پاڤین ڕەمەزان – هەولێر
دوێنی له لایه‌ن مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانەوە، به‌ردی بناخه‌ی پرۆژه‌ی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هه‌ولێر دانرا. دانانی ئەو پرۆژەیە دوای هەڵسەنگاندن و پلانێکی وردی سەرۆکوزیران بوو، بۆ چارەی ڕیشەیی گرفتی کەمئاوی شاری هەولێر بە تایبەت لە وەرزی هاویندا.
پرۆژە ستراتیژییەکە
پرۆژەکە بە گوژمەی نزیكەی چوارسەد و هەشتا ملیۆن دۆلار، له ماوه‌ی كه‌متر له 550 ڕۆژ جێبەجێ دەکرێت و به ته‌واوبوونی پرۆژه‌كه، كێشه‌ی كه‌مئاوی له شاری هه‌ولێر به ڕێژه‌ی 100% چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
پرۆژه‌ی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هه‌ولێر، له ڕۆژێكدا 480 هه‌زار مه‌تر سێجا ئاو دەپاڵێوێت، بۆ هه‌ر كاتژمێرێك 20- 21 هه‌زار مه‌تر سێجا ئاوی خاوێن بۆ گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری هه‌ولێر دەنێرێت. پرۆژه‌كه به چوار هێڵی سه‌ره‌كی له نێوان گه‌ڕه‌كه‌كانی نێوان شه‌قامی 120 مه‌تری و شه‌قامی 150 مه‌تری جێبه‌جێ ده‌كرێت؛ كه گه‌ڕه‌كه‌كانی نێوان ئه‌و شه‌قامانه و ده‌ره‌وه‌ی شه‌قامه‌كان و هه‌ریه‌ك له گه‌ڕه‌كه‌كانی داره‌توو، بنه‌سڵاوه، كه‌سنه‌زان، پیرزین، شاوێس، بەحركه، عەنكاوه و سێبیران لێی سوودمه‌ند ده‌بن.
پرۆسه‌ی وه‌رگرتنی ئاوی پرۆژه‌كه له زێی گه‌وره ده‌ست پێده‌كات و پاككردنه‌وه و پاڵاوتنی ئاوه‌كه و فلتهركردن و كلۆركردنی ئاوه‌كه، به ستانداردی ڕێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی (WHO) و عێراقی جێبه‌جێ ده‌كرێت.
له پرۆژه‌ی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هه‌ولێر، 200 كیلۆمه‌تر بۆڕیی سپایڕۆڵ به‌كاردێت و 280 کیلۆمەتر بۆڕیی ئەسیلین بە تیرەی 160 ملیم و 220 ملیم و 250 ملیم بۆ به‌ستنه‌وه‌ی پرۆژه‌كه به گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری هه‌ولێر به‌كار دێت. ڕۆژانه 480 هه‌زار مه‌تر سێجا ئاو به ته‌واوی بۆ گهڕهكانی شاری هه‌ولێر ده‌نێرێت.
جێبه‌جێكردنی ئه‌م پرۆژه‌یه كێشه‌ی كه‌مئاوی له شاری هه‌ولێر به ته‌واوی چاره‌سه‌ر دەكات و ده‌بێته هۆی داخستنی زیاتر له هەزار بیری ئاو، به مه‌به‌ستی پاراستنی ئاوی ژێرزه‌وی و بەفیڕۆنەدانی.
وەڵامدانەوەی خەڵک بۆ پرۆژەکە
هاووڵاتیانی هەولێر، سەرباری ئەوەی هاوینێکی سەخت و بێ ئاویان بەڕێکرد، بەڵام لەگەڵ ڕاگەیاندنی پرۆژەکە پێشوازییەکی زۆیان لێکرد و ئەمەش لە گفتوگۆی ئاسایی سەر شەقام و تەنانەت سۆشیال میدیای هاووڵاتیانیشدا ڕەنگی داوەتەوە، ئەندازیارێکی بیناسازی لە شاری هەولێر، قسەی بۆ ڕۆژنامەی هەولێر کردووە و دەڵێت؛ ڕاگەیاندنی پرۆژەکە لە کاتێکی وەها دابوو، ڕووحی بەبەر شاری هەولێردا کردەوە و ئومێدێکی دیکەی بە سەرجەم کەرتەکانی دیکەش داوە، بەو پێیەی سامانی ئاو زەمانەتی بەردەوامی و نەوەستان و فراوانبوونە. ئەو ئەندازیارە دەڵێت؛ جگە لەو پرۆژەیەی سەرۆکوەزیران بەردی بناغەکەی داناوە، هیچ پلان و ڕێگایەکی دیکە بەو ئەندازەیەی ئێستا پێسوازی لێ نەدەکرا و نەدەبووە چارەی بنەڕەتی بۆ چارەی ڕیشەیی کەمئاوی شاری هەولێر.
