ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان:پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو، هەولێر ئاوەدانتر دەکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان، لەم دیدارەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕاگەیاند، سێکتەری ئاو لە ئەولەویەتی کارەکانی سەرۆکی حکوومەتە، بۆ ئەم مەبەستە تەنیا لە چوار ساڵی ڕابردوودا بە سەدان پڕۆژەی ئاو لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ کراون، پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری ھەولێر، بە ڕێژەی ١٠٠٪ کێشەی کەمئاوی لە سنووری پارێزگای ھەولێر چارە دەکات، لە ھەمان کاتدا ئاوەدانی لەو شارە زیاتر دەکات. دەشڵێ: بابەتی لێخۆشبوون لە قەرزی ئاو ھەتا ئێستا بەڕێژەی ٢٠% ماوە و ڕانەگیراوە.

پڕۆژەکە بە گوژمەی ٤٧٩ ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری ھەولێر، بە گوژمەی ٤٧٩ ملیۆن دۆلار لەسەر بودجەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جێ بەجێ دەکرێت و بە ڕێژەی ١٠٠٪ کێشەی کەمئاوی لە سنووری پارێزگای ھەولێر چارە دەکات، پڕۆژەکە لە ماوەی ٥٥٠ ڕۆژ و زووتریش، لەلایەن ھێمن گرووپەوە جێبەجێ دەکرێت، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، لە نزیکەوە ئاگاداری خەمی ھاووڵاتییانی چەندین گەڕەکی ھەولێر بووم کە گرفتی کەمئاوییان ھەبوو، پارێزگا و شارەوانییەکان ھەموو ھەوڵێکیان دا تاکو بە ڕێگەی جۆراوجۆر ئاو بۆ ئەم گەڕەکانە دابین بکەن، کێشەی کەمئاوی بە چەند تەنکەرێکی ئاو کە ھەندێک لایەن موزایەدە پێوە دەکەن چارە ناکرێت، بەڵکو پێویستە پڕۆژەیەکی وەکو ئەمە بخرێتە گەڕ کە ئاوی زێی گەورە بگەیەنێتە شاری ھەولێر.

پڕۆژەکە لە ھەر کاتژمێرێکدا بیست ھەزار مەتر سێجا ئاو دابین بکات
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری ھەولێر، پڕۆژەیەکی ستراتیژییە، پڕۆژەکە لە توانایدا ھەیە، لە ھەر کاتژمێرێکدا بیست ھەزار مەتر سێجا ئاو دابین بکات، واتە ڕۆژانە چوار سەد و ھەشتا ھەزار مەتر سێجا ئاو بەرھەم دەھێنێت، لە ھەمان کاتیشدا دەگوازرێتەوە بۆ شاری ھەولێر، ئەو پڕۆژەیە لە توانای دا ھەیە ئەو کێشە و گرفتانەی کە لە ھەولێر ھەن، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کەوا ئاوی خواردنەوەیان نییە و لەڕێگەی بیرەکانەوە بۆیان دابین دەکرێت گرفتەکانی ئەو شوێنانە چارە بکات، لە ھەمان کاتدا دەبێتە ھۆکاری زیادبوونی ئاوەدانی لە شاری ھەولێر، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە تا ئێستا نەتوانراوە خزمەتگوزاری ئاوی بۆ دابین بکرێت، یان کێشەی ھەبووە لە دابینکردنی ئاو، واتە ئەو پڕۆژەیە تا سی ساڵی دیکە کێشەکانی ئاو چارە دەکات، ھەر سێ پڕۆژەکانی ئیفراز یەک و دوو سێ، توانای سێزدە ھەزار و دوو سەد مەتر سێجای ھەیە لە کاتژمێرێکدا، ئەم پڕۆژەیەی بەردی بناغەی دانرا، دوو ھێندە و نیوی پڕۆژەی ئیفرازە.

