وەزارەتی دارایی روونکردنەوە لەبارەی خەرجکردنی مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 دەدات

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری سەر بە وەزارەتی دارایی راگەیەنراوێكی لەبارەی مووچەی خانەنشینانی یەكەی 70 بڵاو دەكاتەوە و رایدەگەیەنێت، ماوەی چەندین ساڵە بەرپرسانی هێزەكە هەماهەنگییان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە نەكردووە، بۆیە ئەگەر بۆ مانگەكانی داهاتوو كێشە بۆ مووچەكانیان دروست بێت لە ئەستۆی ئەواندایە.

لە راگەیەنراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری هاتووە “لەسەر بڕیاری وەزیری دارایی و ئابووری بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی تەمووزی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی (70) دراوە”.

هەروەها هاتووە “خەرجکردنی مووچەی ئەو توێژە وەک کۆتا مانگ هاوشێوەی چەند ساڵی ڕابردوو لەسەر بەرپرسیارێتی وەزیری دارایی خەرجکراوە، بۆ مانگەکانی داهاتوو هەر کێشەیەک بۆ مووچەکانیان دروست ببێت کە لە گەنجینەی 2ی سلێمانی خەرج دەکرێت، لەئەستۆی بەرپرسانی ئێستا و ڕابردووی هێزەکانی حەفتایە”.

ئاماژە بەوەشدراوە ” بەرپرسانی ئەو یەكەیە زیاتر لە 10 ساڵە هەماهەنگییان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە نەکردووە بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارەسەر بکرێت”.

جەختیش لەوەكراوەتەوە “بەپێی یاسای چاکسازی، پێویست بوو لە دوای مانگی حەوتی ساڵی 2020 ئەو خانەنشینانەی دۆسیەی دروستیان هەیە، دۆسیەکانیان بخرایەتە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، کە ئەوە تێبینی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانە کە نابێت هیچ خانەنشینێک لە دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سەر بەوەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان مووچە وەربگرێت”