سیداد بارزانی: كۆمه‌ڵگه‌ی دایك له‌ سۆران له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ و به‌دواداچوونی به‌رده‌وامی سه‌رۆك بارزانی بونیات نراوه‌

سیداد بارزانی ئاماژه‌ به‌ ڕۆڵی باڵه‌كایه‌تی له‌ شۆڕشه‌كانی كورد ده‌كات؛ هاوكات ده‌ڵێت، كۆمه‌ڵگه‌ی دایك له‌ سۆران له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ و به‌دواداچوونی ڕاسته‌وخۆ و به‌رده‌وامی سه‌رۆك بارزانی بونیات نراوه‌.

سیداد بارزانی، نوێنه‌ری سه‌رۆك بارزانی، له‌ میانی پێشكه‌شكردنی گوتارێك له‌ ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی دایك له‌ سۆران گوتی، ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ و به‌دواداچوونی ڕاسته‌وخۆ و به‌رده‌وامی سه‌رۆك بارزانی بونیات نراوه‌ و سه‌رۆك بارزانی مه‌به‌ستی بوو ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ به‌ ناوی دایك بێت، وه‌كوو وه‌فایه‌ك بۆ دایكه‌ حه‌مایل و سه‌رجه‌م دایكانی شه‌هید و ئه‌نفال و دایكانی جگه‌رسووتاوی كوردستان كه‌ به‌رگه‌ی ڕه‌نج و زه‌حمه‌تی و ئاواره‌ییان كردووه‌.

سیداد بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، مایه‌ی خۆشحاڵییه‌ بۆ یه‌كه‌م جاره‌ له‌ ده‌ڤه‌ری سۆران به‌ شێوه‌ی ئه‌كادیمی و زانستی ناوه‌ندیی خوێندن بۆ نابیستان و نابینایان و سه‌نته‌ری ئۆتیزم ده‌كرێته‌وه‌.

نوێنه‌ری سه‌رۆك بارزانی باسی له‌وه‌ش كرد، به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ تایبه‌ته‌ به‌ خانه‌ی به‌ساڵاچووان و منداڵانی بێسه‌رپه‌رشت، كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ ژماره‌ی به‌ساڵاچووان كه‌مه‌ و منداڵانی بێسه‌رپه‌رشتیش نییه‌.

سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕاكێشا، كۆمه‌ڵه‌ له‌ ئێسته‌دا له‌ بری به‌شی به‌ساڵاچووان و منداڵانی بێسه‌رپه‌رشت، كار بۆ فره‌وانكردنی به‌شی ئۆتیزم ده‌كات و گرنگی زیاتر به‌ نه‌خۆشییه‌ زكماكییه‌كان ده‌دات.

سیداد بارزانی جه‌ختی كرده‌وه‌، ڕۆڵی باڵه‌كایه‌تی له‌ شۆڕشه‌كانی كورددا به‌تایبه‌تی له‌ شۆڕشی ئه‌یلوول ڕۆڵێكی گه‌وره‌ و كاریگه‌ر بووه‌

یەكشەممە، 08-09-2024، کۆمەڵگەی دایک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەلایەن مەلا مستەفا بارزانی و سیداد بارزانییەوە کرایەوە کە لەسەر ئەرکی سەرۆک بارزانی بنیات نراوە.

کۆمەڵگەکە تایبەت دەبێت بە بۆ كه‌سانی خاوه‌ن پێدوایستی و لێقه‌وماو؛ له‌ شه‌ش باڵه‌خانه‌ی تایبه‌ت به‌ (په‌یمانگه‌ی نابینایان، په‌یمانگه‌ی نابیستان، سه‌نته‌ری ئۆتیزم، خانه‌ی بێ سه‌رپه‌رشتان، خانه‌ی به‌ساڵاچووان، خانه‌ی كه‌لتووری) پێک دێت.

خاوه‌نداریه‌تیی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی دایک بۆ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ده‌گه‌رێته‌وه‌. ته‌واوی خزمه‌تگوزارییه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ بێبه‌رانبه‌ر و له‌سه‌ر ئه‌ركی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی پێشكه‌ش ده‌كرێن.

کۆمەڵگەی دایک بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار لەسەر ڕووبەری‌ 11 هه‌زار مه‌تر دووجا بنیات نراوە و ڕۆژی 04-04-2021 دەست  بە دروستکردنی باڵەخانەکە کراوە.