سەرۆك و ئەندامانی بۆردی دەستەخوشكی هەولێر و ناشڤیڵ كۆبوونەوە و ڕێككەوتنی نێوانیان بە گرنگ زانی

ئەمڕۆ ئێوارەی دووشەممە 9ی 9ی 2024، پارێزگای هەولێر لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە، “ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەبۆنەى ساڵیادى بە فەرمی واژۆکردنى ڕێککەوتنامەى دەستەخوشکی نێوان (هەولێر – ناشڤیل) لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە لەگەڵ ئۆکۆنێڵ، مایەرى ناشڤیل و پاتیسى کوترێل، سەرۆکى بۆردى دەستەخوشکى و ئەندامانی دیکەى بۆردى دەستەخۆشکى هەردوولا کۆبوویەوە.”

ئاماژە بەوەش دراوە، كە “لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر تیشکى خستەسەر گرنگى واژۆکردنى ڕێککەوتننامەى دەستەخوشکى نێوان هه‌ولێر و ناشڤیل، کە ئامانج لێى بەرەوپێشبردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و هەرێمی کوردستانە لە بوارەکانى (کەلتوورى، فەرهەنگى، ئابوورى، گەشتیارى، بازرگانى، وەبەرهێنان)ەوە، بەبۆنەی ساڵێک تێپەڕبوون بەسەر واژۆکردنى ڕێککەوتنامەکەش پیرۆزبایی لە هاووڵاتیانى هەولێر و ناشڤیل کرد، سوپاسى نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە واشنتۆن و كونسوڵخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر و هەموو ئه‌و کەس و لایه‌نانه‌شى کرد، كه‌ هۆكاربوونه‌ بۆ لە یەکتر نزیکردنەوە و سەرخستنى ده‌سته‌خوشكی نێوان هه‌ولێر و ناشڤیل.”

لە كۆبوونەوەكەدا، پارێزگارى هەولێر، ڕاشیگەیاندووە، “کارەکان لێرەوە دواى واژۆکردنى ڕێککەوتنامەکە دەست پێدەکات، وەک پارێزگاى هەولێر وێڕاى پابەندبوونمان بە سەرجەم خاڵەکانى ڕێککەوتنامەکە، خوازیارین پەیوەندییەکانمان لە سەر هەموو ئاستەکان زیاتر بەرەپێش بچێت و پەرەسەندنى زیاتر بە خۆیەوە ببینێ.”

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا، باس لەوە كراوە، كە “بە فەرمى مایەرى ناشڤیڵ و سەرۆکى بۆردى دەستەخوشکى و ئەندامانی دیکەى بانگهێشتى هەولێرى پایتەختى کرد.”

لەبەرامبەریشدا، “مایەرى ناشڤیڵ و سەرۆکى بۆردى دەستەخوشکى، وێڕاى پیرۆزبایی خۆشحاڵی خۆیان بەبۆنەى ساڵێک تێپەڕبوون بەسەر ئەم ڕێککەوتنە دەربڕی و ئەم کارەیان بە دەستکەوتێکی گرنگ و مەزن زانی و ئەمڕۆیان بە رۆژێکی مێژووی وەسفکرد و هیوایان خواست هەولێر و ناشڤیڵ بەیەکەوە گەشە بکەن و بەرەوپێشەوە بچن.”

بۆ وەبیرهێنانەوە، ئەوەش خراوەتە ڕوو، “لە 9ی 9ی 2023دا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و جۆن کووپەر، سەرۆکی شارەوانی ئەوکاتەى ناشڤیڵ، لە مەراسیمێکدا لە شارى ناشڤیڵ بە ئامادەبوونی نوێنەرى حکوومەتى هەرێمی كوردستان لە ئەمریکا و کۆمەڵێک لە کەسایەتی دیکەى سیاسیی هەرێمی كوردستان و ئەمەریکا و ژمارەیەکى زۆر لە ڕەوەندی کوردی لەم شارەدا، بە فەرمی ڕێککەوتنامەى دەستەخوشکی نێوان هەولێر و ناشڤیل واژۆکرا، بەم ڕێککەوتنەش هەولێر بووە دەیەمین شاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دەستەخوشک بوونى لەگەڵ شارى ناشڤیڵ.”