هاوولاتیەکی شاری هەولێر، جگە لەوەی پیرۆزبایی لە هاوشاریانی کردووە بۆ ئەو پرۆژەیە، هیوای ئەوە دەخوازێت بە پلان و پرۆژەی هاوشێوەی کێشە و گرفتی سەرجەم شارەکانی دیکەی کوردستانیش چارە بکرێت.
ئەم هانگاوەی حکوومەتی هەرێی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، یەکێک دەبێت لەو کارانەی مێژووی کوردستان و شاری هەولێر بە مەزنی باسی دەکەن، بەو پێیەی شاری هەولێر لە سەردەمی دروستبوونییەوە تاکو ئەمڕۆ بەهۆی بەرفراوانی دەشتاییەکانی و دووری لە سەرچاوەکانی ئاوە، هەمیشە کێشەی کەمئاوی هەبووە و بەم هەنگاوە لایەنی کەم تا ٣٠ ساڵ شارەکە لە مەترسیی کەمئاوی ڕزگاری دەبێت.
سامانی ئاو لە پلانی حکوومەتدا
یەکێک لە نوێترین مەترسییە ژینگەییەکان، کەمبوونەوەی سامانی ئاوە بەهۆی گۆڕانکارییە ژینگەییەکانەوە، کە عێراق بە سەنتەری مەترسییەکە دەستنیشان کراوە بە پێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان. لەو بوارەدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە خێرایی هەوڵی خۆ گونجاندنی داوە و دەستی کرد بە جێبەجێکردنی پلانی دوور مەودا و درێژخایەن، کە تا ڕادەی دڵنیایی کوردستان لەو مەترسییە دەڕەخسێنێت. ئەویش لە ڕێگای دروستکردنی پۆند و بەنداو و هەوڵدان بۆ ئەوەی سوود لە ئاوی سەرزەوی وەربگیرێت و پارێزگاری لە ئاوی ژێر زەوی بکرێت.
بەپێی ئامارەکانی حکوومەت، لە هەرێمی کوردستان 23 بەنداو و 118 پۆند هەن کە هەریەک لە بەنداوەکانی: چەمرگە، خنس، دێوانە، تووڕەجار، شەوگێڕ، ئاقوبان، چوونەتە خزمەت هاووڵاتییان، تەنها لە ٥ ساڵی ڕابردوودا 8 پۆند تەواو کراون، 43 پۆندی دیکەش دروست دەکرێن. لە ساڵی 2024، کۆی گلدانەوەی ئاو لە هەرێمی کوردستان، بۆ زیاتر لە 3 ملیار مەتر سێجا بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا ساڵی 2023، زیاتر لە 2 ملیار مەتر سێجا ئاو گل درابووەوە.
گرنگترین کارنامەی حکوومەتی هەرێم
لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، یەکێک لە گرنگترین کارنامە و پلان و ستراتیژەکان ئەوە بووە، حکوومەت بتوانێت تەنانەت دەستی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری بگەیەنێتە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی، لەوەشدا نەک تەنیا سەنتەری شارەکان، بەڵکو گوند و ناحیە و قەزا و هەموو ناوچەیەکی کوردستان. لەوەشدا حکوومەتی هەرێم سەرکەوتوو بووە و خودی سەرۆکوەزیران چەندین جار سەردانی سەرجەم ناوچە و شوێنە دوورە دەستەکانیشی کردووە و داواکاری و گرفتی هاووڵاتیانی لە ناوچە جیاوازەکانەوە وەرگرتووە و گوێی بۆ گرتوون.