پەیامی سەرۆکی حکومەت لە ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول

ئەمڕۆ شەست و سێ ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول تێدەپەڕێت کە شۆڕشێکی نیشتمانی و سەرتاسەری و هەمەلایەنی کوردستان بوو بە سەرکردایەتی ڕابەری نیشتمانیمان بارزانیی نەمر.

یادکردنەوەی شۆڕشی ئەیلوول ، یادکردنەوەی قۆناغێکی گەشی خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستانە لە پێناو مافە ڕەواکانی و کۆڵنەدانە لە داکۆکیکردن لە خاک و خەڵکی کوردستان.
بەها بەرزەکانی شۆڕشی ئەیلوول لە چەسپاندنی دادپەروەری و یەکڕیزی و یەکگرتوویی و وەستانەوە بەرامبەر ستەم و بێدادی، هەمیشە ئیلهامبەخشی کارکردنمانە لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان و پاراستنی دەسکەوتە نیشتمانییەکانمان.
لە ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولدا، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، یادی خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی هەموو پێشمەرگە و تێکۆشەرە بەشدارەکانی شۆڕش لە هەموو چین و توێژ و پێکهاتە جیاوازەکانی گەلی کوردستان دەکەینەوە .
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و گشت شەهیدانی کوردستان.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2024/9/11