مەسرور بارزانی: پارتی تاکە ئومێدی کوردستانە و سەرکەوتنی پارتی سەرکەوتنی هەموو کوردستانییەکی نیشتمانپەروەرە

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی ڕاگەیاند، پارتی تاکە هێز بووە کە هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریکردنە لە شکۆ و کەڕامەتی گەلی کوردستان و دەسکەوتە نیشتمانییەکاندا، بۆیە بووەتە جێی متمانەی زۆرینەی خەڵکی کوردستان.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی ئەیلوولی 2024، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی، لەگەڵ ژمارەیەک لە کادیرەکانی پارتی لە سنووری پارێزگای هەولێر كۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکی پارتی ڕایگەیاند، کە پارتی لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە لەسەر دەستیی ڕابەری نیشتیمانیمان بارزانیی نەمر، حزبی هەموو چین و توێژ و پێکهاتە جیاوازەکان و هەموو ناوچەکانی کوردستان بووە و مایەی شانازیشە کە ئەمڕۆ پارتی پارێزەر و گەرەنتی پاراستن و پێشکەوتنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستانە .

مەسرور بارزانی داوای لە ئەندام و کادیر و لایەنگرانی پارتی کرد کە لە ئاست گەورەیی و سەنگ و پێگەی پارتیدا بن و نموونەیەکی باڵای ڕەشتبەرزی و دڵسۆزیی بن و بە گیانێکی کوردستانیانە، خزمەتی خەڵکی کوردستان بن .

جێگری سەرۆکی پارتی دووپاتیشی کردەوە، کە لە کاتی قەیران و تەنگانەدا، پارتی تاکە هێز بووە کە هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریکردنە لە شکۆ و کەڕامەتی گەلی کوردستان و دەسکەوتە نیشتمانییەکاندا، بۆیە بووەتە جێی متمانەی زۆرینەی خەڵکی کوردستان .

جەختی لەوەش کردەوە، لە ژێر سایەی پارتیشدا ، کوردستان زیاتر پێش دەکەوێت و دەبووژێتەوە و گەشە دەکات. هاوکات گوتیشی: بۆیە پارتی تاکە ئومێدی کوردستانە و سەرکەوتنی پارتی، سەرکەوتنی هەموو کوردستانییەکی نیشتمانپەروەرە.

ھەواڵی زیاتر