ئەو شوێنانەی لەو پڕۆژەیە سوودمەند دەبن
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان، گوتی: سوپاسی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکەین بۆ دانانی بەردی بناغەی ئەو پڕۆژە گرنگە، کە لە داھاتوویەکی نزیکدا ٦٠% ئاوی شاری ھەولێر لەڕێگەی ئەو پڕۆژەیەوە دابین دەکرێت و ئەم شوێنانەی بەردەوام کێشە و گیروگرفتیان ھەبووە چارە دەبێت، شارۆچکەکانی وەکو دارەتوو، بنەسڵاوە، کەسنەزان، شاوەیس، پیرزین، بەحرکە، عەنکاوە، سێبیران، ئاویان لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەوە دابین دەکرێت، ئەم پڕۆژە سەرچاوەی وەرگرتنی ئاوی لە زێی گەورەوە دەبێت، لە ڕێی ئینتێکێک کە دەکەوێتە گوندی کەورگۆسک، دواتر ئاو دەگوازێتەوە بۆ وێستگەی چارە کردن، کە لە گوندی گاینجەیە، بە دوو ھێڵی ١٦٠٠ ملم، دواتریش بە دوو ھێڵی ١٥٠٠ملم ئاو دەگوازێتەوە بۆ وێستگەی سەرەکی، کە سەد ھەزار مەتر سێجا ئاو ھەڵدەگرێت و دەتوانێت بینێرێت بۆ شاری ھەولێر لە ڕێگەی چوار ھێڵ دوو ھێڵیان ١٢٠٠ملم دووھێلی دیکەشیان ٨٠٠ملم، ھەروەھا لەو ھێڵانەی دێتە شاری ھەولێر لە شەقامی ١٥٠ و ١٢٠مەتری، چەندان تیری دیکە بە جیاوازی لێ دەبێتەوە، دواتریش ھەر لەگەڵ ئەو پڕۆژەیە ٢٨٠ کیلۆمەتر لوولەی ١٦٠ملمی ٢٢٥ملم ٢٥٠ملمی بۆ گەیاندنی بەتۆڕی ئاوی گەڕەکەکان بۆ ئەو شوێنانە.

سەرۆکی حکوومەت زۆر گرنگی بە سامانی ئاو دەدات
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان، ئاشکراشی کرد: سێکتەری ئاو لە ئەولەویەتی کارەکانی سەرۆکی حکوومەتە، لە چوار ساڵی ڕابردوودا بە سەدان پڕۆژەی ئاو جێبەجێ کراون، نەک تەنیا ئاوی خواردنەوە، بەڵکو ئاوەڕۆ، ھەروەھا بۆ بابەتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار بۆ گلدانەوە وەکو سەرچاوەکانی ئاو لەسەر زەوی و ژێر زەوی، بۆیە لەم ڕووەوە سەرۆکی حکوومەت زۆر جیددییە و زۆر بە باشی کاری لەسەر کێشەی ئاو کردووە.

چەند پڕۆژەیەکی دیکەی ئاو لە قۆناغی جێبەجێ کردندان
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان، دەشڵێ: پڕۆژەی گوپتەپە ئەویش لە مانگی شەشی ئەمساڵ دەستی بە ئیش و کارەکانی کراوە و ئاو لە زێی بچووک لە گوندی گوپتەپە بۆ چەمچەماڵ و دەوروبەری دابین دەکات، ئەویش پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و بە گوژمەی حەفتا و ھەشت ملیۆن دۆلار لە قۆناغی جێبەجێ کردندایە، لەگەڵ ئەوەی چەندین پڕۆژەی دیکەی ئاو لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، ھەروەھا ھەر دوو پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ و پڕۆژەی ئاوی ٥١ گوندی دەڤەری بارزان ئێستا لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە جێبەجێ دەکرێت، کە لە ڕۆژێکدا توانای بەرھەمھێنانی حەفتا و دوو ھەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی دەبێت و ئاوی قەزای قوشتەپە و بیستانە و زیاتر لە شەست گوند دابین دەکات، لە بابەتی ئاوەڕۆ کاری باش کراوە بۆ دروستکردنی یەکەم پڕۆژەی چارەسەری ئاوەڕۆی قورس لە ھەرێمی کوردستان ئەویش پڕۆژەی ئاوەڕۆی قورسی شاری ھەولێرە.

لێخۆشبوون لە قەرزی ئاو ھەر ماوە
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: بابەتی لێخۆشبوون ھەتا ئێستا بەڕێژەی ٢٠% ماوە و ڕانەگیراوە، ھەفتەی ڕابردوو لە بەرژەوەندی ھاووڵاتییان بڕیارێکی دیکەمان دا، ئەویش ئەو ھاووڵاتییانەی کێشە و گرفتیان ھەیە لە بەستنی پێوەر، بۆ ئەو ھاوبەشانەی کە لە سەنتەری شارە گەورەکانن ھەر ھاووڵاتییەک ئەگەر سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو بکات بۆ بەستنی پێوەری ئاو، مانگەکانی پێشوو کە بە چل و پێنج ھەزار، یان پێشووتر بە ھەشتا ھەزار دینار بۆی حساب کرا بوو ئەو بڕە پارەیە کەم کرایەوە بۆ بیست ھەزار دینار، لە دەرەوەی شارە گەورەکانیش کراوەتە دە ھەزار دینار، کە لە ھەرێمی کوردستان ملیۆنێک و دوو سەد ھەزار ھاوبەشی ئاو ھەن، بەشێوەیەکی تێکڕا ٨٤%ی ئەو ھاوبەشانە پێوەریان بەستووە.

ھەواڵی زیاتر