سێ بازرگانی مەترسیداری ماددەی هۆشبەر دەستگیر کران

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاشکرای دەکات، سێ بازرگانی مەترسیداری ماددەی هۆشبەریان دەستگیکردووە.

یەکشەممە 8ـی ئەیلوولی 2024، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان بڵاوی کردەوە، بازرگانێکی مەترسیدار لەدەرەوەی وڵات، هاوکات دوو بازرگانی دیکە لە ناوخۆ دەستگیرکران بە (10) کیلۆگرام کریستاڵەوە کە دەستی بەسەرداگیرا .

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ڕایدەگەیەنێت:لەبەردەوامی هەوڵەکانیان لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، لە پرۆسەیەکی هەواڵگری ورد و بەدواداچوونی بەردەوام کە چەند مانگێکی خایاند، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لە ڕێکەوتی 5ـی ئەیلوولی2024 دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر بە (10) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆری کریستاڵەوە لە شاری هەولێر و سلێمانی دەستگیرکران، دواتر شوێنی بازرگانە سەرەکیەکە کە لە وڵاتی لوبنان نیشتەجێ بوو دەستنیشانکرا، دوای هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیەکەیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و ناردنی فەرمانی دەستگیرکردنی تاوانبارەکە بۆیان، لە 6ـی ئەیلوولی 2024 هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ناوخۆی لوبنان، توانییان ئەو بازرگانە مەترسیدارە کە چەندین پێشینەی تاوان و فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوو دەستگیربکەن .

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاشکرای دەکات، بازرگانەکە بەڕەگەز کوردەو سەرچاوەی دابینکردنی بەشی زۆری ئەم ماددە هۆشبەرانە بوو کە لە هەرێمی کوردستان و بەشێک لەپارێزگاکانی دیکەی عێراق ساغ دەکرایەوەو بڵاودەکرایەوە، هاوکات ژمارەیەکی بەرچاو لەو بازرگانانەی کە لە هەرێم دەستگیراون و دراونەتە دادگا لەم کەسەوە فێری ئەم بازرگانییە بوون و لەم کارە قێزەوەنە تێوەگڵاون.