دەست بە دابەشکردنی نەوتی ماڵان دەکرێت

یەکێک لە بڕیارە گرنگ و پێویستییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە ھاووڵاتییان چاوەرێیان دەکرد دابەشکردنی نەوتی سپی و ھەرزانکردنی نرخی بەنزین بوو، لە ناوچە شاخاوییەکان دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکرێت. قایمقامیەتی چۆمانیش، ئاشکرای دەکات، ٢٠٠ لیتر نەوت بە ١٠٤ ھەزار دینار دابەشدەکرێت.

ڕۆژی ٥/٩/٢٠٢٤، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و ئاشکرای کرد: مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە فەرمانێکدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ڕاسپاردووە، دەست بە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی و دابەزینی نرخی بەنزین بکرێت.
وەزیری سامانە سرووشتییەکان جەختی کردەوە، ئامادەکارییەکان دەستیان پێ کردووە، تاوەکو بەم نزیکانە لە ناوچە شاخاوییەکان دەست بە دابەشکردنی نەوتی پاڵپشتیکراوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکرێت.
قایمقامیەتی قەزای چۆمان، بڵاوی کردەوە، سەرجەم بریکارەکانی خۆراک لە سنووری قەزای چۆمان، ھەر چوار ناحیەکانی سمیلان، گەڵالە، حاجی ئۆمەران و قەسرێ، ئاگادار دەکەینەوە، کە بۆ وەرگرتنی بەشەنەوتی ئەمساڵ، ھاووڵاتییان ئاگادار بکەنەوە و پارەی ئەو بەشە نەوتە لە ھاووڵاتییان وەربگرن.
ئاماژە بەوەش کراوە، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سۆران دەستدەکات بە دابەشکردنی بەشە نەوت لە سەنتەری قەزا و ناحیەکانی سنوورەکەمان.
قایمقامیەتی قەزای چۆمان لەبارەی نرخی نەوتەکە، ئاشکرای کردووە، ٢٠٠ لیتر نەوتیان پێ دەدرێت و بڕی ١٠٤ ھەزار دینار وەردەگیرێت، بەڵام ئەگەر لە پێش ماڵی ھاووڵاتییان دابەش بکرێت، دوو ھەزار دیناری دیکە وەردەگیرێت.

ھەواڵی زیاتر