مەیسەر حەجی، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگالی زمانی کوردی: سەرۆکوەزیرانی کوردستان هەموو پێویستییەکانی کەرتی پەروەردەی لە سنووری شنگال دابین کردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

مەیسەر حەجی، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال زمانی کوردی، لەم دیدارەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: بۆ ساڵی نوێی خوێندن ئامادەکارییەکی باش کراوە. دەشڵێ: سەرۆکوەزیرانی کوردستان ئەوەی پێویست بووە بۆ کەرتی پەروەردە لە سنووری شنگال دابینی کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتی عێراق پشتی لە خوێندنی کوردی کردووە، ئەگەر ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت ھەموو ئەو کێشانەی ھەن چارە دەبن بە کێشەکانی کەرتی پەروەردەوە، بۆیە داوا دەکەین ھەرچی زووە ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی بارودۆخی شنگال ئاسایی ببێتەوە، ھەم خەڵک بتوانێت بگەڕێتەوە، ھەمیش ئێمە بتوانین زیاتر خزمەتی کەرتی پەروەردە بکەین.

ئامادەکاری بۆ ساڵی نوێی خوێندن کراوە
بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال زمانی کوردی، گوتی: بۆ ساڵی نوێی خوێندن ئامادەکارییەکی باش کراوە، ١١٢ قوتابخانە لە سنوورکە ھەن، بۆ ئەمساڵیش ھەشت قوتابخانەی نوێ کراونەتەوە، بەتایبەتی لەو شوێن و کۆمەڵگانەی کە ھاووڵاتییان بۆی گەڕاونەتەوە، لەناو کەمپەکانیش ھەموو ئامادەکارییەک کراوە و ئەوەی پێویست بووە دابین کراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ھەندێک کێشە ھەن، وەکو نەبوونی بینایە، لە ھەندێک ناوچە لە بەرنەبوونی بینایە قوتابییان لە کابینەدا دەخوێنن، سەرەڕای ھەموو ئەمانەش ئامادەکارییەکی باش کراوە و ئامادەین بۆ ساڵی نوێی خوێندن.
سەرۆکی حکوومەت بڕیارێکی بوێرانەی دا
مەیسەر حەجی، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال زمانی کوردی، جەختی لەوەکردەوە: لە سنووری پەروەردەی شنگال ٦٠%ی مامۆستایان وانەبێژن کە ھەزار و سەد مامۆستا دەبن، پاش ئەوەی سەرۆکوەزیران بڕیاری دا وانەبێژان ببنە گرێبەست، بڕیارێکی بوێرانە بوو، لە ھەمان کاتیشدا ھەواڵێکی دڵخۆشکەر بوو ھەم بۆ وانەبێژان، چونکە داھاتیان باشتر دەبێت و لە پاشەڕۆژی خۆشیان دڵنیا دەبنەوە، ھەمیش بۆ ئێمە وەکو پەروەردە، چونکە ئەو بڕیارە وا دەکات لەڕووی کەمی مامۆستا کێشەکانمان چارە ببن.
ڕێککەوتنی شنگال باشترین چارەیە
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دە ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ حکوومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام لە ھەماھەنگیی بووە بۆ ئەوەی کێشەکانی خەڵک و ئاوارەکانی شنگال چارە بکرێن و چیتر لە ئاوارەیی بەسەر نەبەن و بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، پرسی شنگال لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێک لە نێوان عێراق و ھەرێمی کوردستان لە ٢٠٢٠ چارەی بۆ دانراوە، بەڵام لەم کاتەوە بووەتە گەورەترین کێشەی چارەنەکراو و لەناو حکوومەتی عێراق گرووپ ھەن پشتگیری لە مانەوەی پەکەکە دەکەن لە شنگال و نایانەوێت ئەو کێشەیە چارە بکرێت. ڕۆژی ٩ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، بە چاودێری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕێککەوتننامەی شنگال لە بەغدا ئیمزاکرا، کە لە چەند خاڵێکی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی ئیداری، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە پێکھاتووە، ڕێککەوتنەکە دوای پێنج ساڵ لە ئازادکردنی شنگال