ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجوومەنی ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان

هەردوو ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری عێراق و ئەنجوومەنی ئابووری هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێكی هاوبەشیان سەبارەت بە كۆبوونەوەكانی دوو رۆژی رابردوویان لە شاری هەولێر بڵاو كردەوە.

ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەنراوە هاوبەشەكەی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری عێراق و ئەنجوومەنی ئابووری هەرێمی كوردستانە:-

ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری لە ماوەی دوو ڕۆژدا، کۆبوونەوەی ئاسایی  بیست و هەشتەمینی خۆی لەگەڵ ئەنجوومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر سازکرد.

لە ماوەی دوو ڕۆژی کۆبوونەوەکاندا، کۆمەڵێک بابەتی جێی بایەخی هاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کەشێکی ڕاشکاوانە و ئەرێنیدا تاوتوێ کران، کە هەندێکیان بڕیاری هەنووکەییان لەبارەوە درا و ئەوانی تریش ڕاسپاردە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدرال کرا، و جەخت لە بەردەوامبوونی گفتوگۆکان كرا بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی کە پێویستیان بە کۆبوونەوە و دیداری زیاتر هەیە.

ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری بڕیاری دا بە پێشکەشکردنی ڕاسپاردەیەک بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بۆ ئاڕاستەکردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردن و ناردنی مووچە ڕاگیراوەکانی هەرێم، ئەوانەی بە هۆی تەواونەکردنی بایۆمەتری دوورخرابوونەوە.

هەروەها گفتوگۆ لەبارەی هەندێک پرسی پەیوەندیدار بە رۆزنامەی کشتوکاڵی، مۆڵەتی هەناردە و هاوردەکردن، مۆڵەتی کارگەکان، تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، پۆلێنکردنی بەڵێندەران، دەروازە سنوورییەکان، گومرگ، دۆسێیەی نەوت و وزە و کەرتی بانکی کرا.

ڕاسپاردەیەکی دیکەی ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری بەردەوامبوونی کارکردنی لیژنە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەت و کەرتە پەیوەندیدارەکانە بۆ تەواوکردنی ئەو ئەرکانەی پێیان سپێردراوە لەپێناو گەیشتن بە لەیەکتێگەیشتنی هاوبەش کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت.

هەروەها ئەنجوومەنی وەزاریی پێشنیاری ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی تایبەت و لە ئاستێکی باڵادا دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆسێیەکان نەوت و وزە و دەروازە سنوورییەکان و گومرگ.

لە کۆتاییدا بانگهێشتی ئەنجوومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان کرا بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری لە شاری بەغدا.

ھەواڵی زیاتر