چل و نۆ هەزار دەنگدەری نوێ لە هەڵبژاردنی ئەمجارە دەنگ دەدەن

بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، بکرێت، بۆ ئەم مەبەستە لە ١٦ی ئەم مانگەوە بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێ دەکات، کۆمیسیۆنیش ئامادەکاری کردووە بۆ پرۆسەکە. بەرپرسی لقی یەکی پارتی لە سنووری دهۆک، ڕاگەیاند، پارتی لەسەر ئاستی هەموو ئۆرگانەکان ئامادەکاری کردووە، داوا لە هەموو کادیر و کاندیدانی خۆمان دەکەین ڕێنمایەکانی کۆمیسیۆن وەکو خۆ جێبەجێ بکەن و هیچ سەرپێچییەک نەکەن.

داواکارییەکەی سەرۆکی حکوومەت لە لایەنەکان
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داوا لە لایەنە سیاسییەکان کرد بەشێوەیەکی شارستانی و دوور لە ناوزڕاندن بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، ئاماژەی بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن کرد کە بڕیارە لەم مانگەدا دەست پێ بکات و گوتی: بێگومان لایەنە سیاسییەکان ئازادن لە چوارچێوەی پەیڕەو و ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان چۆن بانگەشە بکەن، بەڵام داوایان لێ دەکەم بەشێوەیەکی شارستانی و دوور لە سووکایەتی و ناوزڕاندن بانگەشە بکەن. سەرۆکوەزیران، جەختی لەوە کردەوە، هەموومان کوردستانین و ڕۆڵەی ئەم نیشتمانەین و دەبێت بە بەرپرسیاریەتییەوە ڕەفتار بکەین.

پارتی ئامادەیە
نەوزاد عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی یەکی پارتی لە سنووری دهۆک، ڕاگەیاند، پارتی لەسەر ئاستی هەموو ئۆرگانەکان ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە، بەتایبەتی لقی یەک، بەشێوازێکی ورد و گشتگیر لەسەر هەموو دەنگدەرەکانی سنوورەکەمان کاری کردووە، بەتایبەتی هەڤال و کادیر و لایەنگرەکانمان، هەموو کادیر و لایەنگر و کاندیدانی خۆمان ئاگادار کردووتەوە بەپێی ڕێکار و ڕێنمایەکانی کۆمیسیۆن کار بکەن، تا بتوانین ڕووی گەش و یاسای پارتی و پارێزگای دهۆک پیشانی هەموو شوێنەکانی دیکە بدەین، بۆیە داوا لە هەموو هەڤاڵەکانی خۆمان دەکەین ڕێنمایەکانی کۆمیسیۆن وەکو خۆ جێبەجێ بکەن و هیچ سەرپێچییەک نەکەن.

کۆمیسیۆن بەردەوامە لە ئامادەکاری
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئۆفیسی پارێزگای دهۆک لەسەر ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە و کار لەسەر جێبەجێکردنی ڕێنمایەکانی کۆمیسیۆن دەکات، بۆ ئەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی باش بکرێت. خالید عەباس، بەڕێوەبەری ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” دەڵێت: لیژنەی ئەمنی بەسەرپەرشتنی د. عەلی تەتەر، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی هەڵبژاردن لە پارێزگای دهۆک کۆبوویەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کرا کە دەبێت لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکان پابەند بن بە ڕێنمایەکانی کۆمیسیۆن و شارەوانی، نابێت ئامرازەکانی دەوڵەت و بینای حکوومەت بەکاربهێنن، بۆ ئەو مەبەستە هەماهەنگیەکی باشمان لەگەڵ شارەوانییەکان کردووە بۆ دەرکردنی ڕێنمایەکان و ئێمەش وەکو کۆمیسیۆن هەندێک تیمان دروست کردوونە هەر سەرپێچییەک بکرێت و هەر لایەنێکی سیاسی پابەند نەبێت بە ڕێنماییەکان بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

کۆمیسیۆن پشکنین بۆ ناوەکان دەکات
خالید عەباس، ئاشکرای کرد: ناوی بەربژێران لە سنووری پارێزگای دهۆک نێردراوە بۆ دەستەی دەستپاکی و وەزارەتی ناوخۆ، ناوەکان گەڕاونەتەوە کۆمیسیۆن پشکنین بۆ ناوەکان دەکات، دوای پشکنینی ناوەکان ئەگەر پەسەند کران، بانگەشەی هەڵبژاردن بەپێی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن و خشتەی ژووری جموجۆڵەکان لە ١٦ـی ٩ دەست پێ دەکات، دەشڵێت: هەندێک ڕێنمایی شارەوانی دهۆکمان پێگەیشتووە بۆ ڕۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردن، ڕۆژانی داهاتوو ئەو ڕێنماییانە بۆ لایەنە سیاسییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەنێرین کە پێویستە پابەندی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن بن.

دانەوەی کارتەکان تا ١٧ی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت
خالید عەباس، بەڕێوەبەری ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق، جەختی لەوەشکردەوە، ٩٦%ی دەنگدەرانی سنووری پارێزگای دهۆک کارتی بایۆمەترییان وەرگرتووەتەوە، پرۆسەی پێدانەوەی کارتی بایۆمەتریش بە هاووڵاتییان تا ١٧ی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

سزاکان
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند، تاوەکو وردبینی تەواوی بەربژێرەکان تەواو نەکرێت، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دەرناکات. گوتیشی: هەر کەس و لایەنێک پێشێلکاری بکات، سزاکان ڕوون و ئاشکران، لە سەپاندنی پێبژاردنی ماددییەوە تاوەکو دوورخستنەوەی کاندید و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەگرێتەوە، بەگوێرەی ماددەی پێنج، کاندید یان پارت و هاوپەیمانی سیاسیی بەرپرسیارە لە هەر پێشێلکارییەک تووشی بێت یان ئەندامانی لیستەکان یان نوێنەرەکانیان لە بنکەکان بیکەن، سزاکانیش بەم شێوەیە دیاری کراون، سزای ماددی پێبژاردن، هەڵوەشاندنەوەی کاندید، یان لیستی پارت و هاوپەیمانی سیاسی، هەڵوەشاندنەوەی متمانەی نوێنەری ڕاسپێردراو، یان بریکاری کاندید یان پارت و هاوپەیمانی سیاسی، هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پەسەندکردنی ڕێکخراوی چاودێری یان هەڵوەشاندنەوەی متمانەی ئەندامی سەرپێچیکار لە هەڵبژاردن، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی کاندیدی کەسی یان حزب یان هاوپەیمانی سیاسی.

چل و نۆ هەزار دەنگدەری نوێ دەنگ دەدەن
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوو ملیۆن و هەشت سەد و نەوەد و نۆ هەزار و پێنج سەد و حەفتا و هەشت کەس مافی دەنگدانیان هەیە، هەر بەپێی ئامارەکان، تا ئێستا دوو ملیۆن و شەش سەد و هەشتا و پێنج هەزار و چوار سەد و شەست و شەش کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە و دەتوانن دەنگبدەن، بۆ ئەم هەڵبژاردنە چل و نۆ هەزار دەنگدەری هەرێمی کوردستان بۆ جاری یەکەم دەتوانن دەنگ بدەن، چل و سێ هەزار و دوو سەد و چواردە لە دایکبووی ساڵی ٢٠٠٦ـن، پێنج هەزار و حەوت سەد و سی و هەشت کەسی دیکەیان ئەو هاووڵاتییانەن کە لە ساڵی ٢٠٠٥ لە دایکبوونە و کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان نەبووە.

ھەواڵی زیاتر