هەولێر.. پڕۆژەیەكی گەورەی ئاوەڕۆی لوولەیی لە هەردوو سایدی هەولێر- دهۆك جێبەجێ دەكرێت

پڕۆژەیەكی گەورەی ئاوەڕۆی لوولەیی لە هەردوو سایدی هەولێر- دهۆك ك لە سێڕیانی گەزنەی كۆن جێبەجێ دەكرێت.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شت و گوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، پڕۆژەیەكی گەورەی ئاوەڕۆی لوولەیی لە هەردوو سایدی سەرەكیی هەولێر-دهۆك لە سێڕیانی گەزنەی كۆن لە شاری هەولێر كە درێژییەكەی نزیكەی پێنج كلیۆمەتر دەبێت جێبەجێ دەكرێت.

وه‌زاره‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، ئەو پڕۆژەیە لە چوارچێوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی پەرەپێدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بواری ئاوەڕۆ بەمەبەستی چارەسەركردنی گرفتی ئاوەڕۆكان جێبەجێ دەكرێت.

هه‌روه‌ها ڕاگه‌یه‌ندراوه‌، پڕۆژەكە بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆی هەولێر كە تیمێكی ئەندازیاران و ڕووپێوان بەردەوام چاودێری قۆناغەكانی بەرەوپێشچوونی پڕۆژەكە دەكەن، جێبەجێ دەكرێت.

له‌ كۆتاییدا ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌، پڕۆژەی دروستکردنی ئاوەرۆی لوولەیی بە بۆڕیی جۆری پۆلی ئەسیلین لە هەردوو سایدی سەرەكیی هەولێر- دهۆك لە سێڕیانی ڕێگەی گەزنەی كۆن تا شەقامی 150 مەتری، بە درێژایی نزیكەی 5000 مەتر و بە تیرە و قەبارەی جیاواز (40 و 60 و 80 و 100سم) دروست دەكرێت، ئێستاش كاركردن تێیدا قۆناغی زۆر باشی بڕیوە و هەوڵ دەدرێت لە نزیكترین كاتدا تەواو بكرێت.