوهەوای لەبار و رێژەی زۆری باران و زەوییە بەپیتەکان و ناوچە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی، گرنگییەکی زۆر بەم کەرتە بدات و سوودێکی زۆر بە ژێرخانی ئابووریی هەرێم کوردستان بگەیەنێت، کە ئەم کەرتە دەبێتە فاکتەرێک بۆ هەمەڕەنگکردن و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتی هەرێمی کوردستان.
بە گشتی زانایانی ئابووری ئەم کەرت و فۆرمەی ئابووری بە نەوتی سەدەی بیستویەک ناو ده‌بەن، هەروەها کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێڕوانینێکی تایبەتی بەرامبەر بە کەرتی کشتوکاڵی هەیە و کابینەی نۆیەم لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٣، بریاری لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەکە داوە، کە دەتوانێت لە ناوچە کشتوكاڵییە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کاری لەسەر بکرێت لە ناوچەکانی هەڵه‌بجە و سلێمانی و هەولێر و دهۆک، کە خاوەنی ناوچەیەکی فراوانی کشتوكاڵییە.
د. ئالان کەریم، باسی سوودی کەرتی کشتوکاڵی لە ڕووی ئابوورییەوە دەکات و، ئەو سوودانەی تێدا دەبینێتەوە:

  • دەستخستن و سەرچاوەی نوێی داهات؛
  • ڕەخساندنی دەرفەتی زێرین، بۆ تێکهەڵکێشکردنی لایەنە باشەکانی کەرتی کشتوکاڵ؛
  • سوود و دەستکەوتی دارایی و کۆمەڵایەتی بۆ ناوچەی کشتوکاڵ و خاوەن زەوی و کێڵگەکان؛
  • بەبازاڕکردنی ڕاستەوخۆی بەرهەمەکان بۆ بەرهەمخۆران؛
  • کەرتی کشتوکاڵی بوژانەوەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، بە زیادکردنی ڕێژەی گەشتیاران بۆ لادێ و دێهات و ناوچە کشتوکاڵییەکان؛
  • پاراستن و زیادکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان؛
  • هەمەچەشنکردنی چالاکییە بازرگانییەکانی جووتیاران؛
  • دەستخستنی داهاتی بەردەوام و جێگیر؛
  • ڕەخساندنی خوێندن و دەرفەتی کار بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە لە بواری کشتوکاڵی؛
  • زیادکردنی باجی ناوخۆ و دەرەکی؛
  • پەرەپێدانی بە کارگەکانی بەرهەمهێنانی تایبەت بە کشتوکاڵ و بەرهەمی سپیاتی و پەلەوەر؛
  • چالاککردن و بەکارخستنی چالاکی کەرتی کشتوکاڵی؛
  • بەهێزکردنی ئابووری و بووژانەوەی دێهاتەکان و دەستخستنی هەلی کار.