ھات، دوای ئەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەسەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی لە ڕۆژی ١٣ـی تشرینی دووەمی ٢٠١٥، شارەکەیان لە دەست تیرۆریستانی داعش ئازادکرد، ڕێککەوتننامەی شنگال کە ئامانج لێی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و ناوچەکە، گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیرییە و قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکانە، بەسەر چوار تەوەردا دابەشکراوە، کە بریتین لە کارگێری، ئەمنی، ئاوەدانکردنەوە و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە. مەیسەر حەجی، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال زمانی کوردی، ڕیاگەیاند، لە شنگال کێشە بۆ خوێندنی کوردی دروست دەکرێت، باشترین چارە ئەوەیە ڕێککەوتنی شنگال کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا کراوە جێبەجێ بکرێت، چونکە ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت زۆر لە کێشەکانی ئێمە چارە دەبن، ئیدارەی شارەکە دەگەڕێتەوە، گرووپە چەکدارەکان لە شنگال نامێنن، حکوومەتی ھەرێم زیاتر دەتوانێت خزمەتی شنگال و شنگالییەکان بکات، بەتایبەتی کەرتی پەروەردە، ئێمەش داوا دەکەین ھەرچی زووە ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی بارودۆخی شنگال ئاسایی ببێتەوە، ھەم خەڵک بتوانێت بگەڕێتەوە، ھەمیش ئێمە بتوانین زیاتر خزمەتی کەرتی پەروەردە بکەین.
کێشەی گەیاندنمان ھەیە
بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال زمانی کوردی، ڕایگەیاند، ئەمساڵ ژمارەی قوتابخانەکانی زمانی کوردی لە شنگال زیادبوونە، ژمارەی قوتابییانیش ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبن، بۆیە پەروەردەی شنگال بەردەوام ھەوڵ دەدات پەرتووک پێش دەستپێکردنی خوێندن بگەنە دەستی قوتابییان، بەڵام کێشەی گەیاندنی پەرتووکمان ھەیە، ھەتا پەرتووک دەگەنە قوتابخانەکانی شنگال و دەوروبەری دەبێت نووسراو بکەین، ئەمە لە کاتێکدایە پێویستە لە سەرەتای کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان پەرتووک لە ھەموو قوتابخانەکان دابەشبکرێن و لەبەردەستی قوتابییان بن.
حکوومەتی عێراق کەرتی پەروەردەی پشتگوێ خستووە
بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال زمانی کوردی، گوتیشی: ھەندێک شت لە خوێندنی عەرەبی ھەن لە خوێندنی کوردی نین، حکوومەتی عێراق پشتی لە کەرتی پەروەردە کردووە، داوامان کردووە ھەندێک شت بۆ کەرتی پەروەردە بکرێن، بەڵام تا ئێستا ھیچ نەکراوە، داوامان کردووە ھەندێک بینای نوێ دروست بکرێن کە لە ھەندێک شوێن قوتابخانەکانمان سێ دەوامینە، بۆیە لەڕووی بینا زۆر کێشەمان ھەیە، چونکە زۆر لە قوتابخانەکانی ئێمە لە کاتی ھاتنی تیرۆریستانی داعش تەقێنرابوونەوە، ئەگەر ھەموو خەڵکی شنگال بگەرێنەوە کێشەکانی کەرتی پەروەردە لە سنوورەکە زیاتر دەبن، حکوومەتی عێراقیش تەنیا پشتگیری لە خوێندنی عەرەبی لە سنوورەکە دەکات.
سەرۆکوەزیرانی کوردستان ئەوەی پێویست بووە بۆ کەرتی پەروەردەی کردووە
مەیسەر حەجی، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال زمانی کوردی، ئاشکرای کرد: مەسرور بارزانی، زۆر پشتگیری لە کەرتی پەروەردە لە سنووری شنگال دەکات، ئەوەی پێویست بووە بۆ کەرتی پەروەردە کردووە، ساڵانە قوتابییانی پۆلی نۆ لە ھەرێمی کوردستان تاقی کردنەوە دەکەن، ھەروەھا قوتابییانی پۆلی دوازدە ھەم ھاتووچۆیان پێ دەکرێت، ھەمیش بڕێک پارەیان دەداتێ، بۆیە ئەوەی لە توانای سەرۆکی حکوومەت و وەزارەتی پەروەردە بووبێت بۆ کەرتی پەروەردە لە سنووری شنگال کراوە.

ھەواڵی زیاتر