پشتیوانی لە چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ دەکەین

(٦٣) ساڵ بەسەر هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول تێدەپەڕێت، ئەو شۆڕشەی بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر پێشڕەوی پارتیمان هەڵگیرسا و مێژوویەکی نوێی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد تۆمار کرد.

دەستپێکى شۆڕشى ئەیلوول لەو سەردەمە دژوار و سەختەی ئەوسا بایەخ و کاریگەرییەکی زۆری هەبوو لەسەر بزاڤی رزگاریخوازی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان، لەبەرئەوەی وەک پێویستییەکی مێژوویی و دیرۆکی بەرپابوو، هەروەها شۆڕش سەلماندی، کە ڕەگوریشەی ئیرادە و ورەی پۆڵایینی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە بن نایەن و تا بەدیهێنانی ئامانجەکانمان کۆڵ نادەین.
شۆڕشی مەزنی ئەیلوول وەک جووڵانەوەیەکی سیاسی تایبەتمەندی خۆی هەبوو چونکە تەنیا سیاسی و چەکداری نەبوو، بەڵکو کۆمەڵایەتی و فیکرى و ڕۆشەنبیرى و پێگەیاندن و تەندروستى و دروستکردنى بڕوابەخۆبوونیش بوو، بۆیە خاوەن مۆرکێکی جیاواز بوو بەجۆرێک دڕی بە شەوەزەنگی زۆرداری و نەهامەتی دا و، ترووسکایی ئاسۆی بەدیهێنانی مافەکانی گەلەکەمانی لێ بەدیکرا.
دەنگ و پەیامی شکۆداری شۆڕشی ئەیلوول ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەی فرە ئاین و نەتەوەیى کوردستانی و کولتووری شۆڕشگێڕی کوردایەتی و ڕەسەنایەتی بوو، لەسەرینی ئەمەوە شۆڕشێکی درێژخایەن و مەزن و سەرتاسەری بوو، لەو ڕێگەیشدا قوربانییەکی بێشووماری پێشکەش بە خاک و نەتەوە و کێشە ڕەواکەمان کرد.
بەرنامە و داواکاری و خواستی شۆڕشی ئەیلوول هەمیشە لە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نەتەوەکەمان و خەڵکی کوردستان بە گشتی خۆی دەبینییەوە و هەرگیز لەسەر ئەو ڕێچکە و ڕێبازە لای نەداوە و نەک لە پیلانگێڕی و ناپاکییەکان سازش و سڵی نەکردووە، بەڵکوو سوورتربووە لەسەر جۆشدان و ڕابوونی سیاسی و ئابووریی و کولتووری هۆشیاربوونەوە و گەیشتن بە ئامانجەکانی.
لەلایەکی دیکەوە شۆڕشی ئەیلوول وەک ڕووداوێکی گرنگ رۆڵ و سەنگی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستانى بۆ قۆناغێکی سیاسی پێشکەوتووتر گواستەوە بە جۆرێك لەسەر گۆڕەپانی سیاسی نێوخۆیی و جیهانیدا ئەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕییە وەک هێزێکی کاریگەر و خاوەن بڕیار رۆڵی شیاوی خۆی بگێڕێت و چەندین دەستکەوتی گرنگ و مێژووییش بەدیبێنێ لەوانەش: ڕێککەوتننامەى ١١ی ئاداری ١٩٧٠.
هەروەها شۆڕشی مەزنى ئەیلوول سەرتاسەرى کوردستانى کردە یەک و هەموو سنوورە ناوچەیى و ئایینی و مەزهەبیەکانى ڕووخاند و تەواوى گەلى کوردی لە چوارچێوەى هێزى بەرهەڵستکارى دژ بە دیکتاتۆریی و ملهوڕى یەکخست.
ئەم بۆنەیە بە دەرفەت دەزانین وەک هەمیشە جەخت لە سەر ڕێبازی ڕەگداکوتاوی کوردایەتیی و نەتەوەیی و پارتایەتیمان بکەینەوە بۆ پتەوکردنی هەماهەنگی و هاوگوتاری سیاسی و هاوهەڵوێستی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتەکان و پاراستنی قەوارەی دەستوورى و یاسایى هەرێم و دەسکەوتەکانمان.
لەم یادە پیرۆزەدا لە سەروبەندی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، جەخت لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ئازادانە دەکەینەوە کە بڕیارە لە ٢٠/١٠/٢٠٢٤ ئەنجام بدرێت، لەلایەکی ترەوە داواکارین و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ دەکەین، بە جێبەجێ کردنى دەستوور و ڕێککەوتنە سیاسیی و ئیدارییەکان، بەتایبەت کێشەی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان.
لەم دەرفەتەدا جارێکی تر جەخت دەکەینەوە لەسەر سیاسەتی دروست و واقعبینانەى سەرۆک (مەسعود بارزانى) و پارتیمان کە لە پاراستنى بەرژەوەندییە باڵاکانى گەلەکەمانەوە سەرچاوەدەگرن و، لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکەش لەسەر بنەماى بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و هاوسەنگیی و دەستتێوەرنەدان بۆ دابینکردنی ئارامى و ئاوەدانى و سەقامگیرییە بۆ هەموو لایەک.
لە بیرەوەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول هەمدیسان بەڵێن و ئەمەکداری بۆ خوێن و گیانی شەهیدە نەمرەکانمان دووپات دەکەینەوە، کە لەسەر هەمان ڕێبازی کوردایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان پێکەوە و بە خۆڕاگرییەوە بەردەوامبین.
لەم یادە مەزنەدا پیرۆزباییەکی گەرم لە جەماوەری دڵسۆزی کوردستان دەکەین، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی شۆڕشى مەزنى ئەیلوول و سەرجەم شەهیدانى رێگەی رزگاری و سەربەخۆیی کورد و کوردستان دادەنوێنین، سڵاو و رێز لە خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەکانمان، سڵاو لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
سڵاو لە بیرەوەری(٦٣) ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول.
سڵاو لە گیانی پاکی بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە لە یاد.
بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان.
هەمیشە گەلەکەمان سەربەرز و کوردستانیش هەر ئاوەدان.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان